کۆمێنتار نابێت لایەنگیرى بکات

لەگەڵ پێشکەوتنى کایە و سێکتەرەکانى ژیان، وەرزشیش بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و وەک زانستێکى ڕاستەقینە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت و پیادە دەکرێت، لەهەمان کاتیشدا ڕاگەیاندنى وەرزشی هاوتەریب لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە، هەنگاوى ناوە، جگە لە نوسینى هەواڵ و ڕاپۆرت و فیچەر و رێپۆرتاژ و پێشکەشکردنى بەرنامە، کارى کۆمێنتاریش لەناو بازنەى ڕاگەیاندنى وەرزشی، سەنگ و پێگەیەکى هەیە و لەناو بازنەى کارى میدیاییدا حسابى بۆ دەکرێت، بێگومان ئەوەش هاوشێوە بنەما و یاساکانى نوسینى هەواڵ، یاسا و رێساى هەیە و دەبێت، پیشەییانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.

"کۆمێنتارى زیرەکمان هەیە"

لە هەرێمى کوردستان، کۆمەڵێک کۆمێنتاریی یارییەکانى تۆپى پێمان هەیە، کە هەموویان کەسانى لێهاتوو شایستەن بەو کارەن، دەنگیان، ئاستیان، کارامەییان، زانیارییان، زۆربەیان سیفەتەکانى کۆمێنتاریان تێدایە، بەڵام ئەوەى بووەتە جێگەى سەرنج و وایکرد ئەم دێڕانە بنووسین، حاڵەتێکە کە لە بەشێکى زۆرى ئەو کۆمێنتارانەدا هەیە و بەپێی ئەزموونى کارکردنم لەو بوارەدا، پێموایە هەڵەیەکى گەورەیە دەبێت چارەسەر بکرێت، ئەویش لایەنگرییەکى زۆرە بۆ یانە کوردییەکان ، کاتێک ڕووبەڕووى یانەیەکى عەرەبى دەبنەوە.

"هەست دەکەیت لە بەرەى جەنگیت"

لایەنگیریى کۆمێنتارەکانمان، بۆ یارییە نێودەوڵەتییەکان نییە و نەک لایەنگرى ناکەن، بەڵکو لەکاتى یارییەکاندا زانیاریی زۆر بەسوود بە گوێى بینەردا دەدەن و ئەوە جێگەى دەستخۆشییە، بەڵام کاتێک سەیرى خولى ئەستێرەکانى عێراق دەکەیت بە کۆمێنتاریی کوردى، هەست دەکەیت لەبەرەیەکى دوژمنکارانە، یان بەرەى جەنگى دوو نەتەوە وەستاویت، بەتایبەتى کاتێک یانەیەکى کوردى بەرامبەر یانەیەکى شارى بەغداد، یان بەسڕە، یان باشوور یاری دەکات.

هەموو کات حەز بە سەرکەوتن و بردنەوەى یانەیەک، یان تیپێکى کوردى دەکەم ئەگەر بەرامبەر هەر یانەیەک یاری بکات، بەڵام کاتێک هاتە سەر کارى ڕۆژنامەوانی، پێویستە بێلایەن بین و ڕووداوەکان وەک خۆى بگوازینەوە، لە کۆمێنتاریشدا دەبێت بێلایەنى بپارێزرێت، بەڵام ئەگەر ڕووداوەکە گەیشتە ئاستى نێودەوڵەتی، تاڕاددەیەک ئاساییە وەک خۆشەویشى نیشتمان و پیرۆزیی ئاڵا، هەندێک کات، هەندێک ووشە بۆ وڵاتەکەت و ئاڵاکەت بەکاربهێنیت، لە جیهاندا زۆر حاڵەتی لەو شێوەیە هەبووە، بۆ نموونە، کۆمێنتارە ئەرجەنتینیەکە لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا کاتێک گۆنزالۆ مۆنتێل دوایین لێدانى یەکلاکەرەوەى لە دژى فەڕەنسا جێبەجێ کرد و گۆڵى پێ تۆمار کرد و ئەرجەنتین بووە پاڵەوانى جیهان، کۆنترۆڵى خۆى لەدەستدا و زۆر لایەنگرى بۆ ئەرجەنتین کرد، بەڵام هەمان کۆمێنتار، هیچ کاتێک بۆ یاریی ڕیڤەرپلەیت و بۆکاجۆنیۆرز شتى وا ناکات و بێلایەنانە قسە دەکات.

"لەسەر ڕیاڵ مەدرید ڕەخنەى لێگیرا"

حەفیز دەراجى، یەکێکە لە کۆمێنتارە بەناوبانگەکانى عەرەب، لە یارییەکدا دژایەتیی یانەى ڕیاڵ مەدریدى کرد، دواى یارییەکە، ڕاپرسیەک لەسەر ئەو کۆمێنتارە ئەنجامدرا، لە %99ى بەشداربووان داوایان دەکرد لە کارى کۆمێنتاریی دوور بخرێتەوە، یان بە هیچ شێوەیەک کۆمینتاری بۆ یارییەکانى ڕیاڵ مەدرید نەکات.

کاتێک یانەیەکى کوردى لە خولى ئەستێرەکانى عێراق بەرامبەر یانەیەکى بەغداد یاری دەکات، کۆمێنتار بە بێ ئەوەى هەست بەوە بکات ناو یانەکانى باشووریش چەندین یاریزانى کوردى تێدایە، بە ئاشکرا لایەنگرى بۆ یانە کوردییەکە دەکات و تەنانەت هێرشیش دەکاتە سەر ناوبژیوان، یان چەندین ووشەى دیکە کە هەمووى لایەنگرییە، بۆ نموونە لە کاتى لێدانێکى ڕاستەوخۆدا بۆ یانە کوردییەکە، گوێمان لەم دێڕانە دەبێت (پشت بەخوا گۆڵ دەبێت، یا اللە، دەى گۆڵەکە بهەژێنە و دڵمان خۆش بکە و چەندین ووشەى دیکە لەو بابەتانە).

"ئاکام هاشمتان بینى"

ئێوە بینیتان کاتێک ئاکام هاشم لەناو دڵى شارى سلێمانى لە یانەیەکى شارى بەغداد گۆڵێکى بۆ یانەى زەورا لە دژى یانەى نەورۆز تۆمار کرد، چۆن مامەڵەى کرد؟ ئاهەنگى نەگێڕا و دواى یارییەکە گووتى، "وەک ڕێزێک بۆ هاندەرانى نەورۆز و هاندەرانى تۆپى پێی کوردستان ئاهەنگم نەگێڕا"، بۆیە پێویستە لەسەر کۆمێنتارەکانیش بە هەمانشێوە ڕێزى ئەو یاریزانە کوردانە بگرن کە لە یانەکانى شارى بەغداد و خوارووى عێراق یاری دەکەن، چونکە تۆى کۆمێنتار بە ڕاستەوخۆ بەو یاریزانە کوردانە دەڵێیت: "من حەزم بە دۆڕان و شکستى ئێوەیە." لەکاتێکدا ئەو یاریزانە کوردانەى لە یانەکانى بەغداد یاری دەکەن، نوێنەرى ڕاستەقینەى کوردن، بەشێکیشیان لە ڕیزى هەڵبژاردەى عێراق یاری دە کەن.