ئەم خۆراکانە لە پرتەقاڵ زیاتر ڤیتامین سییان تێدایە

شلک و کیوی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی
شلک و کیوی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی

ڤیتامین سی ڕۆڵێکی گرنگی لە سیستمی بەرگریی جەستە، تەندروستیی پێست، هەرس، تەندروستیی دڵ و کەمکردنەوەی هەوکردندا هەیە.

کاتێک باسی ڤیتامین سی دەکرێت بەشێکی زۆری خەڵک پرتەقاڵ و لیمۆ دێت بە مێشکیاندا، بەڵام چەند سەوزە و میوەیەکی دیکە بڕێکی زیاتریان تێدایە و هەندێکیان ڕێژەی شەکریان کەمترە.

ئەم سەوزە و میوانە ڕێژەی ڤیتامین سییان لە پرتەقاڵ زیاترە:

  1. بیبەری سوور: 150 گرام لە بیبەری سوور بەبڕی 237%ـی پێویستیی ڕۆژانە ڤیتامین سیی تێدایە، واتە زیاتر لە دوو هێندەی پێداویستیی ڕۆژانەت لە بیبەرێکی سووری گەورەدا دەستدەکەوێت. بێجگە لە ڤیتامین سی، بیبەری سوور بە دژەئۆکسێن و دژەهەوکەرەکان دەوڵەمەندە و کاریگەریی باشی لەسەر تەندروستیی پێست و چاو هەیە.
  2. کیوی: دوو کیویی پاککراو کە نزیکەی 120 گرام دەکات، بەبڕی 131%ـی پێویستیی ڕۆژانە ڤیتامین سیی تێدایە. لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2020ـدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی ڤیتامین سییان کەمبووە و ڕۆژانە دەستیان بە خواردنی دوو کیوی کردووە، باری دەروونییان باشتر بووە و کەمتر هەستیان بە ماندوویی کردووە. بەهۆی زۆریی ڕیشاڵیشەوە میوەیەکی بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی قەبزییان هەیە و ئێستا پزیشکانی بەریتانیا بۆ ئەو کەسانەی پێشنیار دەکەن کە گرفتەکەیان هەیە.
  3. شلک: کووپێک شلک کە 140 گرام دەکات، نزیکەی 92%ـی پێویستیی ڕۆژانەی ڤیتامین سیی تێدایە. بێجگە لە ڤیتامین سی، شلک بە چەند ماددەیەکی دیکەی دژەئۆکسێک دەوڵەمەندە کە چەوریی خوێن و ئاستی هەوکردنی جەستە کەمدەکاتەوە و دڵ لە نەخۆشی دەپارێزێت.