ترەمپ هەڵە ئیملاییەکانی ناو پەیامەکەی ڕاست دەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فۆتۆ: AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بەردەوام لەبارەی ئەو زمانەی بەکاریدەهێنێت و ئەو وشانەی ناتوانێت بە ڕێک و پێکی دەریان بڕێت، بووەتە ترێند، لە بەدواداچوونێکی کەناڵ8دا دەردەکەوێت لەنێو دوایین پەیامیدا ترەمپ دوو هەڵەی زەقی کردووە کە نەک تەنیا لەڕووی ئیملاوە، بەڵکو لەڕووی واتاشەوە، جیاوازن.

پەیامێکی بەرەبەیانێکی زوو

سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 02:00 بەکاتی واشنتن پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و وا دیارە ویستوویەتی هەواڵی دانوستان لەگەڵ ئێران بەخێرایی بڵاوبکاتەوە، بۆیە پەلە پەل و شپرزەیی بە پەیامەکەیەوە دیارە، بەڵام دواتر ناچار بوو هەڵەکانی ڕاستبکاتەوە.

دیاترین هەڵەکان

کەناڵ8 سکرینی پێش چاککردنی هەڵەکان و سکرینی دوای چاککردنی پۆستەکەی ترەمپی کردووە.

هەڵەکان هێندە زەقن پێویست ناکات ئاستی زانینی ئینگلیزیت بەرز بێت تاوەکو بیبینیت، بۆ نموونە لە سێیەم وشەی پەیامەکەیدا لەجیاتی بنووسێت پلیزت (PLEASED) واتە "دڵخۆشم"، نووسیویەتی پلیز (PLAEASE) واتە "تکایە". هەردوو وشەکە لەکاتی خوێندنەوەدا زۆر لەیەکتر دەچن و دیارە سەرۆکی ئەمریکا تێکەڵاوی کردوون.

هەڵەی دووەمی پەیامەکەی ترەمپ

هەڵەی دووەمی نێو پەیامەکەی ترەمپ زۆر زەقترە، لەجیاتی وشەی ویچ (WHICH) بە مانای "ئەوەی کە" دێت، نووسیویەتی ویچ (WITCH) کە بە مانای ساحیر و جادووگەر  دێت.

هەڵەی سپێڵینگ

ئەمە دەریدەخات، ترەمپ لە سپێڵینگدا کۆڵە، چونکە هەردوو ویچەکە لەیەکدی جیاناکاتەوە لەبەرئەوەی هەردووکیان بە هەمانشێوە دەخوێنرێنەوە.