رووماڵی کەناڵ8
ناردنی هێزی ئەمریکا و هۆشدارییەکانی ئێران
دەستوەردانی سەربازی
مانگێک بەسەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێپەڕی. تاوەکو دێت قەبارە و ئاستی هێرشەکان زیاتر دەبێت و ئەمریکا هێز و سەربازی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات و باس لە ئەگەری دەستوەردانی سەربازی، یان کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک لە ئێران دەکرێت. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، چاوەڕێی هاتنی سەربازانی ئەمریکان و سەربازەکانی ئەمریکا دەکەنە خۆراکی قرشەکانی کەنداو.
دانوستان و شەڕ
هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران و ئەمریکا بەرامبەر بەیەکدی لە کاتێکدایە، هەوڵێکی بەنێوەندگیری لەلایەن پاکستان و میسڕ و تورکیا هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، سەرەڕای ئەو هەوڵە، ئێران و ئەمریکا بەردەوامن لە هێرشەکانیان لە دژی یەکدی و سەرەڕای بۆردومانکردنی ئامانجەکان لە ئێران، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و لوبنانیش دەکرێنە ئامانج . هاوکات بەرەی مقاوەمە لە عێراق و حیزبوڵای لوبنان و حوسیەکانی یەمەن لە بەرژەوەندیی ئێران چوونەتە ناو شەڕەکە. ئەمریکا و ئیسرائیلیش بەردەوامن لە هێرش و بۆردومانەکانیان بۆ سەر هێزی دەریایی ئێران، ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان و بەشێک لە وێستگە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران.
بەرپرسانی باڵای ئێران و هێرشەکان
لە ماوەی ئەو مانگەدا بەهۆی هێرشەکانەوە ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشی مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و 12 وڵات بەردەوامە و گەرووی هورمزیشی بەڕووی کەشتیوانی و بازرگانیدا داخستووە.
ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران
سەرلەبەیانیی ڕۆژی 28/2/2026 ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشە هاوبەشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. ئیسرائیل هێرشەکانی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر و ئەمریکاش ھێرشەکانی بە ناوی توڕەیی داستانخوڵقین لە دژی ئێران ئەنجام دەدات.
30/03/2026
ناردنی هێزی ئەمریکا و هۆشدارییەکانی ئێران
ئێران ڕەتیدەکاتەوە دانوستانى لەگەڵ ئەمریکا کردبێت
وەزارەتى دەرەوەى ئێران دووپاتیدەکاتەوە، هیچ دانوستانێکى لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە و ئەوەى هەیە داواکارى دانوستان بووە و بە هاوپێچى پێشنیازێکى ئەمریکاوە گەیشتووەتە دەستیان.
ڕەتکردنەوەی دانوستان لە ماوەی جەنگدا
ئیسماعیل بەقائى، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەى بەوەکرد، لە 31 ڕۆژى ڕابردووى جەنگدا هیچ دانوستانێکیان لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە.
ئەوەی هەبووە داواکاری دانوستان بووە
گوتیشى "ئەوەى ڕوویداوە داواکارى دانوستان بووە بە هاوپێچى پێشنیازێکى ئەمریکا، لە ڕێگەى نێوەندگیرەکانەوە لەوانەش پاکستان گەیشتووەتە دەستیان".
بەرگری لە هەڵوێستەکان
بەقائى ڕوونیشیکردەوە، هەڵوێستیان ڕوونە و هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ بەرگریی لە سەروەریی وڵاتەکەیان ، لە سایەى دوژمنکاریی ئەمریکا.
گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران دووپاتیکردەوە، ئەو ناپاکییە لەبیرناکەن کە دوو جار لە دیپلۆماسییەت کرا لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا.
قالیباف: دوژمن هەڵەیەکی گەورە دەکات
هاوکات لەگەڵ قسەو باسەکان لەبارەى دانوستانەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەى تووندى کرد و گوتى "وا لە دوژمن دەکەن پەشیمان بێتەوە".
"هەڕەشە لە ئێران هەڵەیەکی گەورەیە"
قالیباف لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتى "دوژمن دەیەوێت بۆ بەدەستهێنانی ئارەزووەکانی خۆی و لە ڕێگەی هەواڵەوە واخۆی پیشان بدات کە بەرەوپێشچووە و هەڕەشە لە میللەتەکەمان دەکات و هەڵەیەکی گەورە دەکات".
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەگەر هێرشێک بکەن و لێدانێک تۆماربکەن چەند هێندەیان بەرامبەر دەکرێتەوە.
داوای پەشیمانبوونەوە
قالیباف دەشڵێت "پشتیوان بە خودا گەلی ئێران بە ڕێبەرایەتی ڕێبەری مەزن وا لە دوژمن دەکات پەشیمان ببێتەوە لە دەستدرێژی و مافەکانی وەردەگرێتەوە".
ئەوەش دواى ئەوەدێت ڕۆژى دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕاگەیاندبوو، بەمنزیکانە بۆیان دەردەکەوێت، ئایا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئامادەیە لەگەڵیان کار بکات یاخود نا و گوتیشی "نزیکەی هەفتەیەکی دیکە ئەوەتان پێ دەڵێم."
کوەیت بۆ دووەمجار باڵیۆزی عێراق بانگێشت دەکات
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، بۆ دووەمجار کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق بانگێشت دەکات و نامەی ناڕەزایەتیی پێدەدات و داوای ڕاگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەکات و وەڵامدانەوەش بە مافی خۆی دەزانێت.
بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانەوە
وەزارەتەکە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، بریکاری وەزیری دەرەوەی کوەیت، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقی بۆ دووەمجار بانگێشتکردووە و نامەی ناڕەزایەتی پێداوە، بەهۆی ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە دەکرێتە سەریان.
ناساندنی بە کارێکی دوژمنکارانە
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە دەکرێنەسەر وڵاتەکەی، کارێکی دوژمنکارانەیە و پێشێلکردنی سەروەرییان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانە.
داواکردن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر دژی دەستدرێژیکاران و بەرپەرچیان بداتەوە.
وەڵامدانەوە بە مافی خۆی دەزانێت
بریکاری وەزیرى دەرەوەی کوەیت دەڵێت، مافی ڕەوای خۆیانە بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن دژی ئەو هێرشانە دەکرێتە سەریان، بەگوێرەى ماددەی 51 لە جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکاری پێویست بگرینەبەر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەی، هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەروەری خاک و وڵاتەکەیان.
عێراق ڕۆژانە 360 هەزار دۆلار زیانى بەردەکەوێت
عێراق ڕۆژانە 360 هەزار دۆلار زیانى بەردەکەوێت، بەهۆى وەستانى تێپەڕبوونى فڕۆکە بە ئاسمانەکەیدا.
بەهۆی نائارامییەکانی ناوچەکەوە
ڕوانگەى ئیکۆ عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە دەرئەنجامى نائارامییەکانى ناوچەکە و تێپەڕنەبوونى فڕۆکەکان بە ئاسمانەکەیدا ڕۆژانە عێراق 360 هەزار دۆلار کە مانگانە دەکاتە 10 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار زیانى بەردەکەوێت.
کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەر لە هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕۆژانە 800 فڕۆکەى ناوخۆیی و جیهانى بە ئاسمانى عێراقدا تێپەڕدەبوون، ئەوەش بەرزترین ڕێژەبووە بەرامبەر بە ماوەکانى ڕابردوو کە ڕۆژانە 700 بۆ 750 فڕۆکەبووە لە ڕۆژێکدا.
کرێی تێپەڕبوونی فڕۆکەکەیەک چەندە
کرێى تێپەڕبوونى هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانى عێراقدا 450 دۆلارە، ڕۆژانەش 360 هەزار دۆلار داهاتى بۆ دەستەبەر دەکات.
