کۆمپانیای Kpler: ئێران لە سەرەتای شەڕەوە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ چین هەناردە کردووە
سەرەڕای مەترسییەکانی گەرووی هورمز و پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی، تاران لە ڕێگەی وێستگە بەدیلەکان و کەشتییە "خۆشاردنەکانەوە" بەردەوامە لە دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی چین.
ئاماری هەناردەی نەوت بۆ چین
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی "TankerTrackers"، لە 28ـی شوباتەوە کە شەڕی نێوان بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێ کردووە، تاران لانیکەم 11.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بۆ چین ڕەوانە کردووە. هاوکات کۆمپانیای "Kpler" کە تایبەتە بە هەواڵگریی دەریایی، ئاستی ئەو هەناردەیەی لەو ماوە کورتەدا بە 12 ملیۆن بەرمیل خەمڵاندووە. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لەم هەناردەیە لە ڕێگەی ئەو کەشتییانەوە بووە کە بۆ چەواشەکاری، سیستەمی شوێنپێهەڵگرتنی خۆیان کوژاندووەتەوە.
وێستگەی جاسک وەک بە دیلی هورمز
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناو گەرووی هورمز، ئێستا تاران وەک ڕێگەیەکی جێگرەوە پەنا بۆ وێستگەی "جاسک" دەبات لەسەر کەنداوی عوممان. هەرچەندە بارکردنی نەوت لەم وێستگەیە بەراورد بە دوورگەی "خارک" زۆر هێواشترە و بارکردنی کەشتییەکی گەورە 10 ڕۆژی پێ دەچێت، بەڵام ئێران وەک پلانێک بۆ کاتی داخرانی یەکجاریی گەرووی هورمز سەیری دەکات بۆ ئەوەی بەشێکی بچووک لە بازرگانییەکەی بپارێزێت.
ستراتیجیی چین بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە
لە بەرانبەر ناسەقامگیریی ناوچەکە، چین خێرایی بە پرۆسەی عەمبارکردنی نەوت داوە و لە 2 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هاوردەکردنی نەوتی بە ڕێژەی 15.8% بەرز کردووەتەوە. لە ئێستادا ئاستی عەمبارکردنی نەوت لە کۆگاکانی چین گەیشتووەتە 1.2 ملیار بەرمیل، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو وڵاتە دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆی بۆ ماوەی 3 تا 4 مانگی دیکە دابین بکات ئەگەر هەناردەکردن بەتەواوی بوەستێت.
مەترسییەکان لە گەرووی هورمز
لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا، لانی کەم 10 کەشتی لە دەوروبەری گەرووی هورمز کراونەتە ئامانج و چەندین کەس گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش وای کردووە بازرگانیی دەریایی لە ناوچەکەدا بەتەواوی پەککەوت بێت. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای بەردەوامیی هاتووچۆی کەشتییەکان دەکات و هێزی دەریایی ئێران بە "لاواز" ناو دەبات، بەڵام هێشتا بازاڕە جیهانییەکان بە ناجێگیری ماونەتەوە.
12/03/2026