توێژینەوەیەک: فشاری سەر دایک و باوک کەمتر بێت منداڵەکانیان تەندروستتر دەبن
توێژینەوەیەکی نوێ باس لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان دەرووندروستیی دایک و باوک و تەندروستیی جەستەیی منداڵان دەکات و دەڵێت، ئەگەر پاڵپشتیی دەروونیی دایک و باوک بکرێت، منداڵان تەندروستتر دەردەچن و کەمتر قەڵەو دەبن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی کە لە گۆڤاری نەخۆشییەکانی منداڵاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەگەر بێت و دایک و باوک لە ڕاهێنانەکانی کەمکردنەوەی فشاری دەروونیدا بەشدار بن، ئەوا منداڵەکانیان خۆراکی تەندروست زیاتر دەخۆن و ئەگەری قەڵەوبوونیان کەمترە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، تاوەکو دایک و باوک باشتر فشاری دەروونییان کۆنترۆڵ بکەن، باشتریش مامەڵە و ئەرکیان وەکو دایک و باوک پەیڕەو دەکەن، ئەمەش وادەکات ئەو هەنگاوانە بگرنەبەر کە تەندروستیی منداڵەکەیان دەپارێزێت و بەم شێوەیەش منداڵان کەمتر تووشی قەڵەوی دەبن.
توێژەران هۆکارێکی ئەم کاریگەرییە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە، ئەو دایک و باوکانەی فشاری دەروونییان زۆرە، زیاتر پشت بە خۆراکە دەستکاریکراو و ناتەندروستەکان دەبەستن بۆ تێرکردنی خۆیان و منداڵەکانیان.
13/03/2026