سەرۆکایەتیی کۆمار: پێشمەرگە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیستمی بەرگریی نیشتمانییە

سەرۆکایەتیی کۆمار لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سۆران ڕایگەیاند، بە توندترین شێوە هێرشەکە سەرکۆنە دەکەن و سەرەخۆشیش لە بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەن و جەختیش لەوە دەکەنەوە، کە هێزی پێشمەرگە هەمیشە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیستمی بەرگریی نیشتمانی بووە و داواش دەکات ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیردرێت.

بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات

لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە، "سەرۆکایەتی کۆمار بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو بۆردومانە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە سنووری ناوچەی سۆران کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک تێکۆشەر و برینداربوونی چەندانی دیکە".

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان

سەرۆکایەتیی کۆمار هاوکات لەگەڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازێت و دەڵێت، "وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵمان بۆ بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز، بە شکۆوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە گیانی خۆیان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەخت کرد، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین".

کۆڵەکەی سەرەکیی سیستمی بەرگریی نیشتمانی

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماردا ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرۆکایەتی کۆمار جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوون لە سیستمی بەرگریی نیشتمانیدا و بەشداریکی کاریگەریان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری".

پێویستە ڕێز لە سەروەریی عێرا ق بگیردرێت

سەرۆکایەتیی کۆمار جەخت لە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق دەکاتەوە و دەڵێت، "لەکاتێکدا داوای پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دەکەین کە هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج، جەختیش دەکەینەوە سەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان، بەو شێوەیەی کە ئاسایشی وڵات بپارێزێت و خوێنی ڕۆڵەکانی بپارێزێت".