خەرجییە سەربازییەکانى ئەمریکا لە جەنگى دژى ئێران واشنتنى شپرزە کردووە
نزیک دەبینەوە لە مانگێک لە بەردەوامیی شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران، ئەم شەڕە بە شەڕى تەکنەلۆجیا و چەکى زیرەک و ورد ناودەبرێت، جەنگێکى لەوجۆرەش خەرجییەکى خەیاڵیی پێویستە، چەند زانیارییەکتان لەبارەى خەرجییەکانى ئەمریکا لەم جەنگە پێدەدەین، دواتریش باسى جبەخانەکانى ئەمریکا دەکەین ئایا هێندە چەکى تێداماوە کە ترەمپ و پێت هێگسێتى وەزیرى جەنگ دەڵێن، خاوەنى گەورەترین جبەخانە و پێشکەوتووترین چەکین لە جیهاندا.
بەو پێیەى ئەمریکا هیچ زیانێک بەر سەرخان و ژێرخانى لە وڵاتەکەى خۆیدا نەگەیشتووە و دوورى نێوان تاران و واشنتن زیاتر لە 10 هەزار کیلۆمەترە، بەڵام هەر مووشەکێک، هەر درۆنێک، هەر فڕۆکەیەکی جەنگیی دژى ئێران بەکارهێنابێت خەرجیی ویستووە.
خەرجییەکانى ئەمریکا لەم جەنگەدا 45 ملیار دۆلارە
بەگوێرەى ڕاپۆرت و زانیارییەکانى پنتاگۆن، لە ئازاری 2026، وردەکاریی خەرجییەکانى ئەمریکا لەم جەنگەدا خەیاڵییە.
بەگوێرەى خەمڵاندنەکانی پنتاگۆن، تێچووی جەنگەکە زۆر بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، هەفتەی یەکەمى جەنگەکە، ئەمریکا بڕی 11.3 ملیار دۆلاری خەرجکردووە. پێنج ملیار دۆلارى تەنیا بۆ تەقەمەنی خەرجکراوە.
ئەگەر هەفتەى یەکەم وەکو پێوەر وەربگرین، ئەوا ئەمریکا لە چوار هەفتەى جەنگەکەدا زیاتر لە 45 ملیار دۆلارى لە جەنگى دژى ئێران خەرجکردووە، ئەم پارەیە خەرجیی ئەو کەشتییە جەنگییە زەبەلاحانەش دەگرێتەوە کە هێناویەتییە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پڕلە چەک و تەقەمەنیین.
ترەمپ داوای 200 ملیار دۆلار لە بودجە دەکات
ئەم خەرجییە زۆرەى جەنگ ترەمپى ناچارکردووە، داوای 200 ملیار دۆلار بودجەی زیادە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم جەنگە و کڕینەوەی ئەو چەکانەی کە بەکارهێنراون لە کۆنگرێس بکات.
ترەمپ و ئیدارەکەى دەڵێن، ئەو پارەیە دەدەن بەو چەک و تەقەمەنییانەى کە ناویانە بە ئێرانەوە.
دۆخى کۆگاى تەقەمەنیی ئەمریکا
هەمیشە ترەمپ و هێگسێت شانازیی بە کۆگاى تەقەمەنییەکانیانەوە دەکەن.
پێچەوانەى سەرۆک و وەزیرەکەیان، بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە کە بەکارهێنانی چەکەکان زۆر خێرایە و ساڵانێک لە بەرهەمهێنانى تەقەمەنی ستراتیجی، تەنیا لە چەند ڕۆژێکدا خەرج کراوە، ئەمەش مەترسیی کەمبوونەوەى تەقەمەنی لە کۆگاکانى ئەمریکا دروستکردووە، هەربۆیە ترەمپ زوو زوو دەڵێت، ئەم جەنگە بە چەند هەفتەیەک کۆتایی پێدەهێنن.
کەمبوونەوەی مووشەکی دژە ئاسمانی
ناوەندی CSIS بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجی و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، مووشەکەکانی پاتریۆت و تاد بەهۆی بەرپەرچدانەوەی سەدان مووشەکی بالیستیکى ئێران، گەیشتوونەتە ئاستێک، کە لە دوای جەنگی دووەمى جیهانییەوە هێندە کەمنەبووەتەوە.
ئەمریکا خۆیشى دانى بەوەدا ناوە کۆگانى نزیکن لە کورتهێنان، لە هەفتەی سێیەمی جەنگەکەدا، گوتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، بەکارهێنانی مووشەکەکان بێ وێنە بووە و هۆشداری دا لە خاڵیبوونەوەی خێرای یەدەگی ستراتیجی مووشەک.
ئەمریکا چەکى لەکوێ دەستدەکەوێت؟
جبەخانە و کۆگاکانى چەکى ئەمریکا هێندەش بە ئاسانى خاڵى نابێتن بەڵام ئەگەر گەیشتە ئەو ئاستە، ئەمریکا لەکوێ چەکى دەستدەکەوێت؟
ئەگەر کۆگاکان بەرەو خاڵیبوون بچن، ئەمریکا پەنا بۆ چەند ڕێگایەک دەبات، لەوانە، زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، حکومەت گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک لۆک هید مارتن و RTX واژۆ کردووە، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی مووشەکی تاد و پاتریۆت و تۆماھۆک دوو هێندە بۆ چوار هێندە زیاد بکەن.
هەر ئەمەش نییە، ئەمریکا ژمارەیەک وڵاتى گەورەى جیهان هاوکاریی دەکەن و هاوپەیمانین، لەوانەش، ژاپۆن و وڵاتانی ئەورووپا، کە خاوەنى کۆگاى چەکى پێشکەوتوون و ئامادەن هاوکاریی ئەمریکا بکەن، بەشێکیشیان کار دەکەن بۆ دروستکردنی کارگەی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنانی بزوێنەری مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەرەوەی خاکی ئەمریکا.
