شانۆیی "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە" لە کەرکووک نمایشکرا

بە سەرپەرشتیی گرووپی شانۆی هەوار لە کەرکووک، نوێترین بەرهەمی شانۆیی لە شارەکە نمایشکرا.

"بەدوای دەرچەیەکەوەین"

نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆیی "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە"، لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا، جەختی لەوە کردەوە، "لە گەرمەی شەڕ و وێرانبوونی جوانییەکاندا، ئێمە بەدوای دەرچەیەکەوەین بۆ جوان-بەخشی."

نەژاد نەجم سینۆگرافیا و دەرهێنانی بۆ کردووە

لە سایەی ئەم دروشمەدا، شانۆییەکە کاتژمێر 11ی ڕێکەوتی هەشتی ئازار، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی عەرەبی لە کەرکووک نمایشکرا؛ ئەم بەرهەمە نوێترین نمایشی گرووپی هەوارە، لە نووسینی مەلاک ئەحمەدە، سینۆگرافیا و دەرهێنانی لەلایەن نەژاد نەجمەوە بۆ کراوە، بەرهەم یاسین کاری دیکۆری بۆ کردووە و هێمن جەمال بەڕێوبەری بەرهەمهێنانەکەیەتی.

لەم شانۆییەدا، هەریەک لە ئەکتەران: سەلام زەنگەنە، دارا عیزەدین و هاوسەر ئیدریس ڕۆڵی سەرەکییان تیادا گێڕاوە.