ئەندرۆ فیلیپس: ئابووری ئێران تەنیا دەتوانێت بەرگەی جەنگێکی "پچڕپچڕ" بگرێت
ئێران لە کاتێکدا ڕووبەڕووی جەنگ بووەتەوە کە ئابوورییەکەی لە لێواری داڕمانێکی تەواوەتی دایە و شارەزایانیش پێشبینی دەکەن بەهۆی قەیرانی دارایی و سووتەمەنییەوە، تاران نەتوانێت زیاتر لە چەند هەفتەیەک لە شەڕێکی چڕوپڕدا بەردەوام بێت.
دۆخی ئابووری ئێران بەر لە جەنگ
ئێران لەسەر وێرانەی قەیرانێکی ئابووریی 10 ساڵە وەستابوو. سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) لە ڕاپۆرتی مانگی 10ـی 2025 دا دۆخی وڵاتەکەی وەک "داڕمانێکی درێژخایەن" پێناسە کردبوو. گەشەی ئابووری بۆ ساڵی 2025 تەنیا لە نێوان 0.3% بۆ 0.6% بووە. تێکڕای هەڵاوسان گەیشتووەتە 48.6% و نرخی خۆراکیش بە ڕێژەی 70% بەرزبووەتەوە.
داڕمانی بەهای تمەن و کورتهێنانی بودجە
بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی، بە جۆرێک لە کۆتایی ساڵی 2025 نرخەکەی گەیشتە 175,000 تمەن بۆ یەک دۆلار. سندوقی نێودەوڵەتی دراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بودجەکەی، پێویستی بەوەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 163 دۆلار بێت، کە ئەمەش دوو هێندەی نرخی ئێستای بازاڕە جیهانییەکانە.
پەککەوتنی کەرتی نەوت و کاریگەریی سزاکان
نەوت کە شادەماری ئابووری ئێرانە، بەهۆی سزاکانی ساڵی 2018ـەوە نزیکەی 450 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتی ڕابردوو، هەناردەی نەوتی ئێران لە 1.5 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنیا 102 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەت 51%ـی داهاتی نەوت و گازی لە بودجەی 2025 دا بۆ سوپای پاسداران تەرخان کردبوو.
قەیرانی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان
وەزارەتی کاری ئێران لە ساڵی 2024 ڕایگەیاندبوو کە 57%ـی خەڵک تووشی بەدخۆراکی بوون. پچڕانی کارەبا و گرانبوونی دەرمان لە کۆتایی 2025 دا بوونە هۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە 31 پارێزگای وڵاتەکە. بەپێی هەندێک سەرچاوە، لەو ناڕەزایەتییانەدا کە بە گەورەترین جووڵەی دوای ساڵی 1979 دادەنرێت، زیاتر لە 36,000 کەس کوژراون.
تێچووی ڕۆژانەی جەنگ بۆ لایەنەکان
ئەمریکا: تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان بە 60 ملیار دۆلار لە ڕۆژێکدا مەزەندە دەکرێت.
ئیسرائیل: تێچووی ڕۆژانەی جەنگ بە 725 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
ئێران: تێچووی ڕۆژانەی شەڕ (بە لەدەستدانی داهاتی نەوت و بودجەی سەربازییەوە) لە نێوان 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلاردایە.
پێشبینییەکان بۆ ماوەی بەردەوامیی شەڕ
ئەندرۆ فیلیپس، شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە ئێران تەنیا دەتوانێت جەنگێکی "پچڕپچڕ" لە ڕێگەی درۆن و گرووپە چەکدارەکانەوە بکات، بەڵام بەرگەی جەنگێکی چڕی درێژخایەن ناگرێت. دامەزراوەی (ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس) پێشبینی دەکات قۆناغی شەڕی چڕ ئەوپەڕی 2 مانگ بخایەنێت، دۆناڵد ترەمپیش پێشبینی 4 بۆ 5 هەفتەی کردووە.
سەرکردایەتی نوێ و بژاردەی دانوستان
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە 1ـی ئازاری 2026، ئێران ئێستا دەیەوێت کارتی گەرووی هورمز بۆ دەستکەوتی دیپلۆماسی بەکاربهێنێت، بەر لەوەی ئابوورییەکەی بە تەواوی هەرەس بهێنێت.
05/03/2026