پێنج هەنگاوی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی فشاری خوێن

فشاری خوێن لە کەسێکی تەندروستدا دەبێت نزیکەی 120/80 مم جیوە بێت
فشاری خوێن لە کەسێکی تەندروستدا دەبێت نزیکەی 120/80 مم جیوە بێت

ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵک بەرزەفشاری خوێنیان هەیە، بەشێکی زۆریش نەخۆشییەکەیان هەیە و هێشتا دەستنیشاننەکراون. بەرزەفشاری خوێن هۆکارێکی سەرەکیی جەڵتەی دڵ و مێشکە و بە ئاسانی دەکرێت ڕێگریی لێبکرێت.

کۆلێجی پزیشکانی دڵ لە ئەمریکا ڕێنامەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن نوێکردووەتەوە و ئێستا بە پشتبەستن بە داتا و توێژینەوەی نوێ، چەند ڕێنماییەکیان بۆ تووشبووانی گرفتەکە هەیە.

یەکەم: زوو دەست بە وەرگرتنی دەرمان بکرێت

بەشێک لەو کەسانەی تووشی بەرزەفشاری خوێن دەبن و لە قۆناغی سەرەتادا پێیان دەزانرێت، ئامۆژگاری دەکرێن پەیڕەوی شێوازی ژیان و خۆراکی تەندروست بکەن. بەگوێرەی ڕێنامە نوێیەکە ئێستا پاش سێ بۆ شەش مانگ لە گۆڕانکاریی خۆراک و ژیان و کۆنترۆڵنەبوونی فشاری خوێن، پێویستە دەست بە وەرگرتنی دەرمان بکرێت.

دووەم: خوێ زۆر کەمبکرێتەوە

پێویستە ڕۆژانە لە 2.3 گرام خوێ نەخورێت (دەکاتە کەوچکەچایەک) و باشترە ئەوانەی بەرزەفشاری خوێنیان هەیە وردەوردە بەرەو بەکارهێنانی 1.5 گرام خوێ بڕۆن. هەروەها هۆشداری لە زۆریی بڕی خوێ لە خۆراکە لەقوتوونراو و دەستکاریکراوەکاندا دەدرێت

سێیەم: واز لە کحول بهێنە

ڕێنامە نوێیەکە دەڵێت دەبێت واز لە کحول بهێنرێت، چونکە تاوەکو بڕی خواردنەوەی کحول زیاتر بێت، فشاری خوێنی کەسەکە زیاتر دەبێت

چوارەم: کۆنترۆڵی فشاری دەروونی بکە

فشاری دەروونی پەیوەندییەکی زۆری بە تەندروستیی دڵەوە هەیە. باشترە لەڕێگەی پەرستش یان یۆگا و هەناسەدانی قووڵەوە ڕۆژانە هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی بدرێت.

پێنجەم: لانیکەم 5%ـی کێشی جەستەت داببەزێنە

ڕێنامە نوێیەکە ئاماژە بەوە دەدات کە کەمکردنەوەی 5%ـی کێشی جەستە بۆ ئەوانەی قەڵەوی یان کێشزیادن، بەشێوەیەکی بەرچاو فشاری خوێن کەمدەکاتەوە.