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، لە 28ـى شوبات و دواى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى گەشتە ئاسمانییەکاندا داخستووە.
چەند بەرپرسێکى ئەمنى و سەربازى عێراق لە کارەکانیان بەخشران
عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لە کاردانەوەى بە ئامانجگرتنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد چەند بەرپرسێکى ئەمنى و سەربازى شارى بەغدادى لە کارەکانیان بەخشى.
لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی
لە ڕاگەیێنراوێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژە بەوە کراوە "عەبدولئەمیر شەمەرى، فەرمانى کرد بە لێکۆڵینەوەیەکى ورد لەسەر ژمارەیەک فەرماندە ئەمنییەکانى ناوچەى مەدائن، بەهۆى ئەو سەرپێچییە ئەمنییەى کە شەوى ڕابردوو لە ناوچەى دەسەڵاتیان ڕوویدا.
بەخشینی چەند لێپرسراوێکی مەیدانی و ئەمنی
وەزیرى ناوخۆ فەرمانى کردووە بە بەخشینى هەریەک لە بەڕێوەبەرى پۆلیسى مەدائن و بەڕێوەبەرى بەشى هەواڵگریى و ئامر فەوجى دووەم لە لیواى چوارەمى پۆلیسى فیدراڵى و ڕاگرتنیان بۆ لێکۆڵینەوە، بەهۆى کەمتەرخەمییان لەو ئەرکە ئەمنییەى کە پێیان سپێردراوە.
پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە
وەزیرى ناوخۆى بڕیاریشیداوە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەبارەى ڕووداوى هەڵدانى چوار مووشەک بە ئاڕاستەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد کە لەو ناوچەیەوە ئاڕاستە کراوە کە لەژێر بەرپرسیارێتى ئەمنى ئەو بەرپرسانەدا بووە.
وەزیرى ناوخۆ جەختى لەسەر سزادانى هەر کەسێک کردووەتەوە لە هەر پلەیەکدا بێت کە بسەلمێنرێت کەمتەرخەمى کردووە لە پاراستنى ئاسایشى ئەو ناوچەیەى کە لە چوارچێوەى بەرپرسیارێتیدایە.
قاسم ئەعرەجی: پابەندین بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسى و باڵیۆزخانەکان
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نشتیمانیی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ڕێکاری توندى ئەمنى گرتووەتەبەر بۆ پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو باڵیۆزخانانەى کە لە عێراق کاردەکەن.
سەردانى بارەگاى کلیمینس سیمتنەر
نووسینگەى ڕۆژنامەوانى ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە " قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نشتیمانیی عێراق سەردانى بارەگاى کلیمینس سیمتنەر، باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا لە بەغداد کرد".
پەرۆشی بۆ هەماهەنگی لەگەل وڵاتانی ئەوروپا
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە "لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا لە بەغداد ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتمانیى عێراق جەختى لەسەر پەرۆشى عێراق کردەوە لە بەردەوامبوونى هەماهەنگیى و پەیوەندیى توندوتۆڵ لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا و وڵاتە دراوسێکان، بەو جۆرەى کە پارێزگاریى لە بەرژەوەندیى هاوبەش بکات".
عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە دپلۆماسییەکان
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە "قاسم ئەعرەجى لە کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونى حکومەتى عێراقى بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو باڵیۆزخانانە کردەوە کە لە عێراق کار دەکەن".
گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنی تووند
جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە "عێراق ڕێکاریى توندى ئەمنى گرتووەتەبەر بۆ پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو باڵیۆزخانانەى کە لە عێراق کار دەکەن".
پەرۆشی ئەوروپا بۆ پەیوەندی سیاسی و ئابووری
لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا جەختى لەسەر پەرۆشى وڵاتانى یەکێتیی ئەوروپا کردەوە لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابورییەکانى لەگەڵ عێراق".
ستایشکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق
باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپا بە گوێرەى ڕاگەیێنراوەکە ستایشى هەوڵەکانى حکومەتى عێراقى کردووە لە پاڵپشتیکردنى کۆتاییهێنان بەو ململانێیەى کە لە ناوچەکەدا هەیە لەگەڵ هەنگاوەکانى لە بوارى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریى ناوچەکە و جیهان.
لێدوانەکانى قاسم ئەعرەجى، ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە کاتێکدایە کە لە ماوەى ڕابردوودا چەند جارێک بۆردوومانى باڵیۆزخانە و بارەگاى نێردە دیپلۆماسییەکان لە ناوچە جیاوازەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کراوە.
هاکەرەکانی ئێران دزەیان کردووەتە ناو ئیسرائیل و داتای 60 کۆمپانیایان سڕیوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی سایبەری ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هاکەرە ئێرانییەکان توانیویانە دزە بکەنە ناو سیستەمی کامێرا ئەمنییەکان و داتای دەیان کۆمپانیای ئیسرائیلی بسڕنەوە، ئەمەش بە مەبەستی چاودێریکردنی جووڵە سەربازییەکان و زانینی قەبارەی زیانەکانی جەنگ.
چاودێریکردنی ئیسرائیل لە ڕێگەی کامێراوە
دووشەممە 30ـی ئازاری 2026، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویکردەوە، ئێران هاوشانی شەڕی مووشەکی، بەرەیەکی بەهێزی "جەنگی ئەلیکترۆنی" دژی ئیسرائیل کردووەتەوە. هاکەرە ئێرانییەکان دزەیان کردووەتە ناو سیستەمی لانیکەم 50 کامێرای ئەمنیی ئیسرائیل تاوەکو بتوانن لە دوورەوە شوێنپێی جووڵەی هێزەکانی سوپا هەڵبگرن و هەڵسەنگاندن بۆ وردیی ئەو مووشەکانە بکەن کە ئاراستەی شارەکان دەکرێن.
سڕینەوەی هەمیشەیی زانیارییەکان
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هاکەرەکان داتاکانی 60 کۆمپانیای جیاوازیان بەتەواوی سڕیوەتەوە. زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی کەوتوونەتە بەر شاڵاوی هاکەرەکان، کۆمپانیای بچووک و مامناوەند بوون، بەڵام هێرشەکان بە جۆرێک بوون کە داتاکانیان بە شێوەیەکی هەمیشەیی خاپوور کراون و ناتوانرێت چیتر بگەڕێنرێنەوە.
شەڕی سایبەری بۆ سەر ئەمریکا و کەنداو
وۆڵ ستریت جۆرناڵ هۆشداری دەدات کە چالاکییە سایبەرییەکانی ئێران تەنیا ئیسرائیلی نەگرتووەتەوە. لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی تاران بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداویش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە شەڕی سایبەری گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و هەردوولا هەوڵ دەدەن ژێرخانی دیجیتاڵیی یەکتری پەک بخەن.
مەسرور بارزانی و وەزیری وزەی ئەمریکا: دەبێت هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر کۆمپانیاکانی نەوت ڕابگیرێن
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی وزە و ئابووریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. لە گفتوگۆکەدا جەخت لە پاراستنی ژێرخانی وزەی هەرێم و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان کرایەوە.
پەیوەندییەک بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کریس ڕایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدا. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کوردستانەوە
لە پەیوەندییەکەدا، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا بەرز نرخێندرا. هەردوولا هاوڕابوون کە ئەم هەنگاوە ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکانی سەر عێراق و هاوکارییەکیشە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی جیهانیی وزە لەم دۆخە هەستیارەدا.
