عێراق: چەندینجار هێرشکراوەتە سەر دەورووبەری گرتووخانەی کەرخ؛ "هەوڵی ڕزگارکردنی زیندانیانی داعش دەدرێت"

چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش لە زیندانی کەرخی بەغداد
چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش لە زیندانی کەرخی بەغداد

وەزارەتی دادی عێراق ئاشکرایکرد، چەندینجار هێرشکراوەتەسەر دەوروبەری گرتووخانەی کەرخ لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی و هۆشداریش دەدات، بەهۆی هێرشەکانەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی گرتووخانەکە دروستبووە کە تیرۆریست و کەسانی مەترسیداری تێدایە.

بۆردومانەکانی دەورووبەری فڕۆکەخانە و گرتووخانە

ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی و گرتووخانەی فڕۆکەخانە (کەرخی مەرکەزی)، چەندینجار ڕووبەڕووی بۆردوومان بوونەتەوە کە هەندێکیان زۆر نزیک بوون لە زیندانەکە.

سەدان تیرۆریست و کەسانی مەترسیداری تێدایە

گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژە بەوەش کراوە، بەهێزترین هێرشەکان لە ڕۆژی ڕابردوو بووە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە کە شەش جار نزیک ئەو ناوچەیە کراوەتە ئامانج و مەترسی لەسەر ئاسایشی گرتووخانەکە دروستکردووە کە سەدان تیرۆریست و کەسانی مەترسیداری تێدایە.

دڵنیایی و گرتنەبەری ڕێکاری گونجاو

وەزارەتی داد دڵنیایی داوەتە هاوڵاتییانی عێراق، ڕێکاری گونجاو گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی گرتووخانەکە، بەڵام ئەوەیان خستووەتەڕوو کەوتنەخوارەوەی درۆن یاخود هەر هێرشێکی دیکە بۆ نزیک گرتووخانەکە جێگەی نیگەرانییە ئەوەش بەهۆی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ژێرخانی گرتووخانەکە.

گواستنەوەی داعشەکان لە سووریاوە بۆ عێراق

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماەی ڕابردوودا، ئەمریکا پێنج هەزار و 700 زیندانیی داعش لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە گواستەوە بۆ عێراق و بەشێکیان خرانە ئەو گرتووخانەیەی بەغدادەوە.