بۆچی زۆرجار تەنیا بە یەک کونەلووت هەناسە دەدەیت؟

یەکێک لە نیشانە بێزارکەرەکانی کاتی پەتا و هەڵامەت لووتگیرانە، بەڵام هەندێجار بەبێ ئەوەی هیچ گرفتێکت هەبێت یەکێک لە کونەلووتەکانت گیراوە.

ئەم حاڵەتە هیچ جێگەی مەترسی نییە و بەشێکە لە سروشتی لووت. لووت بەشێوەیەکی سروشتی و بەبێ ئەوەی پێی بزانیت کونەلووتێک دادەخات و ئەوی دیکەیان دەکاتەوە، ئەمە پێی دەگوترێت سووڕی هەوای لووت و گرنگییەکی زۆری بۆ تەندروستیی لووت هەیە.

ڕۆژانە دوو کاتژمێر جارێک کونەلووتێکت دەگیرێت و لەوی دیکەیانەوە هەناسە دەدەیت، ئەم ئاڵوگۆڕە لەکاتی خەودا کەمترە بەو پێیەی هەناسەدان هێواشتر دەبێتەوە.

هۆکاری ئەمە ئاوسانی ناوپۆشی لووت و بچووکبوونەوەی ناوپۆشی لووتە. لەکاتی بچووکبوونەوەی ناوپۆشی لووتدا کونەلووتەکە هەوای پێدا دێت و ئەوی دیکەیان لە قۆناغی ئاوساندایە و هەوای پێدا ناچێت. ئەو کونەلووتەی هەوای پێدا دەچێت میکرۆب و زیندەوەری زیاتر کۆدەکاتەوە، کاتێک سووڕەکە تەواودەبێت و کونەلووتەکە دەئاوسێت، ناوپۆشی لووت پاک دەبێتەوە.

هەندێک توێژینەوەش دەریانخستووە، کاتێک بە کونەلووتی ڕاست هەناسە دەدەیت، جەستەت لەباری دڵەڕاوکێدایە و بەئاگایە، کاتێکیش بە کونەلووتی چەپ هەناسە دەدەیت، جەستە لەبارێکی ئارامدایە.