سێنتکۆم: پەکخستنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن ڕاست نییە

کەناڵ8 14/03/2026
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بانگەشەکانی سوپای پاسداران سەبارەت بە لەکارخستنی کەشتییە جەنگییەکەیان ڕەتدەکاتەوە و بە "درۆی بەسەرچوو" ناوی دەبات.

سێنتکۆم بانگەشەکانی تاران ڕەتدەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بانگەشەیەکی نوێی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە تێیدا تاران ڕایگەیاندبوو توانیویانە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن لەکار بخەن و پەکبخەن. ڕۆژی شەممە 14-03-2026 سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای پاسداران خەریکی بڵاوکردنەوەی "درۆی بەسەرچووە" و ئەمە یەکەمجار نییە تاران بانگەشەی تێکشکاندنی ئەو کەشتییە دەکات.

بەردەوامیی باڵادەستیی ئاسمانیی ئەمریکا

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن لە باڵادەستی بەسەر ئاسمانی ئێراندا لە ناو دەریاوە بەردەوامە. سوپای ئەمریکا وێنەیەکی "پشتڕاستکردنەوە"ـی بڵاوکردووەتەوە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی بە سوور و بە وشەی "درۆ" نیشان داوە.

بانگەشەکانی ئێران بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییەکە

ڕەتکردنەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 07-03-2026 میدیای فەرمیی ئێران ڕایگەیاندبوو، سوپای وڵاتەکە کۆمەڵێک مووشەکی ئاراستەی کەشتیی جەنگیی ئەبراهام لینکنی ئەمریکا کردووە. هەروەها ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی ناوەندی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاندبوو، کەشتییەکە لەلایەن درۆنەکانی سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 1,000 کیلۆمەتر لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران دوورکەوتووەتەوە.

کەناڵ8

14/03/2026