بەکارهێنەرانی وێگۆڤی پێنج هێندەی بەکارهێنەرانی ئۆزەمپیک ئەگەری کوێربوونیان زیاترە

ئێستا ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەرزییەکانی کێشدابەزاندن بەکاردەهێنن. دەرزییەکان یارمەتیی کەمکردنەوەی شەکر لە خوێندا، خاوکردنەوەی هەرس و کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن دەدەن. توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەم دەرزییانە سوودیان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و چەند گرفتێکی دیکەی تەندروستی هەیە.

دەرزییەکان بە دەگمەن دەکرێت ببنەهۆی لەدەستدانی بینین لە چاوێکدا. ئێستا توێژینەوەیەکی نوێی گۆڤاری نەخۆشییەکانی چاو لە بەریتانیا دەریخستووە، ئەو کەسانەی دەرزیی وێگۆڤی بۆ کێشدابەزاندن بەکاردەهێنن، پێنج هێندەی بەکارهێنەرانی ئۆزەمپیک ئەگەری تووشبوونیان بە کوێربوونی چاوێک زیاترە، مەترسییەکە بۆ پیاوانیش سێ هێندە زیاترە.

وێگۆڤی، ئۆزەمپیک و ڕیبێلسەس هەموویان لەلایەن کۆمپانیای نۆڤۆ نۆردیسکەوە دروستکراون و هەمان ماددەیان تێدایە کە ناوی سێماگلوتایدە، بەڵام ژەمی دەرمانەکە لە هەریەک لە دەرزییەکاندا جیایە. دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا وێگۆڤیی بۆ چارەسەری قەڵەوی پەسەندکردووە، بەڵام ئۆزەمپیکی تەنیا بۆ چارەسەری شەکرە پەسەندکردووە.کک

کوێربوونەکە بەهۆی جەڵتەی چاوەوەیە و بەهۆی کەمبوونەوەی کتوپڕی خوێن بۆ دەماری چاو ڕوودەدات، زۆرجار هەمیشەییە و گەڕانەوەی نییە.

توێژینەوەکان دەریانخستووە، حاڵەتەکە زۆر دەگمەنە و تەنیا یەک لە 10 هەزار کەس تووش دەبێت، ئەگەری تووشبوونیش پەیوەندیی بە ژەمی دەرمانەکەوە هەیە.

هەرچەندە لە هەموو دەرمانەکانی کێشدابەزاندندا کاریگەرییە لاوەکییەکە بینراوە، لە وێگۆڤیدا زۆرترین حاڵەتی کوێربوون هەبووە، توێژەرانیش دەڵێن لەوانەیە هۆکاری ئەمە بڕی زۆری سێماگلوتاید لە وێگۆڤیدا بێت.