ئەو کەسانەی بە مڵچەمڵچ تێکدەچن ئەگەری تووشبوونیان بە گرفتە دەروونییەکان زیاترە
زۆرینەمان کەسێک دەناسین زۆر بە مڵچەمڵچ و دەنگی کاتی خواردن و خواردنەوە بێزارە، ئێستا توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، لەوانەیە ئەو کەسانە گرفتێکی دیکەی دەروونییان هەبێت.
گرفتەکە پێی دەگوترێت میزۆفۆنیا و تێیدا ئەو کەسانەی هەیانە کاردانەوەیەکی توندی دەروونی یان جەستەییان بۆ هەندێک دەنگی ڕۆژانە هەیە، بۆ نموونە خواردن جووین، مڵچەمڵچ، هەناسەدان یان تەپەتەپ و تەقەتەقی دووبارەبووەوە.
توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی میزۆفۆنیایان هەیە لە مێشکیاندا پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان بەشەکانی بەرپرس لە بیستن و بەشەکانی بەرپرس لە هەستی ترس و توندوتیژی هەیە. هەربۆیە کاتێک دەنگێکی دووبارەبووەوە دەبیستن کاریگەریی لەسەر دەروون و جەستەیان دەبێت.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری سایکایەتری ڕیسێرچ بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی میزۆفۆنیایان هەیە، بەشێوەیەکی گشتی 65%ـیان یەکێک لە گرفتە دەروونییەکانیان هەبووە، 49%ـیان لەماوەی ژیانیاندا بە خەمۆکی دەستنیشانکراون و 47ـیشیان بە دڵەڕاوکێ دەستنیشانکراون.
10/03/2026