حکومەتی تورکیا: ڕێژەی هەڵاوسانمان بۆ 31.53% دابەزاندووە
پاش گەیشتن بە بەرزترین ئاستی هەڵاوسان لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا، حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دارایی نوێوە، توانیویەتی تا مانگی شوباتی 2026 ڕێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنێت.
قەیرانی دارایی و لیرەی تورکی
تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران و کێشەی دارایی و ئابووریی گەورە بووەتەوە. سەرەکیترین ئەو کێشانە بریتین لە بەرزبوونەوەی توندی ڕێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی، کە ئەمەش قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی زیاتر قوڵکردەوە.
لوتکەی هەڵاوسان لە ساڵی 2022
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە سەرەتای ساڵی 2020 دەستی پێکرد، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022 گەیشتە لوتکە. لەو کاتەدا ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتە 85.51%، کە ئەمەش بەرزترین ئاست بوو لەو قۆناغەدا و فشارێکی ئابووریی زۆری لەسەر بازاڕەکانی ئەو وڵاتە دروست کرد.
سیاسەتی دارایی نوێی حکومەت
پاش گەیشتن بە بەرزترین ئاست، حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دارایی نوێ و چەند ڕێکارێکەوە، هەوڵی دا هەڵاوسان دابەزێنێت، بەتایبەت پاش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە ناوەڕاستی ساڵی 2023. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هەڵاوسان بە چەند قۆناغێک دابەزیوە و لە مانگی شوباتی 2026 گەیشتووەتە 31.53%.
تێکڕای هەڵاوسان لە 6 ساڵی ڕابردوودا
بەپێی ئامارە ئابوورییەکان، ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی 2020 لە ئاستی 14.60% بووە، لە ساڵی 2021 بۆ 36.08% بەرزبووەوە، و لە ساڵی 2022 گەیشتە 64.27%. هەروەها لە ساڵی 2023 ڕێژەکە 64.77% بوو، لە ساڵی 2024 دابەزی بۆ 44.38% و لە ساڵی 2025 گەیشتە 30.89%. لە کۆتا ئاماری مانگی شوباتی 2026دا ڕێژەکە لە ئاستی 31.53% تۆمارکراوە.
16/03/2026