دەزگای هەواڵگری عێراق لە بەغداد: هێرشکراوەتەسەر بنکەیەکمان

بەرزبوونەوەی دووکەڵی هێرش بۆسەر یەکێک لە بارەگای دەزگای هەواڵگری عێراق لە بەغداد
بەرزبوونەوەی دووکەڵی هێرش بۆسەر یەکێک لە بارەگای دەزگای هەواڵگری عێراق لە بەغداد

دەزگای هەواڵگری عێراق ڕایگەیاند، هێرشێکی تیرۆرستی کراوەتەسەر دەورووبەری پێگەی دەزگاکەیان لە بەغداد بەهۆیەوە ئەفسەرێکیان کوژراوە و ئاژانسی فرانس پرێسیش دەڵێت، باڵەخانەیەک کراوەتە ئامانج کە ڕاوێژکارانی ئەمریکا تێیدا کاردەکەن.

"هێرشەکە لە لایەن هێزەکانی دەرەوەی یاساوە کراوە"

دەزگای هەواڵگیری عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، سەر لە بەیانی ئەمرۆ هێرشێکی تیرۆرستی لەلایەن "هێزەکانی دەرەوەی یاساوە" کراوەتەسەر دەورووبەری پێگەی دەزگاکەیان لە بەغداد، بەهۆیەوە ئەفسەرێکیان کوژراوە.

 ئامانجی پشت هێرشەکە

دەزگاکە دەڵێت، ئەو هێرشە بەئامانجی ساردکردنەوەیانە لە ئەرکەکانیان و جەختیشدەکەنەوە بەردەوامدەبن لە بەدواداچوون و دۆزینەوەی بکەری هێرشەکان و دەستگیرکردنیان و ڕادەستکردنیان بە دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی.

کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە نزیک بارەگای هەواڵگری

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، درۆنێک لە نزیک دەزگای هەواڵگری عێراق لە ناوچەی مەنسووڕی بەغداد کەوتووەتە خوارەوە، ئاژانسەکانی هەواڵیش ڕایانگەیاند، لەو ناوچەیە دامەزراوەیەکی لێیە کە ڕاوێژکارەکانی ئەمریکا تێیدا کاردەکەن.

شوێنی هێرشەکە نزیکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیش باسی لەوەکردبوو، بە درۆن هێرشکراوەتەسەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە ناوەڕاستی بەغداد و بەرپرسانی ئەمنی عێراقی بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، یەکەمجار بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان چاودێری یانەی سەید کە یانەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ناوچەی مەنسووڕ کراوە ، دواتر هێرشی درۆنی کراوەتە سەر باڵەخانەکە.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، هێرشی دووەم بۆسەر باڵەخانەیەکی پەیوەندی بووە کە باڵەخانەیەکی دامەزراوەیەکی ئەمنی عێراقییە و هەماهەنگی هەیە لەگەڵ ژمارەیەک ڕاوێژکاری ئەمریکی کە لە عێراقن و لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن.