ئێران: مووشەکمان ئاڕاستەی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن کرد

فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن لە چالاکییەکی دەریایی
فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن لە چالاکییەکی دەریایی

ئێران دەڵێت، مووشەکیان ئاڕاستەی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن کردووە و ناچاریان کردووە شوێنەکەی بگۆڕێت. هۆشداریش دەدات و دەڵێت، لە داهاتوودا بەئامانجی دەگرنەوە.

بە مووشەکی کروز هێرشیان کردووە

ڕۆژی چوارشەممە هێزی دەریایی ئێران ڕایگەیاند، بە مووشەکی کروز هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی یو ئێس ئەبراهام لینکۆڵن و لە داهاتووشدا هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.

ناچاریان کردووە پێگەی خۆی بگۆڕێت

لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، مووشەکەکانی ئێران ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەیان ناچارکردووە پێگەی خۆی بگۆڕێت.

بەردەوام چاودێریی جموجۆڵەکانی ئەبراهام لینکۆڵن دەکەن

هاوکات شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران، ڕایگەیاندووە، بەردەوام چاودێریی جموجۆڵەکانی ئەبراهام لینکۆڵن دەکەن و هەر کاتێک هاتە ناو مەودای سیستمە مووشەکییەکانیانەوە، بەئامانجی دەگرن.