جەنگى ئێران ململانێى لەناو کۆشکى سپى دروستکردووە

بەردەوامى جەنگ لە دژى ئێران، ململانێى لەناو ئیدارەى کۆشکى سپیدا دروستکردووە و هەندێک لە ڕاوێژکارەکانى ترەمپ هۆشدارییان داوە لە بەردەوامى جەنگەکە و داوایانکردووە بەجۆرێک کە بە سەرکەوتن دابنرێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.

یاریدەدەرەکانى ترەمپ بۆچوونیان جیاوازە

ئاژانسى ڕۆیتەرز، لە زارى ڕاوێژکارێکى دۆناڵد ترەمپەوە دۆخى ناو کۆشکى سپى ئاشکرای کردووە و ئاماژەى بەوەکردووە، ململانێکانى ناو کۆشکى سپى کاریگەرییان لەسەر لێدوانە گۆڕاوەکان ترەمپ لەبارەى جەنگى ئێرانەوە هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریدەدەرەکانى ترەمپ، لە تاوتوێکردنى کات و چۆنییەتى ڕاگەیاندنى سەرکەوتنن بەسەر ئێراندا لەکاتێکدا ڕووبەرى جەنگەکە لە فراوانبووندایە.

بەرزبونەوەى نرخى بەنزین

ڕاوێژکارەکەى ترەمپ باسیلەوەکردووە، هەندێک لە بەرپرسان هۆشدارییان داوەتە ترەمپ لە مەترسیى بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین کە زیانى سیاسى بە واشنتن دەگەیەنێت.

بەڵام، هەندێک لە تووندڕەوەکان لە ئیدارەى ترەمپ فشار دەکەن بۆ بەردەوامبوونى سەرۆک لە هێرشەکانى بۆ سەر ئێران.

تەواوکردنى ئەرکەکە

ڕۆیتەرز، لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لە گفتوگۆکاندا گوتوویەتى نایەوێت بەزوویی لە جەنگەکە بکشێتەوە و دەیەوێت ئەرکەکە تەواو بکات.

کۆتایی جەنگ و سەرکەوتنى ترەمپ

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، هەندێک لە یاریدەدەرەکانى ترەمپ، ئامۆژگارییان کردووە بەشێوازێک کە بە سەرکەوتن دابنرێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، تەنانەت ئەگەر زۆرینەى سەرکردەکانى ئێرانیش ڕزگاریان ببێت.

بەکارهێنانى کۆگاى چەندین ساڵ

هەروەها ڕۆژنامەى فاینانشاڵ تایمز لە زارى سەرچاوەکانەوە ئاشکرایکردووە، ئیدارەى ترەمپ لە جەنگى دژ بە ئێران کۆگاى چەکى بەشى چەند ساڵێکى بەکارهێناوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، یەکێک لەو چەکانەى بەخێرایی لە کۆگاکاندا کەمبووەتەوە مووشەکى جۆرى تۆماهۆکى دوورمەودایە.

تێچووى جەنگى ئێران

هاوکات، وەزارەتى جەنگى ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکدا کۆنگرێسى ئاگادارکردووەتەوە، تێچووى هەفتەى یەکەمى جەنگ لەگەڵ ئێران 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاربووە.

پنتاگۆن، ئاشکرایکردووە، تاوەکو کۆتایی هەفتەى یەکەمى جەنگەکە، پێنج ملیار دۆلارى تەنیا لە چەک و تەقەمەنیدا خەرجکردووە.

هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە 28ـى شوباتەوە دەستیپێکردووە، فەرماندەیی ناوەندى ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ئامارێکدا ئاشکرایکردووە، هێزەکانیان تاوەکو ئێستا شەش هەزار ئامانجیان لەناو ئێراندا بۆردوومانکردووە، کە لەناویاندا 90 کەشتى ئێرانى هەیە کە 30ـى کەشتییان تایبەت بوون بە چاندنى مین.