پاراستنی ژێرخانی وزە
مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پاڵپشتیی ئەمریکا کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکومەت ڕاشکاوانە داوای کرد کە هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە کوردستان ڕابگیرێن و گەمارۆ بازرگانییەکان هەڵبگیرێن، تاوەکو ژینگەیەکی لەبار دروست بێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
سەقامگیریی ناوچەکە
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، مەسرور بارزانی و کریس ڕایت باسیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکە کرد. وەزیری وزەی ئەمریکا و سەرۆکی حکومەت هاوڕابوون کە هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هەولێر و واشنتن لە کەرتی وزەدا، دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان.
ئەردۆغان بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئارامیی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە و هێرشی سەر ماڵەکەتان سەرکۆنە دەکەین
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک کرد. ئەردۆغان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی دهۆک
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد. لە پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان بەتووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک، هەروەها هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا شەهید و بریندار بوون.
تورکیا و ئارامیی ناوچەکە
سەرۆککۆماری تورکیا لە گفتوگۆکەدا دووپاتی کردەوە کە ئاسایش و ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە بایەخێکی زۆری هەیە. ئەردۆغان وتی: "تورکیا هەمیشە پشتگیری لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات و بە گرنگییەوە لەو ئارامییە دەڕوانین کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە."
کوردستان نابێتە بەشێک لە جەنگ
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هەڵوێستە دۆستانەکانی تورکیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. سەرۆکی هەرێم دڵنیایی دایە ئەردۆغان کە کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و وتی: "هەرێمی کوردستان هەرگیز نابێتە بەشێک لە جەنگ و گرژییەکان و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ململانێیەکان."
چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی جەنگ و لێکەوتەکانی بۆ سەر ناوچەکە و جیهان کرد. ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ ڕاگرتنی جەنگ و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە بۆ هەموو ئەو ناکۆکییانەی کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتەوە.
جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر گردی ڕیعایە لە سلێمانی
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ 30/302026، کاتژمێر 7:40خولەکی ئێوارە بە یەک درۆن هێرشکرایە سەر گردی ڕیعایە لەسلێمانی.
لەدەرئەنجامی هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووه.
ئاژانسى وزەى ئێران: دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریى ورددان
ئاژانسى وزەى ئێران، ڕایگەیاند، دۆخى وێستگە ئەتۆمییەکان ئارامە و لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریى ورددان.
وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر کۆنترۆڵدان
بەهرۆز کەمالوەندى، جێگرى سەرۆکى دەستەى وزەى ئەتۆمی ئێران، ڕایگەیاند، دۆخى وێستگە ئەتۆمییەکانى وڵاتەکەی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، ڕاشیگەیاند، ئەو زیانانەى تۆمار کراون لە وێستگە ئەتۆمییەکان، بەجۆرێک نەبوون مەترسیى گەورە دروستبکەن.
سەرجەمیان سەلامەتن
کەمالوەندى، ئاماژەى بەوەشکرد، سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکان سەلامەتن و لەژێر کۆنتڕۆڵ و ژینگەى کارگێڕیى لەناکاودان و دۆخى وێستگەکان سەقامگیر و چالاکە.
هێرشەکان بۆسەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز
ڕۆژى شەممە، 21ـى ئازارى 2026، لە سنووری پارێزگای ئەسفەهانی ئێران، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیى نەتەنز، کە تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، دواى هێرشەکەى ئەمریکا و ئیسرائیلیش، لە وەڵامى ئەو هێرشە تاران بە مووشەکى بالیستیکى هێرشی کردە سەر وێستگەى ئەتۆمیى دیمۆنا، لە ئیسرائیل و بەهۆیەوە 39 کەس برینداربوون، لایخۆیەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر دیمۆنا، هیچ حاڵەتێکی نا ئاسایی دزەکردنی تیشکدانەوەی ناوەکی لە وێستگەی دیمۆنا و دەوروبەری بەدی نەکراوە.
ترەمپ: بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ڕژێمێکی ژیرتر لە گفتوگۆداین
ترەمپ دەڵێت، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە گفتوگۆیەکی جددیدان لەگەڵ ڕژێمی تاران و دەشڵێت، لە ئەگەری شکستی گفتوگۆکان، کارەبای ئێران و دوورگەی خارگ وێران دەکەن.
گفتوگۆکان پێشکەوتنی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتیی ترووس، سەرکردایەتیی ئێستای ئێران بە ڕژێمێکی "نوێ و ژیرتر" ناو دەبات و دەڵێت، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئۆپراسیۆنەکان، لە گفتوگۆیەکی جددیدان لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا و گفتوگۆکانیش پێشکەوتنی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە.
هەڕەشە نوێیەکانی ترەمپ
ترەمپ لەگەڵ ئەوەی دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆر لەگەڵ تاران ڕێکدەکەون، بەڵام هەڕەشە دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان و نەکردنەوەی گەرووی هوورمز، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بیرە نەوتەکان و دوورگەی خارگ دەتەقێننەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندتر دەکات و باس لەوە دەکات، تەنانەت ڕەنگە وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی ئێرانیش بتەقێننەوە و لەناویان ببەن.
گفتوگۆکانی تاران و واشنتن بە نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد بەردەوامە
هەڕەشەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە، گفتوگۆکانی تاران و واشنتن بە نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد بەردەوامە و ئێرانیش دەڵێت، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئەمریکا بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشی زیاتر.
حووسییەکانی یەمەن: گەرووی بابولمەندەب بە دەردی هورمز دەبەین و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەسووتێنین
حووسییەکانی یەمەن بە فەرمی چوونە ناو جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و زنجیرەیەک هێرشی مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد. ئەوان هەڕەشەی داخستنی گەرووی بابولمەندەب دەکەن و دەڵێن هەموو کەشتی و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.
هەڕەشە لە دەریای سوور
حووسییەکان ڕایانگەیاند کە چیتر لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێدەنگ نابن و بە فەرمی بە مووشەکی بالیستی چوونە ناو جەنگەکەوە. ئەوان ئاشکرایان کرد کە کارتی بەهێزیان بەدەستەوەیە و دەتوانن گەرووی بابولمەندەب بەتەواوی دابخەن، ڕێک بەو شێوەیەی کە ئێران تەنگەی هورمزی پەکخستووە.
کارتی گوشاری وزە
گەرووی بابولمەندەب یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، کە ڕۆژانە نێوان 10% بۆ 12%ـی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. حووسییەکان کە ئەزموونی زۆریان لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کەشتیوانی هەیە، دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە فشارێکی گەورەی ئابووری بخەنە سەر ئەمریکا و بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا بشێوێنن.
بەرەیەکی یەکگرتوو دژی ئەمریکا
لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن، خۆپێشاندانی گەورە بۆ پشتگیریکردنی ئێران و حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەڕێوەچوو. خۆپێشاندەران دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل"یان بەرزکردەوە و جەختیان کردەوە کە ئەوان لەگەڵ تاران و هاوپەیمانەکانی لە بەرەیەکی یەکگرتوودان و تا کۆتایی لەم جەنگەدا بەردەوام دەبن.
مەترسی لەسەر بازاڕی جیهانی
بەهۆی پەککەوتنی گەرووی هورمز، ئێستا نرخەکانی نەوت و گاز لە بەرزترین ئاستدان. ئەگەر حووسییەکان هەڕەشەکەیان جێبەجێ بکەن و گەرووی بابولمەندەبیش پەکبخەن، کارەساتێکی ئابووریی گەورە ڕوو لە جیهان دەکات. ئەمەش فشارێکی قورس دەخاتە سەر ئیدارەی ترەمپ، کە ئێستا لە نێوان بژاردەی سەربازی و دیپلۆماسیدا گیروخواردووە.
