خواردنی ڕۆژانەی مەڵتیڤیتامینێک بەساڵاچوونت دوادەخات

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، دەکرێت لەڕێگەی خواردنی ڕۆژانەی مەڵتیڤیتامینێکەوە بەساڵاچوونی جەستە هێواش بکرێتەوە.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری نەیچەردا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەریەک ڕۆژانە مەڵتیڤیتامینیان وەرگرتووە، نیشانە و دەرخەرەکانی بەساڵاچوونیان درەنگتر تێدا دەرکەوتووە.

دوو جۆری تەمەن هەن؛ جۆرێکیان تەمەنی ئاساییە و لەو کاتەوە دەژمێررێت کەسەکە تێیدا لەدایکدەبێت، جۆرێکی دیکەیان تەمەنی بایەلۆجییە و تێیدا گرنگی بە تەندروستی و فرمانی خانەکانی جەستە دەدرێت. تەمەنی ئاسایی وەکو خۆی وایە و ڕێگری لێ ناکرێت، بەڵام بە گرنگیدان بە تەندروستی دەکرێت تەمەنی خانەکان درێژبکرێنەوە و کەسەکە زیاتر بژی.

لە توێژینەوەکەدا 958 کەس کۆکراونەتەوە کە تێکڕای تەمەنیان لە 70 ساڵیدا بووە و کەسەکان دابەشکراون بەسەر چوار کۆمەڵەدا. لەکۆتاییدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی دوو ساڵ مەڵتیڤیتامینێک دەخۆن، نزیکەی چوار مانگ لەو تەمەنەی بەسەریان بردووە گەنجتر بوون.

سەرەڕای گرنگیی توێژینەوەکە، پسپۆڕانی تەندروستی و خۆراک ئاماژە بەوە دەدەن کە وەرگرتنی مەڵتیڤیتامین نابێتە جێگرەوەی خۆراک و شێوازی ژیانی تەندروست. زۆرینەی توێژینەوەکانی پێشووتریش ئەوەیان دەرخستووە کە ئەوانەی خۆراکی تەندروست و سروشتی دەخۆن و ژیانێکی پڕ جووڵەیان هەیە، بەشێوەیەکی سروشتی لە کەسانی ناتەندروست زیاتر دەژین.