ئەنچیلۆتی دارە جادووییەکەی بەکاردەهێنێت
کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل بڕیاریداوە دووبارە داڤیدی ئەنچیلۆتی کوڕی بگەڕێنێتەوە بۆ لای خۆی و وەک یاریدەدەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل دەستبەکاربێت، لەکاتێکدا ئەنچیلۆتی ئامادەکارییەکانی بەردەوامە تاوەکو باشترین پێکهاتە بۆ مۆندیالی 2026 ئامادە بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فرانس پرێس، داڤیدی 36 ساڵ جارێکی دیکە لەگەڵ باوکیدا کاردەکات و لە دوو یاریی دۆستانەی داهاتووی بەڕازیل ئامادە دەبێت، کە لە بۆستن بەرامبەر فەڕەنسا و لە ئۆرلاندۆ بەرامبەر کرواتیا یاریدەکات، ئەو دوو یارییەش لەمیانەی ئامادەکارییەکانی سامبایە بۆ مۆندیالی داهاتوو.

داڤیدی یەکێکە لەو کەسایەتییانەی بەردەوام لە کاروانی ڕاهێنەرایەتی کارلۆی باوکیدا دەرکەوتووە و ناسراوە، تەنانەت لە یانەکانی ناپۆلی ئیتاڵی و بایرن میونشنی ئەڵمانیش وەک یاریدەدەری ئەو ڕاهێنەرە ئیتاڵییە کاری کردووە.

بەڕازیل ئامانجی بەدەستهێنانی شەشەم نازناوی مۆندیالە لە مێژوودا، لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی سێیەمدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی مەغریب، هایتی و سکۆتلەندا دەبێتەوە.
03/03/2026