خۆراکە دەستکاریکراوەکان ڕەفتاری منداڵان تێکدەدەن

خۆراکە دەستکاریکراوەکان کاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و دەروونی منداڵ هەیە
خۆراکە دەستکاریکراوەکان کاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و دەروونی منداڵ هەیە

منداڵان بەردەوام لە گەشەی هزری و جەستەییدان و فاکتەرە دەرەکییەکانی وەکو خۆراک و ژینگەی دەورووبەریان کاریگەری لەسەر گەشە و تەندروستییان هەیە.

توێژینەوەیەکی زانکۆی تۆرۆنتۆ پەیوەندییەکی لەنێوان خواردنی خۆراکە دەستکاریکراوەکان لە تەمەنی چوونە قوتابخانە و ڕەفتاری منداڵدا دۆزیوەتەوە.

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو منداڵانەی لە تەمەنی چوونە قوتابخانە یان زووتردا بڕێکی زۆر لە خۆراکە دەستکاریکراوەکان دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە گرفتە دەروونی و سۆزدارییەکان هەیە، زیاتر تووشی ترس، دڵەڕاوکێ یان فرەجووڵەیی و توندوتیژی دەبن.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی جامادا بڵاوکراوەتەوە و یەکەمین توێژینەوەیە کە بەشێوەیەکی ورد پەیوەندیی نێوان خۆراکە دەستکاریکراوەکان و ڕەفتاری منداڵاندا دەرخستووە.

توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە هەندێک جۆر لە خۆراکی دەستکاریکراو کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ڕەفتاری منداڵان هەیە، بەتایبەتی خواردنەوە شیرینەکان بەو جۆرانەشەوە کە شیرینکەری دەستکریان تێدایە. هەروەها ژەمە ئامادەکراوەکانی وەکو فنگەر و مەعکەرۆنیی ئامادەکراویش بەڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری منداڵان هەبووە.

چەند نموونەیەکی خۆراکە دەستکراویکراوەکان ئەمانەن:

  • زەیت و ڕۆنە ناسروشتییەکان (زەیتی گوڵەبەڕۆژە و ڕۆنی تەنەکە)
  • فاست فوود
  • کێک،  نوقڵ و شیرینییەکانی دیکە
  • خواردنەوە گازییەکان
  • شەربەت و شیرمۆز
  • سۆسج و گۆشتە دەستکاریکراوەکان
  • چیپس