ئارامکۆ: هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعوودیا زیاد دەکەین
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار، سعوودیە بەندەری یەنبع وەک جێگرەوەی گەرووی هوورمز بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بەکاردەهێنێت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 103 دۆلار
لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی برێنت لە ئاستی مانگانەدا 50% بەرزبووەوە و گەیشتە 103.14 دۆلار. شیکەرەوانی بازاڕی وزە پێیان وایە مانەوەی نرخەکان لە سەرووی 100 دۆلار، لەوانەیە دۆناڵد ترەمپ ناچار بکات کۆتایی بە شەڕی ناوچەکە بهێنێت.
داخستنی هوورمز؛ گەورەترین گورز لە بازاڕی وزە
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕایگەیاند، داخستنی گەرووی هوورمز گەورەترین گورزی مێژووییە لە بازاڕی وزە درابێت. بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، کەشتییە نەوت هەڵگرەکان ناتوانن بەو گەرووەدا تێپەڕ بن کە ڕۆژانە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا دەگوازرایەوە.
یەنبع؛ جێگرەوەی سعوودیە بۆ هەناردەی نەوت
سعوودیە بۆ سوودوەرگرتن لە بەرزیی نرخەکان، بەندەری یەنبعی لەسەر دەریای سوور وەک جێگرەوەی هوورمز دیاریکرد و تاوەکو ئێستا 11 کەشتیی زەبەلاح گەیشتوونەتە بەندەرەکە. ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئارامکۆ ڕایگەیاند، هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا زیاد دەکەن و بەمزووانە هەناردەی ڕۆژانەیان دەگاتە 5 ملیۆن بەرمیل.
ناکۆکیی ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر نەوتی ڕووسیا
بۆ جێگیرکردنی نرخەکان لە بازاڕدا، ئەمریکا بڕیاری داوە سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا سوک بکات، بەڵام وڵاتانی ئەورووپا و بەتایبەت ئەڵمانیا دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە.
ترس و دڵەڕاوکێی بازرگانانی نەوت
ڕێبێکا باین، گەورە بازرگانی وزە ئاماژەی بەوە کرد، بازرگانانی نەوت نایانەوێت سامانەکەیان ببێتە قوربانی جەنگ، بۆیە کڕینی نەوت بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو کەمدەکەنەوە؛ چونکە ئەگەر ئێستا بەم نرخە بەرزە بکڕن، داهاتووی نرخەکان لە ئەگەری دابەزیندا دیار نییە.
14/03/2026