ئەمڕۆ هەشتی مارسە؛ دیارترین خانمەکانی بواری پزیشکی لە سەدەی 20 و 21ـدا بناسە

خانمان ڕۆڵێکی گرنگیان لەبواری پێشخستنی زانستی پزیشکیدا هەبووە
خانمان ڕۆڵێکی گرنگیان لەبواری پێشخستنی زانستی پزیشکیدا هەبووە

هەرچەندە خانمان بەدرێژایی مێژوو کاریگەرییەکی بەرچاویان لەبواری تەندروستی و پزیشکیدا هەبووە، لە سەرەتای سەدەی 20ـەوە کاریگەرییان چەند هێندە بووە، ئەمەش لەبەرەوەی ئاسانتر بە خوێندن دەگەیشتن و هاوشێوەی پیاوان بەدوای زانستدا دەچوون، ئەمەش وایکردن چەندین داهێنان لەبواری پزیشکیدا دروستبێت و ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگاربکرێت.

لەم ڕاپۆرتەدا کورتەیەک لە ژیان و داهێنانەکانی ئەو خانمانە باسدەکرێت کە لە سەردەمی مۆدێرندا ژیاون و دەژین:

گێرتی کۆری (1896 بۆ 1957)

ئەم خانمە بلیمەتێکی بواری زیندەکیمیایی بووە و لە پڕاگ لەدایکبووە، پاشان لەگەڵ هاوژینەکەی دەچێتە ئەمریکا و بەیەکەوە نهێنییەکانی زیندەچالاکیی وەرگرتنی وزە و هەڵگرتنی لە جەستەدا ئاشکرادەکەن. توێژینەوەکانی دوو هاوژینەکە وایکرد لە ساڵی 1947ـدا خەڵاتی نۆبڵی بواری پزیشکی و فیسیۆلۆجی وەربگرن و ئەمەش دەیکات بە یەکەمین خانم کە خەڵاتەکە وەردەگرێت.

گێرتی کۆری لە تاقیگەکەیدا

ڤیرجینیا ئاپگار (1909 بۆ 1974)

ڤیرجینیا ئەپگار پسپۆڕی بواری سڕکردن بووە و بەشێک بووە لە تیمێک کە چاودێریی ئەو خانمانەیان کردووە کە لە کۆتایی دووگیانییەکەیاندا بوون. ڤیرجینیا ئاپگار سەرنجی ئەوەی دابوو کاتێک کە منداڵەکان  لەدایکدەبن پزیشکان هیچ پێوانەیەکیان لەبەردەستدا نییە کە بتوانن دۆخی تەندروستیی منداڵەکەی پێ هەڵبسەنگێنن، هەربۆیە بە بەکارهێنانی لێدانی دڵی منداڵەکە، هەناسەدان و ڕەنگی منداڵەکە سیستمێکی هەڵسەنگاندنی داهێنا کە ئێستا لە هەموو جیهاندا بەکاردەهێنرێت.

د. ڤیرجینیا ئاپگار لەکاتی پشکنینی منداڵێکی تازەلەدایکبوودا

ڕۆزالیند فرانلین  (1920 بۆ 1958)

ئەم خانمە لەبیرکراوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دۆزینەوەی شێوەی بۆماوەماددە هەیە. هەرچەندە واتسن و کریک خەڵاتی نۆبڵیان بۆ دۆزینەوەی شێوەی جووت لوولپێچیی بۆماوەماددە وەرگرت، کارەکەی ڕۆسالین لەبواری سریستاڵۆگرافیی تیشکیدا وایکرد کە بە وێنە بۆماوەماددەی مرۆڤ دەربکەوێت.  بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی ‌هێلکەدان لە تەمەنی 37 ساڵیدا گیانیلەدەستداوە، بەڵام کارەکانی هەمیشە لەبواری بۆماوەزانیدا درەوشاوەن.

مردنی پێشوەختەی ڕۆزالیند فرانکلین ڕێگری لە داهێنانی زیاتری کرد

هێلین برووک تاوسیگ (1898 بۆ 1986)

ئەم خانمە دامەزرێنەری زانستی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵانە. لە ساڵانی 1940ـەکاندا بە داهێنانێکی سەرنجڕاکێش چارەسەری ئەو منداڵانەی کرد کە بەهۆی نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵەوە تووشی شینبوونەوە دەبن و ژیانیان بەهۆی داهێنانەکەوە ڕزگاربوو. د. تاوسیگ دژی بەکارهێنانی سالیدۆمایدیش بوو کە دەرمانێک بوو دەبووەهۆی ناڕێکییە زگماکییەکان

د. تاوسیگ یەکێکە لە پێشەنگەکانی بواری نەشتەرگەریی دڵی منداڵان

تو یۆیو (1930 – ئێستا تەمەنی 95 ساڵە)

ئەم خانمە دەرمانسازێکی چینی بوو و بە تێکەڵکردنی زانستی مۆدێرن و چارەسەرە چینییە کۆنەکان، دەرمانێکی دروستکرد بەناوی ئارتێمیسینین، ئەم دەرمانە بۆ چارەسەری مەلاریا بەکاردەهێنرێت و ژیانی ملیۆنان کەسی ڕزگارکردووە. بەهۆی کارەکانیەوە خەڵاتی نۆبڵی لەبواری زانستدا وەرگرتووە و ئەمەش کردوویەتی بە یەکەمین خانمی چینی کە خەڵاتەکەی وەرگرتووە.

بە تێکەڵکردنی چارەسەری مۆدێرن و چینی پەردەی لەسەر دەرمانێکی کاریگەر هەڵداوە