ئەگەرچى ترەمپ گلەیی لە ناتۆ کرد و گوتى لەترسی تێوەنەگلان لە جەنگەکە، هاوکارییکردنیان لە جەنگەکەدا ڕەتکردووەتەوە، ترەمپ گوتیشى، ئێمەش بەشداریی جەنگیان لەگەڵ ناکەین.
لە ئەمریکا یاسایەک هەیە بەناوى یاسای خێراکردنی کڕین ، ترەمپ دەتوانێت ئەم یاسایە کارا بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان ببڕێت و پارەی خێرا بداتە کارگەکان بۆ ئەوەی شەو و ڕۆژ کار بکەن بۆ دروستکردنى چەک و پێداویستییەکانى جەنگ.
ئێستا کاتى ئەوەیە بزانین ئەو پارە زەبەلاحەى باسدەکرێت لە 26 ڕۆژدا ئەمریکا خەرجیکردووە، لە چیدا بووە و ئەو چەکانە کامانەن واشنتن بەکاریهێناوە؟
ئەو چەکانەى ئەمریکا دژى ئێران بەکاریهێناوە
بەگوێرەى ڕاپۆرتە سەربازییەکان لەم چوار هەفتەیەی جەنگدا، ئەمریکا کۆمەڵێک چەکی پێشکەوتوو و جیاوازی بەکارهێناوە کە زۆربەیان بۆ لێدانی ئامانجە ستراتیجییەکان و بەرگریی ئاسمانی بوون، لەوانە؛ مووشەکە دوورهاوێژەکانى وەکو تۆماھۆک، ئەم مووشەکە لە کەشتییە جەنگییەکان و ژێردەریاییەکانەوە دەهاوێژرێن بۆ لێدانی بنکە سەربازییەکان، کۆگاكانی درۆن و سیستمەکانی ڕاداری ئێران.
موشەکی تاد، سیستمێکی بەرگرییە بۆ تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران لە بەرزاییەکی زۆردا پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.
فڕۆکە جەنگییەکان و بۆمبهاوێژەکانى وەکو فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و ڕاداربڕ کە بۆ تێکشکاندنی سەکۆی مووشەکی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەکارهێنراون.
B-21 نوێترین بۆمبهاوێژی ئەمریکییە کە لەم جەنگەدا بۆ یەکەمجار بۆ لێدانی بنکە و ژێرزەمین و دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران بەکارهێنراوە.
B-52 بۆ بۆردومانکردنی چڕی ناوچە سەربازییە گەورەکانى ئێران بەکارهێنراوە.
جگە لە درۆنى MQ-9بۆ چاودێریکردن و لێدانی ئامانجە جوڵاوەکان و سەرکردە سەربازییەکان بە مووشەکی وردی وەک ھێڵفایەر، جگە لە چەندین جۆر بۆمبی وێرانکەر و مووشەکەکانى پڕکردنەوەى سیستمى بەرگریی ئاسمانیی وەکو پاتریۆت و تاد.
مووشەکەکانى سیستمى بەرگریی ئاسمانیی گرانن
با کەمێک ئەمەتان بۆ ڕوونتر بکەمەوە، ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییانەى ئەمریکا بەکاریدەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەى درۆن و مووشەکەکانى ئێران، پاتریۆت و تادن، ئەم سیستمانە سەکۆیان هەیە، هەر پاترییەکی پاتریۆت بە شێوەی ئاسایی 6 بۆ 8 سەکۆی هاویشتنی هەیە. هەر سەکۆیەک دەتوانێت لە یەک کاتدا 64 بۆ 128 مووشەک ئامادە بکات بۆ هاوێشتن، هەر مووشەکێک نزیکەى پێنج ملیۆن دۆلارە، ئینجا ئەم سیستمە ڕۆژانە لە بنکە دیپلۆماسی و سەربازییەکانى بەکاردەهێنرێت، ئەمەش تێچوویەکى زۆرى هەیە.
بۆ سیستمی تادیش هەمان شتە، یەک پاتری تاد دەتوانێت تاوەکو 72 مووشەک ئامادە بکات بۆ هاویشتن، تێچووی یەک مووشەکی تاد، زۆر لە پاتریۆت گرانترە و نزیکەی 12 ملیۆن دۆلارە، ئەم سیستمەش بەردەوام لەماوەى جەنگەکەدا ئەمریکا لە بنکە و بارەگاکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەکاریهێناوە، واتە هەر بەکارهێنانێکى سیستمەکە پارەیەکى خەیاڵى لەسەر حکومەتى ئەمریکا دەکەوێت، هەندێک جاریش بە مووشەکێک ئامانجەکە ناپێکرێت، ئەوکات تێچووەکە چەند هێندە دەبێت. هەر لەبەر ئەمەیە ترەمپ داواى دابینکردنى 200 ملیار دۆلارى بەخێرایی لە کۆنگرێس کردووە.
ئەمە بۆ ئیسرائیلیش ڕاستە، بە بڕ و قەبارەى جیاواز، بەڵام ئێران کە دوو وڵات لێی دەدەن و دەستیان بە ژێرخان و سەرخانى دەگات، زیانەکانى زۆرترن، بەگوێرەى شیکردنەوەکانى ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆکیکس و ناوەندی CSIS زیانەکانى ئێران لەم جەنگەدا زیاتر لە 450 ملیار دۆلارە، 180 ملیار دۆلار زیانی ڕاستەوخۆی وێستگەکان و هەناردەیە.
26/03/2026