بەریتانیا؛ مردن بە شێرپەنجە سێیەک کەمیکردووە

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی بەریتانی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە، ئاستی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە لە وڵاتەکە سێیەک کەمیکردووە؛ هۆکاری ئەمەش بۆ پێشکەوتنی پشکنینە پێشوەختەکان و هەنگاوەکانی ڕێگری، دەستنیشانکردنی پێشوەخت و چارەسەرەکان دەگەڕێنرێتەوە.

ئامارەکانی ناوەندەکە دەریدەخەن، ئێستا ساڵانە نزیکەی 247 کەس لە 100 هەزار کەس بەهۆی شێرپەنجەوە دەمرن، ئەم ژمارەیە بەراورد بە داتای 1989 کە 355 کەس بووە، بەڕێژەی 29% کەمیکردووە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دەرکەوتووە، تەنیا  لە دەیەی ڕابردوودا ئاستی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە 11% کەمیکردووە. ڕێژەکە بۆ جۆرەکانی شێرپەنجە  بەم شێوەیەیە:

  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی هێلکەدان 19% کەمیکردووە
  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی گەدە 34% کەمیکردووە
  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی سییەکان 22% کەمیکردووە
  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە 6% کەمیکردووە
  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک 14% کەمیکردووە
  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان 11% کەمیکردووە
  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی خوێن 9% کەمیکردووە
  • گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە گەروو 12% کەمیکردووە

لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆێ شێرپەنجەوە، هێشتا نەخۆشییەکە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانە لە وڵاتەکەدا و لە چوار کەس یەکێکیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە دەمردن، ئاستی چارەسەر و مانەوەش لە ژیاندا لە بەریتانیا لە پاش چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپییەوەیە، لەوانەش ڕۆمانیا و پۆڵەندا.