خواردنی هەمان ژەم یارمەتیی دابەزاندنی کێش دەدات

گران جاف 28/03/2026

توێژەرانی زانکۆیەک لە ئەمریکا دەریانخستووە، ڕۆژانە خواردنی هەمان ژەم و سوکەژەم، یارمەتیی دابەزاندنی کێش دەدات.

لەمێژە توێژینەوە جیاوازەکان سەلماندوویانە کە بۆ تەندروستییەکی باشتر پێویستە ژەمەکانمان هەمەچەشن بن، بەڵام دەکرێت بۆ دابەزاندنی کێش پێچەوانەکەی ڕاست بێت.

ئەگەر ژەمێکی تەندروست و پڕ لە بەهای خۆراکیی تەندروست بکەین بە ڕۆتین و ڕۆژانە بۆ ماوەی چەند مانگێک دووبارەی بکەینەوە، دەکرێت فشاری دروستکردنی ژەمی جیاواز و تەندروستمان لەسەر کەم بکاتەوە، هاوکات ئاسانتر دەتوانین بەردەوام بین لە تەندروستبوون.

لە توێژینەوەکەدا، 112 کەسی کێش زیاد و قەڵەو بەشداربوون، هەموویان پڕۆگرامێکی تایبەتی خۆراکییان بۆ دانرابوو، بەشێکیان لە 12 هەفتەی سەرەتای پڕۆگرامەکەدا ڕۆژانە هەمان ژەم و سوکەژەمیان دەخوارد، هەروەها هەموو ڕۆژێک هەمان بڕ لە کالۆرییان وەردەگرت، کۆمەڵەکەی دیکە ڕۆژانە ژەمی جیاواز و کالۆریی جیاوازییان وەردەگرت.

دەرکەوت ئەو کەسانەی کە هەمان ژەم و بڕی کالۆرییان وەردەگرت، زیاتر کێشی جەستەیان دادەبەزاند.

لەگەڵ ئەوەی جیاوازییەکە لە ماوەی 12 هەفتەدا کەمبوو، بەڵام ئەگەر بە شێوازێکی درێژخایەن بەردەوام بن دەکرێت جیاوازییەکە زۆر گەورەتر بێت.

توێژەران ئەوەشیان خستەڕوو کە بۆ هەر 100 کالۆرییەکی جیاواز لە ڕۆژێکدا(کەمتر یان زیاتر)، بەڕێژەی %0.6 کەمتر کێشی جەستە دادەبەزێت.

گران جاف

28/03/2026