شەڕی ئێران و ئەمریکا, مێسی و ڕۆناڵدۆ و هامیڵتۆنی پەکخستووە
لەو کاتەوە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل شەڕیان لە دژی ئێران دەستپێکردووە، هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کاریگەرییان لەسەر چالاکییە وەرزشییەکان دروستکردووە و لە هەندێک وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، پاڵەوانێتیی گەورە و جیهانی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەیان هاتووەتە ئاراوە.
ڕێکخەرانی پاڵەوانێتیی جیهانیی فۆرمولا 1 و یارییە گەورەکانی تۆپی پێ لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕووبەڕووی بڕیارێکی گرنگ دەبنەوە، کە ئایا دەتوانن پلانەکانیان بۆ ئەم وەرزە جێبەجێ بکەن، یان ناچارن گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە خشتەکانی ئەم وەرزەدا بکەن.
فیناڵسیما لە مەترسیدایە
بڕیارە یاریی 'فیناڵسیما' لە 27 ی ئازاری 2026 لە کەنداو لە نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی ئەورووپا و ئەرجەنتینی پاڵەوانی ئەمریکای باشوور بەڕێوەدەچێت، یارییەکە دەرفەتێکی راستەقینە بۆ لیۆنێل مێسیی ئەفسانەی ئەرجەنتین بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکە لە ژیانی خۆیدا، بەڵام بەهۆی هێرشی موشەکی و ئاسمانیی ئیسرائیل و ئێرانەوە، هەموو ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەن کە نەکرێت.
بڕیاریش بوو ئەرجەنتین لە 31 ی ئازار یارییەکی دۆستانەی دیکە بەرامبەر قەتەر ئەنجام بدات، بەڵام وڵاتی قەتەر یەکشەممەی ڕابردوو بڕیاریدا هەموو چالاکییە وەرزشییەکان ڕابگرێت.
ئاژانسی هەواڵی 'ئەسۆشیەتد پرێس' لە زاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاوە بڵاویکردەوە، "یوێفا بە هاوکاری لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور و لیژنەی رێکخەری فیناڵسیما لە نزیکەوە چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو پێشهاتەکان دەکات."
لەلایەکی دیکەوە، یانەی نەسڕی سعودی کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگال یاریی بۆ دەکات، بڕیار بوو سبەینێ چوارشەممە لە دوبەی یارییەکی چامپیۆنزلیگی ئاسیا ئەنجامبات، بەڵام ئەو یارییانەی کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرجەمیان هەڵوەشێنرانەوە، بەوەش گەورەترین گورز بەر مێسی و ڕۆناڵدۆ کەوتووە.
فۆرمولا 1 و تێنس
قەیرانەکە تەنیا تۆپی پێی نەگرتووەتەوە، بەڵکو درێژی کێشاوە بۆ فۆرمولا 1 کە بڕیاربوو لە مانگی داهاتوو دوو پێشبڕکێی لە بەحرەین و سعودیە سازبکرێت.
فۆرمولا 1 و تیمەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی چەند هەفتەیەک پێش پێشبڕکێکان لە ڕێگەی گەشتی ئاسمانییەوە دەست دەکەن بە گواستنەوەی کارمەندان و کەلوپەلی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام ئەم جارە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمۆبیلە خێراکان ڕوونیکردووەتەوە کە ئەولەویەتیان "سەلامەتی و خۆشگوزەرانی" یە، ڕاگەیاندراوەکەش گومانی زیاتر سەبارەت بە چارەنووسی شۆفێرانی وەک لیویس هامیڵتۆن و ماکس ڤێرشتاپن دروستکردووە، کە ئایا پێشبڕکێی بەحرەین و سعودیە دەکەن، یان نا؟
جگە لە فۆر،ولا 1، تێنسی سەرزەویی پیاوان و خانمان و خولی گۆڵفی ئەورووپا تازە پاڵەوانێتیەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێهێناوە و بڕیارە چەند مانگێکی تر بگەڕێنەوە.
دانیێل مێدڤێدێڤ، یاریزانی ڕووسیی تێنسی سەرزەوی کە هاوکات پاڵەوانی پێشووی کراوەی ئەمریکایە، یەکێکە لەو کۆمەڵە یاریزانانەی لە دوبەی دوای کۆتایی هاتنی پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی دوبەی لە ئیمارات گیریانخواردووە و ناتوانن گەشتی ئاسمانی بکەن.
ئەگەر مێدڤیدێڤ و ئەو کۆمەڵە یاریزانە نەتوانن بەم زووانە لە دوبەی بچنە دەرەوە و گەشتەکانیان بکەن، کاریگەری لەسەر پاڵەوانێتیی ئیندیانا وێڵز دروست دەبێت، کە چوارشەممەی داهاتوو لە کالیفۆرنیا دەستپێدەکات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گۆڕەپانی وەرزشیی جیهان هەبووە و وەک ناوچەیەکی میواندار و گەشتیاری دەبینرا، قەتەر میوانداریی مۆندیالی 2022ـی کرد، فیفا ئەو مۆندیالەی بە "سەرکەوتووترین لە مێژوودا" وەسف کرد، هەروەها سعودیە مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ی بەدەستهێناوە و بەنیازن بیکەنە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژوو.
03/03/2026