پاکوخاوێنیی دەم و ددان لە زۆرینەی نەخۆشییەکانی دەم و ددان دەتپارێزێت

گران جاف 07/03/2026

پاکڕاگرتنی دەم و ددان گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی دەم و ددان. لەگەڵ پاکراگرتنی دەم و دداندا، چارەخواز هەموو 6 مانگ جارێک پێویستە سەردانی پزیشکی ددان بکات بۆ پشکنینی تەندروستیی دەم و ددانی، چونکە هەندێک نەخۆشیی دەم و ددان لەوانەیە بێنیشانە بن و هۆکاری جیاوازیان هەبێت.

بۆچی پاکوخاوێنیی دەم و ددان گرنگە؟

پاکوخاوێنیی دەم و ددان یەکێکە لە گرنگترین رێگاکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی و گرفتەکانی دەم و ددان وەکو کلۆری، بۆنی ناخۆشی دەم، نەخۆشییەکانی پووک و هەندێک نەخۆشی دیکە.

پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لەنێوان تەندروستیی گشتی و تەندروستیی دەم و ددان بۆ نمونە؛ ئەگەر هەوکردنێک هەبێت لە ناو دەمدا، ئەوا لەڕێگەی خوێنەوە دەکرێت ئەو بەکتریایەی بووەتەهۆی هەوکردنەکە بگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە و لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی چەند حاڵەتێکی مەترسیداری وەکو نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ بکات، هەربۆیە پاراستنی تەندروستیی دەم و ددان گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتیی جەستە.

ئەو نەخۆشی و حاڵەتانە چین کە پەیوەندییان بە تەندروستیی دەم و ددانەوە هەیە؟

  • نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن
  • جەڵتە
  • هەوکردنی پەردەی دڵ
  • هەوکردنی سییەکان
  • فشەڵبوونی ئێسک
  • نەخۆشیی ئەیدز/HIV
  • نەخۆشیی ئاڵزەهایمەر

گرنگە ئەو کەسانەی هەریەکە لەم نەخۆشییانە یان نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکەیان هەیە، پێش ئەنجامدانی هەر چارەسەرێکی ددان بۆیان، پزیشکی ددان ئاگاداربکەنەوە.

نیشانەکانی پاکڕانەگرتنی دەم و ددان:

  • خوێنلێهاتنی پووک
  • کلۆریی ددان
  • بۆنی ناخۆشی دەم
  • ددانی جوڵاو
  • پوکانەوەی پووک
  • ئازاری ددان
  • ئاوسانی شەویلگەکان
  • هەوکردنی دەم بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوە

چۆن دەتوانیت دەم و ددانت بەشێوازێکی تەندروست بەپاکی ڕابگریت؟

  • شوشتنی ددانەکان بەو هەویری ددانانەی فلۆرایدیان تێدایە(لەڕێگەی خوێندنەوەی رەچەتەی هەویری ددانەکەوە دەکرێت بزانرێت فلۆرایدی تێدایە یان نا). دەبێت فڵچەی نەرم یان مامناوەند بەکاربهێنرێت و بە گۆشەی 45 لە پووکەکەوە بە شێوەیەکی ستونی ددانەکان بشۆردرێن. گرنگە هەموو رووەکانی ددانەکان بەباشی بشۆردرێن و پاکبکرێنەوە و هیچ روویەکی ددانەکان پشتگوێ نەخرێت. رۆژانە پێویستە لایەنی کەم دوو جار ددانەکان بشۆردرێن.
  • بەکارهێنانی پەتی ددان بۆ پاککردنەوەی نێوان ددانەکان، چونکە لەکاتی ددانشوشتندا ئەو رووانەی دەکەونە نێوان ددانەکان، فڵچەی ددانیان پێناگات، لەبەرئەوە دەبێت لەڕێگەی بەکارهێنانی پەتی ددانەوە ئەو ناوچانە پاکبکرێنەوە. پەتی ددانەکە دەبێت نزیکەی 18 ئینچ بێت بە شێوازی پیتی C لە نێوان هەر دوو ددانێک بەکاربهێنرێت بەرەو دەرەوە، بۆ هەر دوو ددانێک دەبێت دوو جار دووبارەبکرێتەوە، هەرجارێک بە ئاراستەیەکی جیاواز.
  • شوشتنی زمان: زمان وەک ئیسفنجێک بەکتریا لەخۆی دەگرێت بۆیە گرنگە لەکاتی شوشتنی ددانەکاندا، شوشتنی زمان لەبیرنەکرێت و بشۆردرێت. دەبێت ئەو بەرهەمەی بەکاردەهێنرێت بۆ شوشتنی زمان، کحولی تێدا نەبێت بۆ ئەوەی کەسەکە تووشی وشکبوونەوەی دەم نەبێت.
  • بەکارهێنانی غەرغەرەی دژەبەکتریایی بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی بەکتریا و پاککردنەوەی دەم لە پاشماوە خۆراکییەکان. نابێت ئەو غەرغەرەیەی بەکاردەهێنرێت کحولی تێدابێت چونکە دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی دەم.
  • سەردانکردنی پزیشکی ددان 6 مانگ جارێک بۆ ئەنجامدانی پشکنین و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی دەم و ددان و چارەسەرکردنی گرفت و نەخۆشییەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و بەکارهێنانی بەرهەمەکانی تووتن: جگەرەکێشان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هەوکردنی پووک و شێرپەنجەی دەم.
گران جاف

07/03/2026