دەکرێت بە مەمۆگرافییەک پێشبینیی جەڵتەی دڵ بکرێت

مەمۆگرافی یەکێکە لە رێگاکانی زوو دەستنیشانکردنی گرێ و نەخۆشیی مەمک
مەمۆگرافی یەکێکە لە رێگاکانی زوو دەستنیشانکردنی گرێ و نەخۆشیی مەمک

پشکنینی مەمۆگرافی یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو پشکنینانە پێشوەختانەی کە بۆ شێرپەنجەی مەمک دەکرێت. ئێستا لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، دەکرێت لەڕێگەی مەمۆگرافییەوە ئەگەری تووشبوونی خانمەکە بە نەخۆشییەکانی دڵ بزانرێت.

نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن لە ژنان و پیاواندا، هەربۆیە دیاریکردنی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ گرنگن بۆ ڕێگریکردن لێیان و درێژبوونەوەی تەمەنی کەسەکە.

توێژینەوەیەکی نوێی گۆڤاری دڵی ئەورووپی دەریخستووە، دەکرێت لەڕێگەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە هەڵسەنگاندن بۆ پشکنینی مەمۆگرافی بکرێت و بتوانرێت ئەگەری تووشبوونی خانمێک بە نەخۆشییەکانی دڵ دیاریبکرێت.

لە توێژینەوەکەدا کەرەستەیەکی ژیریی دەستکرد بۆ دیاریکردنی ئاستی بەکالسیۆمبوونی خوێنبەرەکانی مەمک بەارهێنراوە، دەرکەوتووە ئەو خانمانەی بڕێکی کەم بەکالسیۆمبوونیان لە خوێنبەرەکانیاندا هەیە، بەڕێژەی 30% ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ هەیە. ئەو خانمانەی بڕێکی مامناوەند بەکاکسیۆمبوونیان هەیە بەڕێژەی 70% ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیادیکردووە و ئەو خانمانەشی کە بەشێوەیەکی توند بەکالسیۆمبوونیان هەیە دوو بۆ سێ هێندە ئەگەری تووشبوونیان زیاتر بووە.

توێژەران دەڵێن دەکرێت ئەم کەرەستەیەی ژیریی دەستکرد زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت خانمان لە تەمەنێکی زۆر گەنجتردا ئاگاداربن لە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و زوو خۆیان بپارێزن.