ئێران: ئیسرائیل وێستگەی ئاوی کوەیتی بۆردوومان کردووە بۆ ئەوەی ئێران تۆمەتبار بکات
گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی شیرینکردنی ئاو لە وڵاتی کوەیت. تاران دەڵێت ئامانج لەم هێرشە دروستکردنی بەڵگەی ساختەیە تاوەکو پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئێران بکرێت و نێوانی وڵاتانی ناوچەکە تێکبدرێت.
هێرش بۆ سەر ژێرخانی کوەیت
ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2026، ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئاشکرای کرد، فڕۆکەکانی ئیسرائیل وێستگەیەکی شیرینکردنی ئاویان لە وڵاتی کوەیت کردووەتە ئامانج. زولفەقاری جەختی کردەوە کە ئەمە هەوڵێکی مەترسیداری تەلئەڤیڤە بۆ پەلکێشکردنی وڵاتانی زیاتر بۆ ناو جەنگەکە.
دروستکردنی بەڵگەی ساختە
بەپێی گوتەکانی زولفەقاری، ئیسرائیل دەیەوێت بەم هێرشانە بەڵگەی ساختە دروست بکات تاوەکو وا نیشانی بدات کە ئێران لە پشت هێرشەکانەوەیە. وتیشی: "ئەم کارە بەشێکە لە پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئیسرائیل بۆ نانەوەی پشێوی و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکەدا."
هۆشداری بۆ وڵاتانی ناوچەکە بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا کرد کە زۆر وریای ئەو "فیتنە و ئاژاوانە" بن کە ئیسرائیل دەینێتەوە. زولفەقاری داوای کرد وڵاتانی دراوسێ نەکەونە ناو داوی پیلانەکان، کە ئامانجیان تەنیا تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و دروستکردنی دوژمندارییە لە نێوان گەلانی ناوچەکە
تاران بڕیارەکەی بەیرووت ڕەت دەکاتەوە: باڵیۆزمان لوبنان جێناهێڵێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە باڵیۆزەکەیان لە بەیرووت لە کارەکانی بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک وەڵامێکی توند بۆ بڕیارەکەی حکومەتی لوبنان کە داوای لێکردبوو وڵاتەکە جێبهێڵێت. تاران دەڵێت باڵیۆزەکەیان لەسەر داوای حیزبوڵڵا و سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.
تەحەدای بڕیارەکەی لوبنان
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان هەفتەی ڕابردوو متمانەی لە محەممەد ڕەزا شەیبانی، باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەی سەندەوە و وەک "کەسێکی نەخوازراو" ناوی برد. حکومەتی بەیرووت داوای لە شەیبانی کردبوو تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە 29-03-2026 خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت، بەڵام ئێران بە فەرمی ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند باڵیۆزەکەیان ناچێتە دەرەوە.
لەسەر داوای حیزبوڵڵا و نەبی بەری
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئێران بە ئاژانسی فرانس پرێسێیان ڕاگەیاندووە، مانەوەی شەیبانی لە بەیرووت لەسەر داوای ڕاستەوخۆی حیزبوڵڵا و نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بووە. حیزبوڵڵا پێشتر داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردبوو کە دەستبەجێ لە بڕیاری کشانەوەی متمانە لە باڵیۆزی ئێران پاشەکشە بکەن، چونکە ئەم هەنگاوە زیان بە بەرژەوەندییەکانی لوبنان دەگەیەنێت.
قەیرانێکی نوێی دیپلۆماسی
ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دەرەوەی لوبنان، کاربەڕێکەری ئێرانی بانگهێشت کرد و بڕیاری کشانەوەی متمانەی پێ ڕاگەیاند. ئێستا کە تاران ڕەتیدەکاتەوە باڵیۆزەکەی بکشێنێتەوە، لوبنان کەوتووەتە ناو قەیرانێکی قووڵی دیپلۆماسییەوە، کە تێیدا بڕیارەکانی حکومەت لەلایەن لایەنە ناوخۆییەکان و وڵاتانی دەرەوەوە ڕەچاو ناکرێن.
دۆناڵد ترەمپ: دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی دەست بەسەر دوورگەی خارگدا بگرین
واشنتن تاوتوێی بژاردەی سەربازیی نوێ دەکات بۆ کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان و تاقیکردنەوەی چەکی نوێ لە جەنگی دژی ئێراندا، هاوکات ژمارەی سەربازەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 50,000 کەسی تێپەڕاندووە.
ئەگەری ناردنی هێزی تایبەت بۆ گەرووی هوورمز
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە بژاردەکان جێگیرکردنی هێزی تایبەتە لە ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی گەرووەکە و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی جووڵەی دەریاوانی.
زیادبوونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ 50,000 سەرباز
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، پڕۆسەی ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە بەردەوامە. لە ئێستادا ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاستی 50,000 سەربازی تێپەڕاندووە، ئەمەش نیشانەی ئامادەکارییەکانی واشنتنە بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازیی فراوانتر لە ناوچەکەدا.
هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" هۆشداریدا لەوەی سوپای وڵاتەکەی دەتوانێت "زۆر بە ئاسانی" دەست بەسەر دوورگەی خارگدا بگرێت. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم دوورگەیە پێگەیەکی گرنگی نەوتییە بۆ ئێران و کۆنترۆڵکردنی یەکێکە لەو بژاردە زۆرانەی کە لەبەردەست پێنتاگۆندان بۆ لاوازکردنی توانای دارایی تاران.
تاقیکردنەوەی مووشەکی نوێ لەلایەن پێنتاگۆنەوە
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە چەند داتایەکی سەربازی بڵاویکردووەتەوە، پێنتاگۆن لە هێرشێکدا بۆ سەر چەند شوێنێکی مەدەنی لە باشووری ئێران، جۆرە مووشەکێکی بەکارهێناوە کە پێشتر لە هیچ جەنگێکدا تاقینەکراوەتەوە. ئەم هەنگاوە وەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی نوێی سەربازی لە جەنگی ئێستای ناوچەکەدا دەبینرێت.
پاکستان خۆی لە شەڕدايە و نێوەندگيریی ئێران و ئەمريکا دەکات
لەلایەک پاکستان لە شەڕدايە لەگەڵ ئەفغانستان و لەسەر سنوورەکانيان تەقە لە یەکدی دەکەن، لەلیەکیشەوە ئيسلام ئاباد نێوەندگيریی ئێران و ئەمريکا دەکات و خەریکی ڕێکخستنی دانوستان و ئاشتکردنەوەیانە.
شەڕ لەنێوان پاکستان و ئەفغانستان
دوێنێ لە سەرووبەندی، ميوانداريکردنی وەزيرانی دەرەوەی تورکيا، ميسڕ، سعوديە بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژييەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ ڕاگەياندنی ئەوەی، کە ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پاکستان ميوانداریی ئەو دانوستانە بکات، شەڕ لەنێوان پاکستان و ئەفغانستان ڕوويداوە.
چەکی قورس بەکارهاتووە
بەرپرسانی پاکستان دەڵێن "هەردوولا تۆپ و چەکی قورسیان بەکارهێناوە بۆ لێدان لە شوێنەکانی یەکدی لە پارێزگای کوناری ئەفغانستان و ناوچەی باجور لە پاکستان".
زیانی هێرشەکەی پاکستان
حەمدوڵڵا فیترات، جێگری گوتەبێژی ئیدارەی تاڵیبان لە کابول ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی پاکستاندا لانیکەم کەسێک گیانی لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
شەڕێ ئەفغانستان و پاکستان
شەڕی ئەفغانستان و پاکستان مانگی ڕابردوو سەريهەڵدايەوە، کابول دەڵێت "زياتر لە 400 کەس لە هێرشەکانی ئەم مانگەی پاکستاندا کوژراون.
