فایەق زێدان: هێرشکردنەسەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان تیرۆرستییە
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هێرشکردنەسەر نێردە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان بە کاری "تیرۆرستی" ناودەبات و دەڵێت "سزاى هێرشکاران دەگاتە "لەسێدارەدان".
قەیرانی گەورەی دیپلۆماسی دروست دەکات
فایەق زێدان، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، نێردە دیپلۆماسییەکان بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزگاری تایبەتیان لێدەکرێت و هەر هێرشێک "هەڕەشە، تێکدان، دەستدرێژی، گەمارۆدان، ڕێگری لە کارکردنیان" بۆسەر نێردەکان تاوانێکی مەترسیدارە و پەیوەستە بە تەواوی سیستمی نێودەوڵەتی و کاریگەری دەبێت بە پەیوەندی نێوان وڵاتان و دەبێتە قەیرانی دیپلۆماسی گەورە و پچڕانی پەیوەندی.
مەترسی گۆشەگیرکردنی وڵاتەکەی لێدەکەوێتەوە
فایەق زێدان دەشڵێت "هێرشکردنەسەر نێردە دیپلۆماسییەکان پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەندێکجار مەترسی دەخاتەسەر سەپاندنی سزای سیاسی و ئابووری، یان گۆشەگیرکردنی وڵاتەکە".
تاوانە و پەیوەستە بە ئاسایشی دەرەوە
فایەق زێدان ڕوونکردنەوەى زیاترى داوە و دەڵێت هێرشەکان تاوانێکن پەیوەستن بە ئاسایشی دەرەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان جگەلەو پابەندییانەی کە عێراق پەسەندی کردووە.
کردەوەکان بە تیرۆر ناوزەند دەکرێت
ڕاشیگەیاندووە، بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارەی 13ـی ساڵی 2005 بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەر دەستدرێژییەکدا دەکات بۆسەر نێردە دیپلۆماسییەکان و کردەوەکان بە تیرۆر ناوزەند دەکات و سزاکەشی دەگاتە لەسێدارەدان، هەربۆیە جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و پابەندبوون بە پێووەرە نێودەوڵەتییەکان و رێگری لە ئامانج گرتنی نێردەکان.
17/03/2026