پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دواخرا
بە هۆکاری نالەباریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و هێرشە موشەکیی و درۆنییەکان، دەستەی سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، بەڕێوەچوونی پێشانگەکەیان دواخست.

بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیە
لە ناوەڕۆکی ڕاگەیەنراوی فەرمیی دەزگای مەدا و پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، ئاماژە بەوە دراوە، "بەهۆی ئەو بارودۆخ و ڕووداوانەی ئێستا ناوچەکەیان پیادا تێدەپەڕێت، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی بەشداربووان و دڵنیابوون لە ڕێکخستنی چالاکییەکان بە باشترین شێوە، بڕیار درا، بە دواخستنی کاتی ئەنجامدانی پێشانگەکە بۆ کاتێکی دیکە."

وادەکەی دیاری نەکراوە
لە ناوەڕۆکی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە وادەی نوێی بەڕێوەچوونی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کەی دەبێت، بەڵام جەخت لەوە کراوەتەوە، "هەر کاتێک وادەی نوێی پێشانگەکە دیاری کرا، هەمووان ئاگادار دەکەینەوە."

بڕیار بوو سەرەتای نیسان بەڕێوەبچێت
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، بڕیار بوو ڕێکەوتی هەشت بۆ 18ی نیسانی ئەمساڵ، 18ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بەڕێوەبچێت و تیایدا 300 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە بە زیاتر لە 100 هەزار ناونیشانی جیاواز بەشداریی بکەن.

24/03/2026