درۆنێک لە کێڵگەی نەوتی مەجنوون لە بەسڕە کەوتە خوارەوە

دیمەنێک لە کێڵگەی نەوتی مەجنوون لە بەسڕە
دیمەنێک لە کێڵگەی نەوتی مەجنوون لە بەسڕە

وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، درۆنێک لە سنووری پارێزگای بەسڕە و لەناو جەرگەی یەکێک لە گرنگترین کێڵگە نەوتییەکانی وڵات کەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێ بکەوێتەوە.

وردەکاریی ڕووداوەکە

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ڕووداوەکە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی لەناو کێڵگەی نەوتی مەجنوون لە شارۆچکەی دێر ڕوویداوە. کێڵگەکە لەژێر چاودێری و بەرپرسیارێتیی لیوای نۆی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزەدایە.

دەستوەردانی خێرای تیمە تەکنیکییەکان

وەزارەتی بەرگری جەختی کردەوە کە تیمە تایبەتەکان، بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنەکە و درۆنەکەیان هەڵگرتووەتەوە. ئێستا تاقیگە پسپۆڕەکان سەرقاڵی پشکنینی پاشماوەکانی درۆنەکەن بۆ ناسینەوەی ناسنامە و سەرچاوەی ئاراستەکردنی.

پەیامی دڵنیایی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دڵنیایی دەدەنە کارمەندانی کێڵگە نەوتییەکان، کە ڕێکاری توندیان گرتووەتە بەر بۆ "گرەنتیی پاراستنی پێگە ستراتیژییەکان" و ڕێگری لە هەر هەوڵێکی تێکدەرانە کە ئاسایشی ئابووریی عێراق بخاتە مەترسییەوە.

گرنگی شوێنی ڕووداوەکە

کێڵگەی مەجنوون یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان و عێراق دادەنرێت بە جۆرێک یەکێکە لە چوار گەورەترین کێڵگەی نەوتی باشووری عێراق. یەدەگی کێڵگەکە بە نزیکەی 38 ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، کە توانای بەرهەمهێنانی لەنێوان 200 بۆ 240 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەیە و حکومەتی عێراق پلانی ئەوەیە، ئاستی بەرهەمی کێلگە بەرزبکاتەوە بۆ 400 هەزار تاوەکو 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.