شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: لێپێچینەوە لە وتاری ڕق و کینە دەکرێت

سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق هێڵی سوورە و قسەی لەسەر ناکرێت، دەشڵێت، هەر هەوڵێک بۆ بڵاوکردنەوەی وتاری ڕق و کینە، یاخود هاندانی ململانێی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی توند دەبێتەوە.

زیان لە کۆمەڵگە دەگەیەنێت

سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، هەر بڵاوکراوە و چالاکییەکی دیکەی هاوشێوە لەسەر پێگە کۆمەڵایەتییەکان بۆ یاریکردن بە ئاسایشی نیشتمانی و قۆستنەوەی ئازادی، لەلایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە چاودێریی ورد دەکرێت و بەدوایاندا دەگەڕێن، چونکە بە گوتەی ئەو، زیان بە کۆمەڵگە دەگەیێنێت.

 بەسەر هەموو لایەکدا جێبەجێ دەکرێت

ئاماژەی بەوەشکردووە، بێ جیاوازیی یاسا بەسەر سەرجەم ئەوانەدا پەیڕەو دەکرێت کە برەو و هاندان دەدات بە وتاری کینە و تایفەگەری، داواشیان لە هاونیشتمانییانی عێراق کردووە، بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییانە مامەڵە بکەن و یەکڕیزبن لەدژی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی یەکپارچەیی عێراق.