د.حەسەن خۆشناو: دەکرێت کەسێک ئاوی ڕەشی چاوی هەبێت بەڵام ئازاری چاوی نەبێت و نیشانەی نەبێت

ئاوی ڕەشی چاو یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی چاو و هۆکاری نزیکەی %10ی لەدەستدانی بیناییە لە جیهاندا، بەمەبەستی ‌وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 دیمانەیەکمان لەگەڵ د.حەسەن خۆشناو، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو، ئەنجام داوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:  

ئاوی ڕەشی چاو چییە؟

ئاوی ڕەشی چاو یەکێکە لە نەخۆشییە هەستیارەکانی چاو، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی فشاری ناو چاوەوە دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتەهۆی کزبوونی دەماری بینین.

نیشانەکانی ئاوی ڕەشی چاو چین؟

ئاوی ڕەشی چاو نیشانەیەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام دەکرێت چەند نیشانەیەک هەبن وەک:

  1. هێواش هێواش لە دەستدانی بینایی
  2. لاوازی توانای بینین لە تاریکیدا
  3. سەرئێشە
  4. چاوئێشە
  5. لێڵبینین

هۆکارە مەترسیدارەکانی تووشبوون بە ئاوی ڕەشی چاو چین؟

  1. هەڵکشانی تەمەن
  2. بۆماوەیی
  3. ئەو کەسانەی بەرزیی فشاری خوێنیان هەیە
  4. نەخۆشییە درێژخایەنەکان، وەک شەکرە و بەرزەفشاری خوێن 
  5. بەکارهێنانی دەرمانی کۆرتیزۆن، بە شێوەی قەترە، حەب و دەرزی
  6. زەبری دەرەکی

دەکرێت کەسێک ئاوی ڕەشی چاوی هەبێت بەڵام ئازاری چاوی نەبێت و بینینی باش بێت؟

بەڵێ، چونکە ئاوی ڕەشی چاو لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی ئەوتۆی نییە و بە پڕۆسەیەکی هێواش، زیان بە دەماری بینایی دەگەیەنێت.

ئایا دەکرێت کەسێک ئاوی ڕەشی چاوی هەبێت، بەڵام ئاستی فشاری ناو چاوی ئاسایی بێت؟

بەڵی، چونکە لە حاڵەتی Tension type glaucoma، کەسەکە ئاوی ڕەشی چاوی هەیە، بەڵام ئاستی فشاری ناو چاوی ئاساییە.

ئایا بەکارهێنانی قەترەی چاو، ڕێگری دەکات لە لەدەستدانی بیانایی بەهۆی ئاوی ڕەشی چاوەوە؟

قەترەکانی چاو بۆ چارەسەری ئاوی ڕەشی چاو بەکاردێن، ئاستی فشاری ناو چاو کەم دەکەنەوە، لە ڕێگەی کەم کردنەوەی ئاستی دروستبوونی شلەی ناو چاو و زیاتر دەردانی شلەی دروستبووی ناو چاو بۆ دەرەوەی چاو.

دیارترین ئەو پشکنینە پێشوەختانە چین بۆ دەستنیشانکردنی ئاوی ڕەشی چاو ئەنجام دەدرێن؟

  1. Tonometry
  2. Optic nerve exam
  3. Visual field exam
  4. Oct Gonioscopy