د.دییە ڕێبوار: پێکوتەی ڤایرۆسی هاریی سەگ دوای گەستن گرنگترین بەشی چارەسەرە

وێنەی د.دییە ڕێبوار، پزیشکی ڤێتێرنەری
وێنەی د.دییە ڕێبوار، پزیشکی ڤێتێرنەری

هاریی سەگ نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە لە نێوان ئاژەڵ ومرۆڤدا، ساڵانە نزیکەی 60 هەزار کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن، لە کوردستانیش ئەم حاڵە باوە، بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاژەڵانی بێلانە لە شەقام و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانیان، سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هاریی سەگ و ڕێنوێنییە تەندروستییەکان، دێسکی تەندروستیی کەناڵ8، دیمانەیەکمان لەگەڵ د.دییە ڕێبوار، پزیشکی ڤێتێرنەری، ئەنجام داوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:

نەخۆشیی هاریی سەگ چییە؟

نەخۆشیی هاریی سەگ یەکێکە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییە مەترسیدارەکان، کاردەکاتە سەر کۆئەندامی دەماری مرۆڤ، ئاژەڵە شیردەرەکان، لەوانە: مرۆڤ، سەگ و پشیلە. ئەم نەخۆشییە بەهۆی (ڤایرۆسی ڕەیبیس Rabies )ـەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتەهۆی هەوکردنی مێشک.

نەخۆشیی هاریی سەگ چۆن دەگوازرێتەوە؟

  1. لە ڕێگەی گازگرتنی ئاژەڵی تووشبووەوە لە مرۆڤ، ئەم ڕێگەیە بە باوترین ڕێگەی گواستنەوەی نەخۆشیی هاریی سەگ دادەنرێت
  2. بەرکەوتن لەگەڵ لیکی ئاژەڵی تووشبوو، لە ڕێگەی بەرکەوتن بە برینی کراوە، چاو و دەمی ئاژەڵی تووشبوو

نەخۆشیی هاریی سەگ زیاتر لە چ ئاژەڵێکەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؟

باوترین ئەو ئاژەڵانەی دەبنەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسی هاریی سەگ بریتیین لە:

  1. سەگ
  2. شەمشەمەکوێرە
  3. ڕێوی و چەندین ئاژەڵی دیکە

لێکەوتە نەرێنییەکانی نەخۆشیی هاریی سەگ لەسەر مرۆڤ چین؟

  1. دڵەڕاوکێ
  2. شەلەل
  3. پەرکەم
  4. دروستبوونی ئاستەنگی لە قوتدانی شت، چونکە ئەو بەشەی مێشک بەرپرسە لە قوتدان کاریگەر دەبێت بە ڤایرۆسیی هاریی سەگ

دیارترین ڕێگا خۆپارێزییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هاریی سەگ چین؟

ڕێکارە خۆپارێزییەکان سەبارەت بە ئاژەڵان:

  1. پێدانی پێکەوتەی ڤایرۆسی هاریی سەگ بە سەگ و پشیلە یان هەر ئاژەڵێکی دیکە کە لەماڵەوە بەخێو بکرێت، خاوەن ئاژەڵان هۆشیار بکرێنەوە لەسەر نەخۆشیی هاریی سەگ، تاوەکو پێکوتەی ڤایرۆسی هاریی سەگ بدەن بە ئاژەڵەکانیان
  2. کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی سەگە بێلانەکان لەنێو شار و شوێنی نیشتەجێبووندا

ڕێکارە خۆپارێزییەکان سەبارەت بە مرۆڤ:

  1. دوورکەوتنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و بێلانە
  2. هۆشیارکردنەوەی منداڵان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ و ئاژەڵان
  3. هەماهەنگی هەبێت لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان سەبارەت بە تۆمارکردن  و دورخستنەوەی ئاژەڵانی تووشبوو بە ڤایرۆسی هاریی سەگ لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانیان

چارەسەرەکانی نەخۆشیی هاریی سەگ چین؟

نەخۆشیی هاریی سەگ ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، زووتر چارەسەر دەکرێت

چارەسەرەکانی نەخۆشیی هاریی سەگ، دوای گەستنی کەسەکە لەلایەن ئاژەڵی تووشبوو، بریتیین لە:

1.بەپەلە جێگای گەستنەکە بە ئاو و سابوون بشۆررێت

2. پێدانی پێکوتەی ڤایرۆسیی هاریی سەگ بە چارەخواز ( ئەگەر دوای گەستنەکەش بێت)

3.پێدانی دژەتەنی ڤایرۆسی هاریی سەگ بە چارەخوازەکە

پەیامت بۆ کۆمەڵگە چییە؟

  1. هەموو گەستنێکی سەگ بە حاڵەتی مەترسیدار وەربگرن
  2. دەستبەجێ چارەسەر وەربگیرێت لە کاتی گەستندا
  3. لەکاتی خۆیدا پێکوتەی هاریی سەگ بدرێت بە سەگ یان هەر ئاژەڵێکی دیکە لە ماڵەوە بەخێو دەکرێت
  4. هۆشیاریی نەخۆشیی هاریی سەگ بڵاوبکرێتەوە، چونکە ژیانی هاونیشتمانیان دەپارێزێت لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە