کاتز: مۆڵەتمان داوەتە سوپا بێ پرسی حکومەت بەرپرسە باڵاکانی ئێران تیرۆر بکات

کەناڵ8 18/03/2026
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل

ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەستپێکردووە و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "ئامانجمان گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە لە ئێران".

بڕیارێکی نوێ و کتوپڕ

ڕۆژی چوارشەممە، 18ـی ئازاری 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ سوپای وڵاتەکەی مۆڵەتی فەرمی پێدراوە بۆ ئەوەی هەر بەرپرسێکی باڵای ئێران لە هەر دەرفەتێکدا بێت، تیرۆر بکات و لەناوی ببات.

پێویست بە ڕەزامەندیی پێشوەختە ناکات

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، سوپای ئیسرائیل ئیدی پێویستی بەوە نابێت بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردن، بگەڕێتەوە بۆ حکومەت یان ڕەزامەندیی ئاستی سیاسی وەربگرێت، بەڵکو تەنیا بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەتوانن هەر بەرپرسێکی باڵای ئێران بکەنە ئامانج.

هاوئاهەنگی نێوان ناتانیاهۆ و کاتز

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ئەو و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپا هەڵکردووە بۆ ڕاوەدوونانی ئەو بەرپرسانەی ئێران کە لە ڕووی ئۆپەراسیۆنییەوە مەترسین و ناویان لە لیستی دەزگا هەواڵگرییەکاندان.

ئامانجە گەورەکە: گۆڕینی ڕژێم

یسرائیل کاتز جەختی لەوە کردەوە، کارەکانیان تەنیا بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکان نییە، بەڵکو ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل لەناوبردنی بەرپرسە باڵاکانی ڕژێمی ئێران و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە لەو وڵاتەدا.

کەناڵ8

18/03/2026