لە ساڵی 2040ـدا زیاتر لە 220 ملیۆن منداڵی قەڵەو لە جیهاندا دەبن
قەڵەویی منداڵان گرفتێکی بڵاوە و ڕێژەکەی لەم چەند دەیەی کۆتاییدا بەشێوەکەی بەرچاو زیادیکردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی، ئەگەر هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لە گرفتەکە نەنرێت، ژمارەی منداڵانی قەڵەو لە جیهاندا تاوەکو ساڵی 2040 دەگەنە زیاتر لە 220 ملیۆن منداڵ.
لە ساڵی 2025ـدا 180 ملیۆن منداڵی قەڵەو لە جیهاندا بوون، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتە نوێیەکەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی قەڵەوی، تاوەکو ساڵی 2040 ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 19 ساڵدایە و قەڵەون، دەگاتە 227 ملیۆن.
بەگوێرەی ڕێنامە پزیشکییەکان، بە کەسێک دەگوترێت قەڵەو کە پێوانەی کێش بۆ باڵای لە 30 زیاتر بێت، ئەوانەشی پێوانەکەیان لەنێوان 25 بۆ 30ـدایە بە کێشزۆر هەژمار دەکرێن.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، خێراترین ڕێژەی قەڵەوبوونی منداڵان لەو ناوچانەدایە کە هەژار یان مامناوەندن، هەرێمی کوردستانیش سەر بەم ناوچانەیە.
ڕاپۆرتەکە هانی ڕێکخراوە تەندروستییەکان و حکومەتەکان دەدات کە گرنگییەکی زیاتر بە ڕێگریکردن لە قەڵەویی منداڵ بدەن.
ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی قەڵەویی منداڵ لە ئاستی حکومیدا چین؟
- دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پڕ سەوزایی
- باجخستنەسەر خۆراکە شەکردار و ناتەندروستەکان
- سنووردارکردنی خۆراکە خێراکان
- زیادکردنی هۆشیاریی تەندروستیی دایک و باوکان
04/03/2026