لە نێوان تەورات و ئینجیل دا؛ خوێندنەوەی واشنتن و تەل ئەبیب بۆ جەنگی کۆتایی
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل لە لێدوانەکانیان دا ڕەهەندی ئایینی دەدەنە جەنگی ئێران و بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکان وەک جەنگی "هەرمەجدوون" و نیشانەی نزیکبوونەوەی قیامەت وێنای دەکەن.
دیدی بەرپرسانی نوێی ئەمریکا بۆ سەرکردایەتی ئێران
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، سەرکردەکانی ئێران پیاوانی ئایینی شیعەی تووندڕەون و بڕیارە جیۆپۆلیتیکییەکانیان لەسەر بنەمای دیدی ئایینی دەدەن. هاوکات، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە، ڕژێمە تووندڕەوەکان پابەندی ئەوەن کە پێی دەگوترێت "وەهمەکانی ئیسلامی"، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە ناتوانن خاوەنی چەکی ئەتۆمی بن.
جەنگ وەک بەشێک لە پلانی خودا
یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا ئامۆژگاری ئەفسەرەکانی کردووە بە سەربازەکان بڵێن ئەم شەڕە بەشێکە لە پلانی خودا. ئەو فەرماندەیە ئایەتەکانی کتێبی پیرۆزی "ئینجیل"ـی سەبارەت بە شەڕی هەرمەجدوون و گەڕانەوەی مەسیح هێناوەتەوە و ئەفسەرەکانی دڵنیاکردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ لەلایەن یەسوعەوە پیرۆزکراوە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە لەگەڵ ئێران هەڵگیرسێنێت، تاوەکو ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ شەڕی هەرمەجدوون و گەڕانەوەی عیسا بۆ سەر زەوی.
واتای هەرمەجدوون لە ئایینە جیاوازەکان دا
هەرمەجدوون وشەیەکی عیبرییە و باس لە شەڕی کۆتایی نێوان هێزی چاکە و خراپە دەکات. لە ئایینی کریستیان و جوودا وا باس دەکرێت کە مەسیح دەگەڕێتەوە و سەرکردایەتی ئیمانداران دەکات. لە ئایینی ئیسلامیشدا، جەنگی کۆتایی یان "جەنگە گەورەکە" یەکێکە لە نیشانەکانی قیامەت کە تێیدا موسڵمانان و ڕۆمەکان لە دژی دوژمنێکی هاوبەش دەبنە هاوپەیمان و پێش هاتنی ئیمام مەهدی دەستپێدەکات.
گوتاری تەوراتیی نەتانیاهوو بەرامبەر ئێران
بنیامین نەتانیاھوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێراندا، بانگەوازی تەوراتی کردووە و ئێرانی بەراورد کردووە بە "عەمالیقەکان" کە لە نەریتی جولەکەدا نوێنەرایەتی خراپەکاری ڕەها دەکەن. لە 28ـی شوبات، نەتانیاهوو هاوتەریبییەکی لە نێوان فارسی کۆن و دەسەڵاتی ئێستای ئێراندا دروستکرد و چیرۆکی شاژنە ئیستەری هێنایەوە کە تێیدا فارس هەوڵی لەناوبردنی جوولەکەی داوە بەڵام شکستی هێناوە. نەتانیاهوو جەختی کردەوە کە ڕژێمی ئێستای ئێرانیش بە هەمان شێوە دەڕوخێت.
پێشبینییەکانی قیامەت لە ناو کۆمەڵگەی ئەمریکی دا
بۆ زۆرێک لە ئینجیلییەکانی ئەمریکا، شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکن لە گێڕانەوەی ئایینی سەبارەت بە ڕۆژی دوایی. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی سەنتەری توێژینەوەی بیو لە ساڵی 2022، نزیکەی 39%ـی ئەمریکییەکان بە گشتی و 47%ـی پرۆتستانتە ئینجیلییەکان پێیان وایە مرۆڤایەتی لە سەردەمی کۆتایی دونیادا دەژی. هەروەها ڕۆژنامەی زە ئینتەرسێپت بڵاویکردووەتەوە کە لانیکەم دەیان سەرکردەی سەربازی ئەمریکی ئەم شەڕە وەک ڕێگەیەک بۆ گەڕانەوەی مەسیح دەبینن.
کاریگەری ئایین لە پنتاگۆن و کۆشکی سپی
پیت هیگسێت بیروباوەڕی کریستیانی ئینجیلی لە ئاستە بەرزەکانی سوپادا چەسپاندووە و مانگانە کۆبوونەوەی نوێژکردن لە پنتاگۆن پەخش دەکات. لە کۆشکی سپیش ڤیدیۆی قەشەکان بڵاوکراوەتەوە کە دوعا بۆ سەرکەوتنی ترەمپ لە شەڕەکەدا دەکەن. دامەزراوەی ئازادی ئایینی سەربازی لە ئەمریکا 110 سکاڵای لە سەربازانەوە پێگەیشتووە کە فەرماندەکانیان تۆمەتبار دەکەن بە بەکارهێنانی گوتاری ئایینی توندڕەو بۆ پاساودانی شەڕ دژی ئێران.
ترەمپ وەک جێبەجێکاری ویستی خودایی
میدیای ڕاستڕەوی ئەمریکا ستایشی بڕیارەکانی ترەمپ دەکەن و بە "کوروشی گەورە" و "کۆنستنتینی گەورە" دەیشوبهێنن. هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە مانگی تەمموزی 2024 وەک نیشانەیەک بینرا کە ئەو لەلایەن خوداوە پارێزراوە بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی پیرۆز. زۆرێک لە لایەنگرانی ترەمپ پشتگیریکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەوەوە وەک پێشەکییەک بۆ هاتنی مەسیح تەماشا دەکەن.
مەسیحگەرایی لە سیاسەتی ئیسرائیلدا
لە دوای جەنگی غەززەوە، گوتاری قیامەت لە ئیسرائیل زیادی کردووە. یینۆن ماگال، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی پێشووی کنێست ڕایگەیاندووە کە تەنیا مەسیح دەتوانێت جێگەی نەتانیاهوو بگرێتەوە. هەندێک لە حاخامەکان دەڵێن نەتانیاهوو لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە هەڵنەبژێردراوە، بەڵکو هەڵبژاردەی خودایە بۆ بەئاگاهێنانەوەی میللەتەکە.
دزەکردنی تائیفە ئایینییەکان بۆ ناو سوپای ئیسرائیل
ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە کە تائیفەی حەریدیم دزەیان کردووەتە ناو ڕیزەکانی سوپای ئیسرائیل و هەوڵدەدەن یاسای تەورات بسەپێنن. ئەم کۆمەڵگەیە باوەڕیان وایە کە خاکی ئیسرائیل نەک تەنیا فەڵەستین، بەڵکو بەشێکی سینا و ئوردنیش دەگرێتەوە. لە ئێستادا ئەم تائیفەیە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی ئیسرائیل هەیە و نەتانیاهوو وەک "مەسیحێک" دەبینن کە گۆڕانکاری لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا دەکات.
26/03/2026