هەموو شتێک سەبارەت بە هەوکردنی سییەکان
گرنگترین بەشی سییەکان، کە کرداری ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین و دوانۆکسیدی کاربۆن لەنێوان خوێن و هەوادا ئەنجامدەدات، پێکهاتەیەکە ناوی تورەکەی هەواییە. کاتێک هەوکردنی سییەکان روودەدات، تورەکە هەواییەکان بە کێم یان بەڵغەم پڕدەبنەوە و ئاستەنگ بۆ کرداری هەناسەدان دروستدەبێت، هۆکاری دروستبوونی هەوکردنەکەش دەکرێت ڤایرۆس، بەکتریا یان کەڕوو بێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی 12ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی جیهانی هەوکردنی سییەکان دەستنیشانکردووە. هەوکردنی سییەکان هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی منداڵانی خوار پێنج ساڵییە لە جیهاندا، ساڵانە نزیکەی 700 هەزار منداڵ بەوهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.
نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە، بە وەرگرتنی دەرمان و پشوودان زۆرینەی نەخۆشەکان چاکدەبنەوە، سەرەڕای ئەمە، نەخۆشییەکە بە یەکێک لەو نەخۆشییانە دادەنرێت کە بارگرانییەکی ئابووری زۆر دەخاتە سەر وڵاتانی جیهان، بەجۆرێک رێکخراوی تەندروستیی جیهانی مەزەندەی ئەوە دەکات، ساڵانە نەخۆشییەکە زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری تێدا خەرجدەکرێت.
نیشانەکانی هەوکردنی سییەکان
دەکرێت کەسێک نەخۆشییەکە بە لاوازی یان توندی بگرێت، ئەمەش دەکەوێتە سەر جۆری میکرۆبەکە، تەمەن و تەندروستیی کەسەکە.
هەندێک لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە ئەمانەن:
- کۆکە، دەکرێت بەڵغەمی لەگەڵ بێت
- ئازاری سنگ، کاتی هەناسەدان و کۆکە
- هەناسەتوندی
- شەکەتی و ماندوویی
- ئارەقکردنەوە
- ئێڵنجدان و رشانەوە
چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکەم؟
کاتێک کەسێک هەناسەتوندی، ئازاری سنگ، کۆکە و تای هەیە، باشترە پزیشک ببینێت. هەندێک کەس مەترسییان زیاترە بە توندی نەخۆشییەکە بگرن، ئەو کەسانەی باشترە زووتر سەردانی پزیشك بکەن ئەمانەن:
- کەسانی سەروو 65 ساڵی
- منداڵانی خوار دوو ساڵی
- ئەو کەسانەی نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەیە و سیستمی بەرگریی جەستەیان لاوازبووە
- ئەو کەسانەی چارەسەری کیمیایی وەردەگرن
هۆکارەکانی هەوکردنی سییەکان
ڤایرۆس و بەکتریا، دوو باوترین میکرۆبن کە دەبنەهۆی هەوکردنی سییەکان. نەخۆشییەکە بەگوێرەی جۆری میکرۆبەکە و ئەو شوێنەی کە میکرۆبەکەی لێ وەردەگیرێت پۆلێن دەکرێت:
هەوکردنی سییەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانە
باوترین جۆری هەوکردنی سییەکانە، ئەم جۆرە کاتێک روودەدات ئەو میکرۆبەی نەخۆشییەکە دروستدەکات لە دەرەوەی نەخۆشخانەکانەوە وەرگیراوە. بەگشتی باوترین ئەو میکرۆبانەی دەبنە هۆی ئەم جۆرەی هەوکردنی سییەکان ئەمانەن:
- بەکتریا: سترێپتۆکۆکەس نیومۆنیا باوترین بەکتریایە لەم کۆمەڵەیەدا کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکە
- ڤایرۆس: ئەو ڤایرۆسانەی دەبنە هۆی هەڵامەت دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی سییەکانیش، کۆڤید یەکێکە لە ڤایرۆسەکان
- کەڕوو: ئەم جۆرەی هەوکردنی سییەکان زیاتر لەو کەسانەدا روودەدات کە سیستمی بەرگریی جەستەیان لاوازبووە
هەوکردنی سییەکان لە نێو نەخۆشخانە
ئەو کەسانەی ماوەیەک لە نەخۆشخانەدا دەمێننەوە، مەترسیی ئەوەیان هەیە تووشی ئەم جۆرەی هەوکردنی سییەکان ببن. ئەو بەکتریایانەی لە نەخۆشخانەکاندا دەبنە هۆی هەوکردنی سییەکان زۆرجار بەهێزترن. نەخۆشییەکە زیاتر لەو کەسانەدا روودەدات کە لەسەر هەناسەی دەستکردن یان لە یەکەی چاودێریی ورددا خەوێنراوون.
