40%ی قوربانییەکانی شەڕی غەززە منداڵانن
دۆخی منداڵان لە غەززە لەبارێکی خراپدایە، 40٪ی قوربانیی شەڕی حەماس - ئیسرائیل، ئەمان پێکیدەهێنن، شەڕەکە کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر باری دەروونییان و هەرزوو نیشانەکانی چەند نەخۆشییەکیان تێدا دەرکەوتووە.
منداڵان نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززە پێکدەهێنن کە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە، لە دوای هێرشی "گەردەلوولی ئەقسا" کە لە7ی تشرینی یەکەمی2023 لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستیپێکردووە، بەشێکی زۆریان لەو قوتابخانانەدا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و ئاژانسی UNRWA سەرپەرشتییاندەکات، ژیان بەسەر دەبەن.
لەسەرەتای شەڕەکەوە، نزیکەی پێنج هەزار منداڵ گیانیانلەدەستداوە، دەکاتە 40%ی قوربانییەکان، بە هەزارانیشیان دایبابیان لەدەستداوە.
هەرچەندە ژمارەی ئەو منداڵە فەڵەستینییانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە یەکێک یان دایک و باوکیان لەدەستداوە، دیاریکراو نییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی توانای لاوازی خانەی بێسەرپەرشتان لە غەززە، چارەنووسێکی خراپ چاوەڕێیاندەکات.
توانای گلدانەوەی خانەی بێسەرپەرشتان لە غەززە، دوو هەزار و 800 منداڵە، کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە بووەتە شوێنی حەوانەوە بۆ هەموو ئاوارەکان.
حەوت ساڵ لەمەوبەر، راپۆرتێکی پرۆگرامی "سیستمی نیشتمانی بۆ پاراستنی منداڵ و چاودێری منداڵان-SOS" رایگەیاندبوو، رێژەی ئەو منداڵە بێ دایک و باوکانەی لە وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی فەڵەستین تۆمارکراوون، لەساڵی 2016، گەیشتووەتە 2.3%ی ئەوانەی خوار تەمەنی 17 ساڵین.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری پزیشکێکی دەروونییەوە بڵاویکردووەتەوە، شەڕی حەماس و ئیسرائیل، هەر زوو نیشانەی نەخۆشییە دەروونیەکانی لەسەر منداڵان دەرخستووە، وەک: گرژبوونی ماسولکە، میزکردن بەخۆدا، ترس، رەفتاری شەڕانگێزی، دەمارگیریی و رەتکردنەوەی جێهێشتنی دایک و باوکیان.
11/11/2023