تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران: وەک وەڵامێک بۆ نەتەنز وێستگەی ئەتۆميی دیمۆنامان پێکاوە

ئەندامێکی تیمەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل لە شوێنی بۆردومانی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ناوچەی عەراد. فۆتۆ: AFP
ئەندامێکی تیمەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل لە شوێنی بۆردومانی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ناوچەی عەراد. فۆتۆ: AFP

تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنای ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.

بەئامانجگرتنی وێستگەی ئەتۆميی دیمۆنا

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران وێستگەی ئەتۆمی "دیمۆنا"یان لە ناو خاکی ئیسرائیل پێکاوە. بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە، ئەم هێرشە تەنیا 24 کاتژمێر دوای هێرشەکەی سەر وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدراوە و وەک وەڵامێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ هەژمار دەکرێت.

هێرشەکەی سەر وێستگەی نەتەنز و کاردانەوەکان

بەرەبەیانی 21ی ئازاری 2026، وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئێران کەوتە بەر هێرشی هاوبەشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. دوای ڕووداوەکە، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشەکە هیچ جۆرە دزەکردنێکی تیشکی ئەتۆمی لێنەکەوتووەتەوە. پاش ئەم پێشهاتە، سوپای پاسداران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی کرد و تاران هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بۆ سەر ئیسرائیل وەک جێبەجێکردنی ئەو هەڕەشەیە وەسف کرد.