کەی چەرەس بخۆین باشترە؟

چەرەس
چەرەس

دیاریکردنی کاتی گونجاو بۆ خواردنی چەرەس ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دابەزاندنی کێش، زیادکردنی وزە و پاراستنی تەندروستی دڵ و مێشک.

باشترین کات بۆ بەدەستهێنانی وزە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "Verywell Health"، ئەگەر ئامانج لە خواردنی چەرەس بەدەستهێنانی وزەی بەردەوام بێت، باشترین کات بەیانیان یان نیوەڕوانە. چەرەس بەهۆی هەبوونی مەگنیسیۆم و ڤیتامینەکانەوە یارمەتی جەستە دەدات خۆراک بۆ وزە بگۆڕێت و بە پێچەوانەی شیرینییەکانەوە، ئاستی شەکر لە خوێندا بە جێگیری دەهێڵێتەوە.

ڕێگەیەک بۆ دابەزاندنی کێش

بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن نزیکەی 30 خولەک پێش ژەمی نیوەڕۆ یان ئێوارە، بڕێکی دیاریکراو چەرەزات بخورێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە زووتر هەست بە تێری بکات و لە کاتی ژەمە سەرەکییەکەدا کالۆری کەمتر بخوات، چونکە ڕیشاڵ و پرۆتینەکانی ناو چەرەزات هەستی تێربوون درێژ دەکەنەوە.

پاراستنی دڵ و مێشک لە نەخۆشی

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە خواردنی جۆرەکانی وەک بادەم، کازۆ و بستە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵی خراپ و چەورییە سیانییەکان، ئەمەش مەترسی جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن کەمدەکاتەوە. هەروەها بۆ تەندروستی مێشک، چەرەزات بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڤیتامین E و ئۆمیگا 3، وەک قەڵغانێک کاردەکات بۆ پاراستنی خانەکانی مێشک لە پیربوون.

بڕی پێشنیازکراوی ڕۆژانە

پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت لە خواردنی چەرەس زیادەڕەوی بکرێت بۆ ئەوەی جەستە هەموو سوودەکان وەربگرێت بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی زیادبوونی کێش. بڕی پێشنیازکراو بۆ هەر ڕۆژێک تەنیا 30 گرامە، کە یەکسانە بە یەکێک لەم بڕانە:

نزیکەی 20 دەنک بادەم.

نزیکەی 15 دەنک کازۆ.

نزیکەی 10 دەنک بستە ( فستق).