حیزبوڵای لوبنان: تاوەکو دوا هەناسە ڕووبەڕووی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبینەوە و خۆمان بەدەستەوە نادەین

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەرگریکردن لە خۆیان بە مافێکی ڕەوا دەزانن و ئامادە نین تەسلیم ببن.

بەرگریکردن تاوەکو دوا هەناسە

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان لە وتارێکدا کە لە کەناڵی فەرمی حیزبەکەیەوە پەخشکرا، ڕایگەیاند کە ئەوان ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبنەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە بژاردەی ئەوان مانەوەیە لە گۆڕەپانەکەدا و تاوەکو دوا هەناسە شەڕ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک خۆیان بەدەستەوە نادەن.

وەڵامدانەوەی هێرشەکان وەک مافێکی ڕەوا

نەعیم قاسم ئاماژەی بەوە کرد، حیزبوڵا و "مقاوەمەی ئیسلامی" وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و ئەمەش بە مافێکی ڕەوای خۆیان دەزانن. گوتیشی، لایەنی بەرامبەر جەنگی هەڵبژاردووە و لە هێرشەکانیاندا گەیشتوونەتە دوورترین سنوورەکان، بەڵام حیزبوڵا بە پشت بەستن بە توانا و ئیمانی خۆی، بە هەر نرخێک بێت بەرگری لە خۆی دەکات.