ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای ڕووسیا بۆ کوژرانی 160 منداڵ لە قوتابخانەیەکی ئێران کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ هەینی 27-3-2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای ڕووسیا کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی داخراو ئەنجام دەدات. ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هێرشەکانە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنیی ئێران، بەتایبەت ئەو کارەساتەی لە شاری میناب ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی دەیان منداڵ.
هەڵەیەک کە بووە کارەسات
لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکردنی جەنگی ئێراندا، مووشەکێک بەر قوتابخانەیەک لە شاری "میناب" لە باشووری ئێران کەوت. لەو ڕووداوەدا زیاتر لە 160 قوتابی تەمەن جیاواز گیانیان لەدەستدا. بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەی سوپای ئەمریکا، دەرکەوتووە مووشەکێکی "تۆماهۆک"ی ئەمریکی بەهەڵە ئاڕاستەی ئەو قوتابخانەیە کراوە و ئەو کارەساتە مرۆییەی لێکەوتووەتەوە.
ڕووسیا داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات
یەڤگینی ئۆسپێنسکی، وتەبێژی نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی داوای کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە. ڕووسیا نیگەرانە لەوەی هێرشەکان بەردەوام ژێرخانی مەدەنیی ئێران دەکەنە ئامانجی، لەوانەش ناوەندەکانی خوێندن و نەخۆشخانەکان، ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
مافی مرۆڤ لە جنێڤ کۆدەبێتەوە
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی نیویۆرک، بڕیارە هەر ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە جنێڤ کۆبوونەوەیەکی جیاواز ئەنجام بدات. تەوەرەی سەرەکیی ئەو کۆبوونەوەیەش تەنیا جەختکردنەوە دەبێت لەسەر هێرشە کوشندەکەی سەر قوتابخانەی میناب و لێکەوتەکانی جەنگەکە بۆ سەر ژیانی سڤیلەکان لە ئێران.
جەنگ لە دووەم مانگ نزیک دەبێتەوە
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لەکاتێکدان کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران خەریکە دووەم مانگی خۆی تەواو دەکات. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ و دانوستانەکانی پاکستان، بەڵام هێشتا هێرشەکان بەردەوامن و زیانە گیانی و ماددییەکانی ناوخۆی ئێران لە زیادبووندان.
27/03/2026