ڕیاڵ مەدرید نەخۆش دەکەوێت بەڵام نامرێت

ئەوەى بەسەر یانەى ڕیاڵ مەدریددا هاتووە، شتێکى ئاساییە و زۆربەى یانەکانى جیهان دووچارى دەبن، بەڵام بۆ یانەى شاهانە شتێکى ئاساییە و زۆرکات بەو دۆخەدا تێپەڕیوە و دواتر زۆر بەهێزتر لە جاران گەڕاوەتەوە، چونکە خاوەنى لەشکرێکى بەهێزە لە پشت یانەکەوە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز ئاڵا بەدەستى جەنگەکەیە و هەرگیز ناهێڵێت یانەکەى یەکەمى شارى مەدرید بکەوێتە سەر چۆک.

"سەردەمى پارەیە"

بۆچى گەشبینم بەوەى ڕیاڵ مەدرید ناکەوێت و لە جاران بەهێزتر دەگەڕێتەوە؟ بۆچى دڵنیام ڕیاڵ وەک میلان و ئەیاکس و مانچێستەر یونایتد و مارسیلیا و لیۆن و چەندانیترى لێ نایەت.؟ چونکە ئێستا سەردەمى پارەیە و خاوەنى ئەو یانەیەش گەنجینەیەک لە یۆرۆ و دۆلارى هەیە، کەى بیەوێت تیپەکە دەبوژێنێتەوە، کێی بوێت بە تەلەفونێک درێسى یانەى ڕیاڵ مەدریدى پێ لەبەر دەکات، بۆیە ئەم نەخۆشیەى ڕیاڵ مەدریدى گرتووەتەوە، ماوەیەکى زۆر ناخایەنێت و دەگەڕێتەوە سەر سەکۆى نازناوەکان.

"ڕیاڵ نابێت بە میلان"

لە ڕابردوودا، میلانمان بینى، کاتێک سلڤیۆ بیرلسکۆنى سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتەى ئیتاڵیا و ئەدریانۆ گالیانى بەڕێوەیان دەبرد، لە چ ئاستێکدا بوو، گەورەى ئەوروپا و چامپیۆنزلیگى جاران بوو، بەڵام لەگەڵ نەمانى ئەو دوو کەسایەتیە، میلان بەجۆرێک داڕووخاوە، تەنانەت جێگەى بەزەییە لاى نەیارەکانیشى.

لیۆنى سەردەمى کەریم بنزیمە و جۆنینیۆ، تۆقێنەرى فەڕەنسا و ئەوروپا بوو، بەڵام ئەوەش زۆرى نەخایاند و ئێستا نەک تپێکى بەهێز نیە بەڵکو لە ڕیزى تیپە ئاساییەکاندا حسابى بۆ دەکرێت.

"ڕیاڵ مەدرید دۆخى قورسترى تێپەڕاندووە"

لاى ڕیاڵ مەدرید هەموو شتێک جیاوازە، لە سەردەمى سەرۆکایەتیی کاڵدیرۆن، دۆخى ڕیاڵ مەدرید زۆر لە ئێستا خراپتر بوو، بەڵام دواى هاتنى فلۆرێنتینۆ پێرێز، ڕیاڵ مەدریدێکمان بینى هەر نەتدەگووت ئەم تیپە کێشەى هەبووە، یانەى شاهانەى بەجۆرێک پیشانى جیهاندا، کە هیچ کەسێک نەوێرێت سەیرى درێسى سپیى قەڵاى مەدرید بکات.

ئێستاش کە یانەى ڕیاڵ مەدرید لە قەیرانى هونەری و کارگیڕییدایە، بە بوونى پێرێز، کێشە و ئاستەنگەکان بە ئاسانیی تێپەڕ دەبن، چونکە ئەو سەرۆکە سەرەڕاى ئەوەى خودى خۆى خاوەنى کەسایەتییەکى بەهێزە، لە پشتیەوە چەندین ڕاوێژکارى گەورەى هەیە کە تواناى دەربازکردنى ئەو یانەیەیان هەیە لە قەیرانەکان.

"تەنها بەرگە بگرن"

بۆیە هاندەرانى ڕیاڵ مەدرید تەنها ئەوەى لەسەر شانى ئێوەیە، ئەوەیە کە بەرگە بگرن و لەگەڵ قورسایی و قەیرانى یانەکەیان بن و پشتى تێ مەکەن، ڕیاڵ مەدرید بە بەهێزى دەگەڕێتەوە و هەر بە گەورەی تۆپى پێ دەمێنێتەوە.