ڕەتکردنەوەی پاکستان
پاکستان لێدوانەکانی تاڵیبانی سەبارەت بە هێرشەکان ڕەتکردەوە و گوتی "بە وردی دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی پشتیوانی تیرۆریستانی کردووەتە ئامانج".
ڕاگرتنی هێرشەکان
هەفتەی ڕابردوو بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە و لەسەر داوای تورکيا و قەتەڕ و سعوديە، ئيسلام ئاباد هێرشەکانی ڕاگرت و لەو کاتەوە هێرشيان نەکردووەتە سەر يەکدی.
جەبار یاوەر: عێراق نەیتوانیوە سەروەریی خۆی لە دەرەوە و ناوخۆ بسەپێنێت
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، عێراق نەیتوانیوە سەروەریی خۆی لە دەرەوە و ناوخۆ بسەپێنێت و بە باشیش دەزانێت ئەنجامدەرانی ھێرشەکان کێن.
حکومەتی عێراق دەزانێت هێرشبەرەکان کێن
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئەنجامدەدرێن، ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق باش دەزانێت ئەم گرووپانە کێن، بەوانەش کە هەرێمی کوردستان و پێگەکانی عێراق دەکەنە ئامانج بە خاڵی مەدەنی و سەربازییەوە، بەڵام دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنیانی نییە.
کێشەی سەپاندنی سەروەری
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کەناڵ8 باسی لەوەشکرد، عێراق کێشەی سەپاندنی سەروەریی بەسەر وڵاتاندا هەیە، هەم لە کایەی ئاسمانی و هەم وشکانی، هەمیش لە ناوخۆدا کێشەی سەپاندنی سەروەریی هەیە و ناتوانێت کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق بکات.
ترەمپ: لە گفتوگۆی جدیداین لەگەڵ ڕێژیمێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنەکانمان لە ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنتۆن سەرقاڵی گفتوگۆی جدییە لەگەڵ سەرکردایەتییەکی "نوێ و لۆژیکیتر" لە ئێران. هاوکات هۆشداریشی دا لە ئەگەری پەرەسەندنی سەربازی ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن.
گفتوگۆی جدی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "لە گفتوگۆی جدیداین لەگەڵ ڕێژیمێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنەکانمان لە ئێران و پێشکەوتنی گەورەش بەدیهاتووە" و گوتیشی "ئەگەری زۆرە بەم زووانە ڕێککەوتن بێتە ئاراوە".
هۆشدارییەکی نوێی ترەمپ
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا یان گەرووی هورمز نەکرایەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێت وێستگەکانی وزە و ژێرخانی ئێران بکاتە ئامانج.
وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی نەوت
ترەمپ لەبارەی ئەو ئامانجانەوە، کە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکاندا لە ئێران بۆردومانیان دەکەن، گوتی، "وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ژێرخانی نەوت، دوورگەی خارگ و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا دەکرێنە ئامانج" و ئاماژەی بەوەش کرد، کە تا ئێستا ئەو دامەزراوانە لێیان نەدراوە.
تۆڵەی سەربازانی ئەمریکا
ترەمپ ئەم هەڕەشانەی وەک وەڵامدانەوەیەک و تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشانەیە، کە ئێران کردوویەتی سەر سەربازانی ئەمریکی.
ئیسپانیا چیتر ڕێگە نادات فڕۆکە جەنگییەکان بەرەو ئێران بە ئاسمانیدا تێپەڕن
حکومەتی ئیسپانیا بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا دەدات و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی جەنگی عێراق دەدات.
داخستنی ئاسمانی ئیسپانیا بەڕووی ئەمریکادا
ڕۆژنامەی "ئێل پاییس"ـی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە مەدرید ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخستووە کە لە جەنگی دژی ئێراندا بەشدارن. ئەم بڕیارە تەنیا بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانی "رۆتا" لە کادیز و "مۆرۆن دی لا فرۆنتێرا" لە ئیشبیلیا ناگرێتەوە، بەڵکوو قەدەغەکردنەکە فڕۆکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی سێیەمیش دەگرێتەوە، وەک ئەو فڕۆکانەی لە شانشینی یەکگرتوو یان فەڕەنسا جێگیر کراون و دەیانەوێت ئاسمانی ئیسپانیا بەکاربهێنن.
ڕێکارەکان و حاڵەتە لەناکاوەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکان، حکومەتی ئیسپانیا تەنیا لە حاڵەتی زۆر لەناکاو و فریاگوزاریدا ڕێگە بە فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکە جەنگییەکان دەدات. ئەم هەڵوێستە درێژکراوەی بڕیارێکی پێشووتری مەدریدە لە سەرەتای مانگی ئازاردا، کە تێیدا ڕێگەی نەدا ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی ناو خاکی ئیسپانیا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت.
هۆشدارییەکانی پیدرۆ سانچێز
لە 25ـی ئازاری 2026، پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی هۆشداریی توندی دا و ڕایگەیاند، ململانێکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە جەنگی عێراق خراپترن. سانچێز جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی هەڵمەتی سەر عێراق وەبیر بهێنرێنەوە تاوەکو هەمان هەڵە مێژووییەکان دووبارە نەبنەوە.
قەیرانی وزە و ئابووریی جیهانی
ئەم هەڵوێستەی ئیسپانیا لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەچێتە دووەم مانگییەوە. بەهۆی ئەم ململانێیانەوە جووڵەی بازرگانی و کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەتەواوی پەکیکەوتووە و هەناردەی نەوت ڕاگیراوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی و بێپێشینەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا و وڵاتانی هاوردەکاری نەوتی تووشی قەیرانێکی ئابووریی قووڵ کردووە.
ئاڵنگارییەکانی واشنتن لە ئەوروپا
لە ئێستادا واشنتن ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە بۆ ڕازیکردنی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان. زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەبەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان لەسەر پاڵپشتیی ئۆکرانیا، نایانەوێت تێوەگلانیان لە جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیان بە بەرژەوەندییەکانیان بگەیەنێت. هەنگاوەکەی مەدریدیش وەک پەیامێکی ڕوون دەبینرێت بۆ دوورخستنەوەی ئیسپانیا لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی.
سەید مەجید ئیبن رەزا وەک وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریکرا
تاران سەرپەرشتیارێکی نوێ بۆ وەزارەتی بەرگری دیاری دەکات و ئیبن رەزا لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستبەکاربوونی، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.
دیاریکردنی سەرپەرشتیاری نوێی وەزارەتی بەرگری
میدیای فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، سەید مەجید ئیبن رەزا وەک سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریکرا. ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئازاری 2026، ناوبراو بە فەرمی وەک فەرماندەی سوپا و سەرپەرشتیاری نوێی ئەو وەزارەتە دەستبەکاربوو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سەربازیی وڵاتەکە.
شوێنگرتنەوەی عەزیز نەسیرزادە
سەید مەجید ئیبن رەزا لە پۆستەکەیدا شوێنی عەزیز نەسیرزادە، وەزیری پێشووی بەرگری دەگرێتەوە. نەسیرزادە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەنێو ئەو بەرپرس و فەرماندە باڵایانەدا بوو کە لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا کوژرا.
یەکەم هەنگاوی دیپلۆماسی و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا
وەزارەتی بەرگریی ئێران لە یەکەم ڕاگەیەندراویدا دوای دەستبەکاربوونی سەرپەرشتیارە نوێیەکە ئاشکرای کرد، سەردار ئیبن رەزا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی ئەنجامداوە. لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا باسیان لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و ئەو گرژییە سەربازییانە کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن.
هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە دەستدرێژیکاران
ئیبن رەزا لە یەکەم پەیامی فەرمیی خۆیدا هەڕەشەی ئاراستەی نەیارانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سزادانی دەستدرێژیکاران بەردەوام دەبێت. ئەم لێدوانەی سەرپەرشتیاری نوێی وەزارەتی بەرگری وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی پێکدادانە سەربازییەکان و هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردە شێوازی نوێی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان بۆ قوتابخانەکان ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکانەوە، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد، تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگی سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و تاقیکردنەوەکان ڕاگەیاند.
تاقیکردنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن ناکرێت
بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی نورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکانی لەسەرە، دوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، ئاگاداری سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان (سیستەمی وەزارەت و نێودەوڵەتی) دەکرێتەوە کە:
١- هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەک لە ناو ناوەندەکانی خوێندن ڕادەگیرێت.
٢- بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت قوتابیان و خوێندکاران بۆ ئەم مەبەستە سەردانی قوتابخانەکان بکەن.
٣- لەم قۆناغەدا تەنها پڕۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبن.
ڕێنمایی بۆ قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان
سەبارەت بەو قوتابخانە نێودەوڵەتییانەی کە پابەندی کات و ڕێککەوتە دەرەکییەکانن، وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر قوتابخانەیەک تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و کاتەکەی بەستراوەبێتەوە بە دەرەوەی وڵات، پێویستە پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بکاتەوە. ئەمەش بە مەبەستی ڕێکخستنی کارەکان و پێدانی ئاسانکاری و ڕێگەپێدانی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانە.
ڕێکخستنەوەی پرۆسەی خوێندن
ئەم بڕیارانە کە لە ڕێکەوتی 30ـی ئازاری 2026 دەرچوون، مەبەست لێیان ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی خوێندنە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا و جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و بەردەوامبوونی خوێندن لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە.
20 هەزار کەشتیوان لە ئاوەکانی کەنداو گیریان خواردووە
کەنداو و گرژییە ئەمنییەکان
ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی دەریاوانی ڕایگەیاندووە، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، زیاتر لە 20 هەزار دەریاوان لەنێو کەشتییە بازرگانییەکانیاندا لە ناوچەی کەنداو گیریان خواردووە. ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی بەریتانی بە پشتبەستن بە ڕێکخراوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و پەککەوتنی هاتوچۆی دەریاوانی، زیاتر لە 20 هەزار دەریاوان لەسەر کەشتییە بازرگانییە جیاوازەکان گیریان خواردووە و قەرەباڵغییەکی زۆر و مانەوەی سەدان کەشتی دەبینرێت.
دۆخی ناوخۆی کەشتییەکان و قوربانییەکان
ئەو کەشتیوانانەی گیریان خواردووە، پەیوەندییان سنووردارە و ڕێنماییان دراوەتێ لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی خواردن و خواردنەوە. جیا لەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کە ژمارەیان 22 هێرش بووە بۆ سەر کەشتییەکان، تاوەکو ئێستا هەشت کەشتیوان کوژراون و چەند کەشتیوانێکی دیکە بێسەروشوێنن. ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەیەکی زۆر کەشتی بازرگانی لە ناوچەی کەنداو یاخود نزیک ئەوێ ماونەتەوە و لەنگەریان گرتووە، هەرچەندە مەترسییەکی زۆر هەیە لەسەر بە ئامانجگرتنیان.
کێشە داراییەکان و مەترسیی کۆمپانیاکان
لە ئێستادا بیمەی گرەنتی گواستنەوە یاخود پاراستنی کەشتییەکان زۆر بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دوودڵی بۆ کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوە کە ڕێگە بدەن بە هاتوچۆکردنیان یاخود دەرچوونیان. بەگوێرەی ڕۆژنامەی فاینێنشناڵ تایمز، لەپاش هەڵگیرسانی شەڕەوە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و گەیاندن دوورکەوتوونەتەوە لە هاتوچۆکردن لە هاتنەناوی وڵاتانی کەنداو و سنوورە ئاوییەکانیان، جگەلەوەی بەشێکیان بڕیاریانداوە لە دووری وڵاتەکانی کەنداو کەشتییەکانیان لەنگەر بگرن تاوەکو ئەو کاتەی دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت.
ناسنامەی کەشتیوانەکان و داواکارییەکان
ڕێکخراوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی داوایکردووە، هەنگاوی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی گرەنتی بکرێت لە گواستنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان و پارێزراوییان، جەختیشیان کردووەتەوە لە دروستکردنی ڕێڕەوی هاتوچۆی پارێزراو بۆ ئاسانکاری دەرچوونی کەشتییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی تیمەکانی کەشتیوانی. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەشتیوانانەی گیریان خواردووە خەڵکی (هیندستان، فلیپین، پاکستان، ڕووسیا و ئۆکرانیا)ن. هەروەها باس لەوە دەکرێت هەوڵێک هەبێت بۆ ئەوەی ئەو کەشتیوانانەی لە دەوروبەری گەرووی هورمزن، پارەی زیاتریان پێبدرێت هاوتای ئەو کرێ بنەڕەتییەی پێیان دەدرێت.
وەزارەتی بەرگریی عێراق: وەڵاممان بۆ هێرشەکەی سەر بنکە ئاسمانییەکانمان توند دەبێت
لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە بەغداد، فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی عێراق تێکشکێندرا و وەزارەتی بەرگریش هۆشداریی وەڵامدانەوەی توند دەدات.
وردەکاری و کاتی هێرشەکە
کاتژمێر 01:55ـی شەوی 30ـی ئازاری 2026، بنکەی ئاسمانیی شەهید محەمەد عەلا لە بەغداد بە چەند مووشەکێکی جۆری "گراد 122 ملم" کرایە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، مووشەکەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری بەغدادەوە ئاراستەی ناو بنکە سەربازییەکە کراون.
زیانە ماددی و گیانییەکان
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی بەرگری، هێرشەکە بووەتە هۆی تێکشکانی فڕۆکەیەکی جۆری (Antonov-132) کە سەر بە هێزی ئاسمانیی عێراقە. وەزارەتەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە هێرشەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی بنکەکە تۆمار نەکراوە.
هەڵوێستی فەرمیی وەزارەتی بەرگری
وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا ئەم هێرشەی بە "کارێکی تاوانکاری" ناوبرد کە دامەزراوە سەربازییەکان و تواناکانی وڵات دەکاتە ئامانج. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە چەک و کەرەستە و فڕۆکەکان سامانی گشتیی گەلن و هەر زیانگەیاندنێک پێیان، هەوڵێکی تێکدەرانەیە بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات.
لێکۆڵینەوە و ڕێکارە ئەمنییەکان
لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆی زیانەکان و دۆزینەوەی ئەو شوێنەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە. وەزارەتی بەرگری دڵنیایی داوە کە ئەم جۆرە هێرشانە کارناکەنە سەر ئامادەیی هێزەکانیان و وەڵامەکەیان لە چوارچێوەی یاسادا بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات توند دەبێت.
ئیسرائیل: باڵیۆزی دەرکراوی ئێران لە بەیرووت دانیشتووە و قاوەکەی دەخواتەوە
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بێدەسەڵاتی حکومەتی لوبنان لە بەرامبەر باڵیۆزی ئێران دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت کە تاران و حیزبوڵڵا سەروەریی ئەو وڵاتەیان پەکخستووە.
کۆتاییهاتنی وادەی دەرکردنی باڵیۆز
جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد کە هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باڵیۆزی ئێرانی وەک "کەسێکی نەخوازراو" دەستنیشان کردووە. بۆ ئەم مەبەستەش وادەیەکی دیاریکراو بۆ جێهێشتنی لوبنان دانرابوو کە دوێنێ 29ـی ئازاری 2026 ئەو وادەیە کۆتایی هات، بەڵام باڵیۆزەکە تاوەکو ئێستا لە وڵاتەکە نەچووەتە دەرەوە.
