گرووپە چەکدارەکانی عێراق: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی درێژکراوەی کاروانی شۆڕشە

موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە فەرمی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران دەکەن و جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی باوکی و بەهێزبوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە.

ڕێکخراوی بەدر و هادی عامری

ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا پێشوازی لە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی کرد. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دیاریکردنی ناوبراو وەک ڕێبەری نوێ، بە "درێژکراوەیەکی پیرۆزی کاروانی شۆڕشی ئیسلامی" دادەنرێت و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە.

عەسائیبی ئەهلی حەق و قەیس خەزعەلی

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە پەیامێکدا هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک "درێژکراوەی قوتابخانە ڕەسەنەکە" ناوبرد. خەزعەلی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی "بەهێزکردنی پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران" لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا.

کەتیبەکانی حیزبوڵا و هەڵوێستی گرووپەکان

کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقیش بە هەمان شێوە پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی ڕێبەرە نوێیەکەی ئێران کرد و پێشوازییان لەو گۆڕانکارییە کرد. ئەم کاردانەوانەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دوای ئەوە دێن کە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران بە فەرمی موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری باڵای وڵاتەکە دەستنیشان کرد.