کۆمپانیای نەوتی باکوور: بۆرییە نەوتەکان توانای هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە
کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند، تروومپاکانی نەوتی کەرکووک دەرواتە بەندەری جەیهان، توانایان هەیە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکەن، ئەوەش لەپاش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی وێستگەی سارالو بۆ بەندەری جەیهان بەبڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
هەناردەکردن لە سێ وێستگەوە
کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاندووە، ئەو نەوتەی ئەمڕۆ دەستکراوە بە هەناردەکردنی لە کێڵگەکانی بای حەسەن، وێستگەی سردشاغ و سارالو'ە و پرۆسەکە بەڕێک و پێکی بەڕێوەدەچێت و جەختیشکراوەتەوە لە بێ کێشەیی و ڕێک و پێکی بۆرییەکان.
500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە
لەبارەی توانای هەناردەی ڕۆژانەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تروومپاکان توانایان هەیە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بنێرن و هەناردەبکەن، ئەوەش بە پشتبەستن بە بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەکان بە ئاڕاستەی زیادکردنی بەرهەمهێنانن و کۆمپانیاکەیان و وەزارەتی سامان سرووشتییەکان بە نیازی زیادکردنی تروومپاکانن.
وێستگەی سارالو
وەمیز ئایدن "ئەیدین" بەرپرسی وێستگەی سارالو ڕایگەیاندووە، وێستگەکەیان شەش تروومپای هەیە و هەر تروومپایەک 700 مەتر سێجایە لە کاتژمێرێکدا ئەویش ڕایگەیاندووە کاردەکەن بۆ زیادکردنی تروومپاکان و سەرجەم هێڵ و بۆرییەکانی نەوت لەلایەن پۆلیسی وزەوە پارێزگاری لێدەکرێت.
هەناردە بە بۆریی نەوتی کوردستان
ئەوە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی ژێرخانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.
بەگەڕخستنەوەی هەناردەی نەوتی باکوور
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 18ـی ئادار، کاژێر 6:30ـی بەیانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەست بە کارپێکردنی وێستگەی نەوتی سارالو کراوە. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و ئامادەکاریی تەکنیکی دێت بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی هەناردەی نەوتی باکوور.
نەوتەکە دەخرێتە بازاڕی جیهانییەوە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئامانج لەم کارپێکردنە گواستنەوەی 250,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە بۆ وێستگەی فیشخابوور. بڕیار وایە ئەم بڕە نەوتە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست بکرێت، تاوەکو لەوێوە بخرێتە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
18/03/2026