تەوەرەی ڕەخنەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
ساعر لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕەخنەی توندی ئاراستەی حکومەتی لوبنان کرد. ناوبراو بە گاڵتەجاڕییەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای کۆتاییهاتنی وادە یاساییەکە، باڵیۆزی ئێران ئەم بەیانییە (30ـی ئازاری 2026) لە بەیرووت دانیشتووە و خەریکی قاوە خواردنەوەیە، بەمەش سووکایەتی بە وڵاتی خانەخوێ و سەروەریی لوبنان دەکات.
هەژموونی حیزبوڵڵا لە جومگەکانی دەوڵەتدا
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی حیزبوڵڵا لەناو دەسەڵاتی لوبناندا. ساعر ڕایگەیاند لە کاتێکدا باڵیۆزی ئێران بڕیارە فەرمییەکان پێشێل دەکات، وەزیرەکانی حیزبوڵڵا لەناو حکومەتی لوبناندا بە شێوەیەکی ئاسایی لە کارەکانیان بەردەوامن. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جومگەکانی دەوڵەت لەلایەن ئەو گرووپە نزيکەی ئێرانەوە لێکدەدرێتەوە.
گرژییەکانی ناوچەکە و ئاستی ململانێکان
ئەم لێدوانانەی جەدعۆن ساعر لە کاتێکدایە کە ململانێی نێوان ئیسرائیل و گرووپەکانی نزيک لە ئێران لەناو خاکی لوبنان گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر هەستیار. پێشێلکردنی بڕیارە دیپلۆماسییەکان لەلایەن نوێنەری تارانەوە، وەک بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
سوپای پاسداران: عەلی ڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی کوژرا
سوپای پاسدارانی ئێران دوای 4 ڕۆژ بێدەنگی، بە فەرمی کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر بەندەر عەباس پشتڕاستکردەوە.
پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی تەنگسیری
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی عەلی ڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپاکەی پشتڕاستکردەوە. پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو کە ناوبراو لە ڕۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئازاری 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی بەندەر عەباس کوژراوە، بەڵام تاران تاوەکو ئەمڕۆ هەواڵەکەی بە فەرمی ڕانەگەیاندبوو.
پۆست و هەڵوێستە سەربازییەکانی فەرماندەکە
عەلی ڕەزا تەنگسیری لە ساڵی 2018ـەوە پۆستی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی وەرگرتبوو. ناوبراو وەک یەکێک لە فەرماندە هەرە توندڕەوەکانی تاران و بەرپرسی یەکەمی جووڵە دەریاییەکانی ئەو وڵاتە دەناسرایەوە. ناوی تەنگسیری زیاتر بە هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ داخستنی گەرووی هورمز و ڕووبەڕووبوونەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو بڵاوبووەوە.
ڕۆڵی هێزی دەریایی سوپای پاسداران
هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆنترۆڵکردنی ئاوەکانی کەنداو و جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی خێرا دژی کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی نەیارانی ئێران دەگێڕێت. ئەم هێزە وەک قەڵغانی سەرەکیی تاران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە دەریاییەکان و فشارخستنە سەر ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی وزە هەژمار دەکرێت.
گرنگیی ستراتیژیی بەندەر عەباس
بەندەر عەباس گرنگترین بنکەی دەریایی و ئابووریی ئێرانە لە باشووری ئەو وڵاتە و ناوەندی سەرەکیی چالاکییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز. ئەنجامدانی هێرش لەم ناوچەیە و کوژرانی فەرماندەی یەکەمی هێزەکە، کاریگەریی گەورەی لەسەر توانای مانۆڕ و فەرماندەیی دەریایی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ: دەمەوێت نەوتی ئێران بەدەستبهێنم و ڕەنگە دەست بەسەر دوورگەی خارگدا بگرین
سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە تاران لەگەڵ زۆربەی مەرجەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕازی بووە.
خواستی ترەمپ بۆ نەوتی ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ڕایگەیاند: "پێویستە نەوتی ئێران وەربگرم." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە خواستێکی زۆری هەیە بۆ ئەو مەبەستە و ڕەخنەی لەو کەسانە گرت لە ناو ئەمریکا کە دژی ئەم هەنگاوەن و بە "مرۆڤی گەمژە" وەسفی کردن.
ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پلانی سەربازی بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران گوتی: "ڕەنگە دەست بەسەر دوورگەی خارگدا بگرین، ڕەنگە واش نەبێت، چەندین بژاردەمان لەبەردەستدایە." ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەو مانایەیە کە دەبێت هێزەکانیان بۆ ماوەیەک لەو دوورگەیە بمێننەوە.
ڕەزامەندیی ئێران لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێران ڕەزامەندیی لەسەر "زۆربەی" ئەو داواکارییانە دەربڕیوە کە ئەمریکا لە لیستێکی 15 خاڵیدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاڕاستەی تارانی کردووە. ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ بەرەو پێشچوونی دانوستانەکان لە ژێر فشاری سەربازیدا دەبینرێت.
پێگە و گرنگیی ستراتیژیی دوورگەی خارگ
دوورگەی خارگ کە تێرمیناڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، ڕووبەرەکەی نێوان 20 بۆ 25 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە. درێژیی دوورگەکە نزیکەی 8 کیلۆمەتر و پانییەکەی نزیکەی 5 کیلۆمەترە. ئەم دوورگەیە 483 کیلۆمەتر لە گەرووی هوورمزەوە دوورە و 90%ـی ئەو نەوتەی ئێران هەناردەی دەرەوەی دەکات لەم تێرمیناڵەوە ڕەوانە دەکرێت.
عەلوەی هەولێر: گرانبوونی بەرهەمەکان کاتییە و بەرهەمی ناوخۆ بەشی پێویستی دەکات
سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر هۆکارەکانی گرانبوونی تەماتە و سەوزە و میوە لە بازاڕەکاندا ڕووندەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، نرخەکان دادەبەزن.
ئاستەنگەکانی هاوردەکردنی تەماتە
دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر سەبارەت بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ هاوردەکردنی تەماتە ڕایگەیاند، هاوردەکردنی تەماتە لە ئێرانەوە لە ئێستادا کەمێک سەختە، چونکە ئەو بەرهەمە لە ناوخۆی ئێرانیشدا گران بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، هاوردەکردنی تەماتە لە وڵاتانی تورکیا و سووریاوە تێچووی زۆرە و تاوەکو دەگاتە هەولێر و دەستی کڕیار، نرخەکەی لانیکەم دەگاتە 1,500 دینار.
هۆکاری گرانبوونی نرخەکان و کاتی ئاساییبوونەوەی
سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر بۆ کەناڵ8 باسی لەوە کرد، ڕاستە لە ئێستادا نرخی سەوزە و میوە کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەم دۆخە گشتییە و کاتییە. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە ماوەیەکی دیکە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە و گرانیی نرخەکان نامێنێت، چونکە چیتر پشت بە بەرهەمی هاوردەکراو نابەسترێت.
دڵنیایی لە ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی
دانا عەزیز دڵنیایی دا بە هاووڵاتیان کە بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەیەکی زۆر لەبەردەستە و بەشی خواست و پێویستیی بازاڕ دەکات. ڕوونی کردەوە کە کاتێک بەرهەمەکان دەبنە خۆماڵی، تێچووی گواستنەوە و هاوردەکردنیان لەسەر نامێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەکان لە بازاڕدا.
ئەمریکا و ئیسرائیل چەند وێستگەیەکی کارەبای ئێرانیان بە ئامانجگرت
واشنتن و تەلئەڤیڤ وێستگەکانی کارەبایان لە تاران و ئەلبورز کردە ئامانج و بووە هۆی تاریکبوونی بەشێکی زۆری ناوچەکە، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ لێدانی ژێرخانی پیشەسازیی ئێران.
