توێژینەوەیەک: بە 7 کاتژمێر و 18 خولەک خەو ڕێگری لە شەکرە بکە

پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان خەو و شەکرەدا هەیە
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان خەو و شەکرەدا هەیە

پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان نەخۆشیی شەکرە و خەودا هەیە، بەشێک لە تووشبووانی شەکرە تووشی ناڕێکیی خەو دەبن، لە هەمانکاتدا کەمخەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و چەند گرفتێکی دیکەی تەندروستی زیاددەکات.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە دەریدەخات، دەکرێت لەڕێگەی وەرگرتنی بڕی حەوت کاتژمێر و 18 خولەک خەوی شەوانەوە، ڕێگری لە کەمبوونەوەی هەستیاریی خانەکان بۆ ئینسۆلین و شەکرە بکرێت.

کەمبوونەوەی هەستیاریی خانەکان بۆ ئینسۆلین میکانیزمی سەرەکیی تووشبوونە بە شەکرەی جۆری دوو، تێیدا خانەکانی ماسوولکە، جگەر و چەورییەخانەکان ئینسۆلین کاریان لێ ناکات و بەم شێوەیەش ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرزدەبێتەوە.

توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 23 هەزار بەشداربووی تەمەن 20 بۆ 80 ساڵ کراوە لەنێوان ساڵەکانی 2009 بۆ 2023ـدا.

بۆیان دەرکەوت ئەو کەسانەی تێکڕای کاتی خەوتنیان حەوت کاتژمێر و 18 خولەک بووە، شەکری خوێنیان لە ئاستێکی جێگیردا بووە و بەراورد بەوانەی خەویان کەمتر بووە ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری دوو کەمتر بووە.

چەندین توێژینەوە لەبارەی گرنگیی خەوی پێویست کراون و ئێستا دەرکەوتووە کەمخەوی ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی زیاددەکات، لەوانە: نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، نەخۆشییە دەروونییەکان و تەنانەت هەندێک جۆری شێرپەنجەش.