هەوکردنی سییەکان بەهۆی گیرخواردنی خۆراک یان ئاو لە بۆری هەناسەدا
گیرخواردنی خۆراک، لیک و شلەمەنییەکان لە بۆری هەناسەدا دەکرێت گرفتەکە دروستبکەن. ئەو کەسانەی گرفتێکی مێشک و دەماریان هەیە مەترسییان زیاترە تووشی گرفتەکە ببن.
لێکەوتە خراپەکانی هەوکردنی سییەکان چین؟
- کەمبوونەوەی ئۆکسجین
- کۆبوونەوەی شلە لە نێوان پەردەی سییەکاندا
- هەوکردن و پیسبوونی خوێن بە بەکتریا
- کۆبوونەوەی کێم لە سییەکاندا
چۆن رێگری لە هەوکردنی سییەکان بکەم؟
- وەرگرتنی ڤاکسین
- پاکوخاوێنی
- وازهێنان لە جگەرە
- خۆراک و ژیانی تەندروستانە

پزیشکان چۆن نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکەن؟
پزیشکی پسپۆڕ سەرەتا پرسیار سەبارەت بە مێژووی نەخۆشییەکە دەکات، پشکنینی جەستەی دەکات و گوێ لە هەناسەدانی دەگرێت، لە ئەگەری تووشبوونی کەسەکە بە هەوکردنی سییەکان، پزیشکەکە دەکرێت ئەم پشکنینانە بۆ کەسی چارەخواز بکات:
- پشکنینی خوێن
- وێنەی تیشکیی سنگ
- پشکنینی بەڵغەم
چارەسەری هەوکردنی سییەکان
چارەخوازان زۆرجار پێویست بەوە ناکات لە نەخۆشخانە بمێننەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، سێ چارەسەری سەرەکی هەن بۆ ئەو کەسانەی تووشی هەوکردنی سییەکانیان دەبن:
- دەرمانە دژەزیندەییەکان: ئەم جۆرە دەرمانانە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێن کە هۆکاری نەخۆشییەکە بەکتریایە
- دەرمانی کۆکە: کەمکردنەوەی کۆکە وادەکات کەسەکە باشتر پشووبدات
- دژەهەوکردنەکان: بۆ کەمکردنەوەی ئازار و تا
ئەو کەسانەی دەکرێت پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە بێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر:
- کەسانی سەروو 65 ساڵی
- ئەو کەسانەی هۆشیان تێکدەچێت
- زیانگەیشتن بە گورچیلەکان
- کەمبوونەوەی ئۆکسجینی خوێن
- دابەزینی فشاری خوێن
- دابەزینی پلەی گەرمیی جەستە
- خێرابوونی هەناسەدان
- خاوبوونەوە یان خێرابوونی لێدانی دڵ
ئەو منداڵانەی دەکرێت پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە بێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر:
- منداڵانی خوار دوو مانگی
- ئەوانەی زۆر شەکەت و خەواڵوون
- ئەوانەی گرفتی هەناسەدانیان هەیە و ئۆکسجینی خوێنیان کەمبووەتەوە
- ئەوانەی وشکبوونەتەوە
12/11/2023