لە دهۆک بەنزین گرانبووە و نۆرەى دووردرێژ دروستبووە

لە دهۆک بەهۆی کەمی ئەو بەنزینەی بۆ پارێزگاکە تەرخان دەکرێت، بەنزین گرانبووە و لە بەنزینخانەکان قەرەباڵغی و نۆرەیەکی زۆر دەبینرێت.

بەرزبوونەوەى نرخ و نیگەرانى هاونیشتمانییان

لە دهۆک بەنزینی نۆرماڵ کە پێشتر بە 750 دینار دابەشدەکرا ئێستا نرخەکەی 900 بۆ هەزار دینار بەرزبووەتەوە و بەنزینی محەسەن هەزار و 300 دینارە و بەراورد بە ماوەیەک بەر لە ئێستا نرخەکەی گران بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بەنزینخانە حکومییەکان قەرەباڵغییەکی زۆر دروستبووە بۆ وەرگرتنی بەنزین و سەدان ئۆتۆمبێل لە نۆرەدا وەستاون بۆ وەرگرتنی نەوت.

تەنیا 50 لیتر ڕێگە پێدراوە

پەیامنێری کەناڵ8 لە دهۆک، باسی لەوەکرد، لە بەنزینخانەکان ئۆتۆمبێلەکان چەندین کاتژمێرێک لە نۆرەدا دەوەستن بۆ وەرگرتنی بەنزین و ڕێگەش نادرێت تەنکی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕبکەن بەڵکو دەتوانن تەنیا 50 لیتر بەنزین وەربگرنن، بە گوتەی بەرپرسان ئەم هەنگاوە بۆ ئیدارەدانی بەنزینەکە و هاوسەنگییە لەنێوان شۆفێرەکاندا.

پشکى دهۆک لە بەنزین

پارێزگای دهۆک لە وەرزی پاییز و زستاندا یەک ملیۆن و 300 هەزار لیتر بەنزینی پێویستە و لە وەرزی بەهار و هاوینیش دا یەک ملیۆن و  500 هەزار لیتری پێویستە، بەڵام ئێستا نیوە کەمتری ئەو بڕە بۆ دهۆک دابیندەکرێت هەربۆیە گرانی لەسەر بەنزین دروستبووە لەکاتێک دا پێشووتر بەنزین و بەرهەمەکانی دیکەی پارێزگاکە لە پاڵاوگەکانی لاناز و کارەوە دابیندەکرا.