هێرشی هاوبەش بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا
شەوی ڕابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیاندا چەندین یەکەی پیشەسازیی ئێرانیان کردە ئامانج. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکە بوون. ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی کەرتی پیشەسازیی کارەبای ئێرانی کردبوو وەک فشارێک بۆ سەر تاران.
پەککەوتنی کارەبا لە تاران و ئەلبورز
هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئەمریکا و ئیسرائیل وێستگەکانی کارەبایان لە هەردوو پارێزگای ئەلبورز و تاران پێکا. بەهۆی ئەم بۆردومانانەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی کارەبا لە ژمارەیەک وێستگەی سەرەکی وەستا، ئەمەش بووە هۆی تاریکبوونی بەشێکی زۆری ناوچەکانی تاران و کەرەج. عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران، ڕایگەیاند کە تیمەکانیان کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕانەوەی بارودۆخەکە بۆ دۆخی ئاسایی.
زیانە تەکنیکییەکان و گەڕانەوەی تەزووی کارەبا
مستەفا ڕەجەبی، جێگری وەزیری وزەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە یەکێک لە وێستگەکان 5 بۆ 6 ڤۆڵتی لەدەستداوە. ناوبراو هاوشێوەی وەزیری وزە بەڵێنی چاککردنەوەی خێرای وێستگەکانی دا. دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک، تەزووی کارەبا بۆ زۆربەی ناوچەکانی تاران و کەرەج گەڕایەوە.
هەڕەشە بەرامبەرەکانی ئێران دژی ئەمریکا
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئەو وڵاتانە دەکات کە بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکایان تێدایە. تاران هۆشداری داوە کە سەرجەم ئەو ناوەند و پڕۆژانە دەکاتە ئامانج کە پشکەکانیان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەگەڕێتەوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدانی وێستگەکانی وزەی وڵاتەکەی.
توانای بەرهەمهێنانی وزە لە ئێران
ئێران بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی سەرچاوەکانی وزە، نەوت و گاز دادەنرێت. وڵاتەکە پشت بە ڕێگەی جۆراوجۆر دەبەستێت بۆ دابینکردنی کارەبا، لەوانە سووتەمەنی بەردینی و وزەی نوێبووەوە. گەورەترین وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەم وڵاتەدا زیاتر لە 40 ساڵە کارەبای سەرانسەری دابین دەکەن و ئێستا کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی سەربازییەوە.
پەرلەمانی ئیسرائیل: بودجەی سەربازیمان بۆ 45 ملیار دۆلار زیاد کرد
پەرلەمانی ئیسرائیل بودجەی ساڵی 2026ی بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرد، کە تێیدا پشکی کەرتی سەربازی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و دوو هێندەی ساڵانی پێش دەستپێکردنی جەنگە.
پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2026
ڕۆژی دووشەممە، پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) لە دانیشتنێکی تایبەتدا بودجەی ساڵی 2026ی وڵاتەکەی پەسندکرد. بڕیاری زیادکردنی بودجەکە بە دەنگی 62 ئەندامی پەرلەمان لە بەرامبەر 55 دەنگی ناڕازی تێپەڕێنرا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە.
ئاستی پێوانەیی خەرجییە سەربازییەکان
لە بودجە نوێیەکەدا، بڕی 45 ملیار دۆلار تەنیا بۆ بودجەی وەزارەتی بەرگری تەرخانکراوە. ئەم بڕە بەراورد بەو بودجەیەی لە ساڵی 2025 بۆ هەمان وەزارەت تەرخانکرابوو، بە ڕێژەی 10 ملیار دۆلار زیادی کردووە. کۆی گشتیی خەرجییەکانی ئیسرائیل بۆ ساڵی 2026 بە نزیکەی 270 ملیار دۆلار (850 ملیار شیکڵ) خەمڵێندراوە.
بەراوردکاری لەگەڵ ساڵانی پێش جەنگ
کۆی بودجەی سەربازیی ئیسرائیل بۆ ساڵی 2026 گەیشتووەتە ئاستێک کە دوو هێندەی بودجەی سەربازیی ساڵی 2023ـیە. شایەنی باسە لە ساڵی 2023دا هێشتا جەنگی ئێران سەریهەڵنەدابوو، بەڵام ئێستا بەهۆی بارودۆخی سەربازیی ناوچەکە، پشکی شێری بودجەی ئەو وڵاتە بۆ کەرتی بەرگری تەرخانکراوە.
حەیدەر بەرزنجی: لە عێراق هەوڵى زۆر دەدرێت بەزووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت
شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندی وادە دەستوورییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
پێویستیی خێرا بۆ پێکهێنانی حکومەت
حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسی ڕایگەیاند، لە عێراق هەوڵێکی زۆر لە ئارادایە بۆ ئەوەی بەزووترین کات حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت. بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە، خراپیی بارودۆخەکە و ژیانی هاووڵاتیان لەناو دۆخێکی نادڵنیاییدا، پاڵنەری سەرەکین بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ.
هەوڵەکان بۆ یەککاندیدی لایەنە کوردییەکان
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، حەیدەر بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵ دەدرێت لایەنە کوردییەکان لەسەر یەک بەربژێری هاوبەش ڕێکبکەون. چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆری داوە لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز بن و بە یەک کاندید بێنە ناو پڕۆسەکەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەوڵانە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی کۆتایی.
هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر نامەکەی بارزانی
لەبارەی نامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەرزنجی ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی خوێندنەوە بۆ نامەکە دەکەن بەڵام پابەند نین پێوەی. ئەو لایەنانە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییە دەستوورییەکان دەکەنەوە و لەگەڵ ئەوەدان دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.
ئۆجەلانیش داوای دەستوەرنەدان لە ئێران دەکات
لە کاتێکدا ماوەی مانگێکە جیهان چاوی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێرانە، تورکیا هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی دەکات ئەگەر هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات ببنە بەشێک لە جەنگەکە.
هۆشداریی تورکیا بۆ پژاک
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تورکیا"ی نێودەوڵەتی، ئەنقەرە بە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاندووە کە چاودێریی وردی جووڵەکانیان دەکات. تورکیا هۆشداریی داوە کە ئەگەر پژاک (کە ئەنقەرە وەک درێژکراوەی پەکەکە دەیبینێت) دەستوەردان لە جەنگی ئێراندا بکات، ئەوا سوپای تورکیا بەبێ گوێدانە ئەو پڕۆسە ئاشتییەی لە ئارادایە، هێرشیان دەکاتە سەر و دەستوەردانی سەربازی ئەنجام دەدات.
پەیامی ئەردۆغان بۆ ترەمپ
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەکەوە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، کە وڵاتەکەی بە توندی دژی بەشداریکردنی گرووپە "تیرۆریستییەکان"ە لەم ململانێیەدا. تورکیا پێیوایە هەر دەستوەردانێکی ئەو گرووپانە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و سەقامگیریی ناوچەکە.
جووڵە دیپلۆماسییەکانی فیدان و کاڵن
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت)، لە پەیوەندییەکی بەردەوام و چڕدابوون لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی فەرمیی ئەنقەرە. شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە و میت سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پەیامێکی ڕوونیان گەیاندووە کە ڕێگە بە هیچ جووڵەیەک نادەن زیان لە یەکپارچەیی خاکی ئێران بدات.
دووبارەکردنەوەی سیناریۆی سووریا لە ئێران
بەرپرسانی تورکیا بە لایەنە کوردییەکانیان ڕاگەیاندووە: "بینیتان لە سووریا چی ڕوویدا، ئەوەی لە سووریا کردمان، بەبێ گوێدانە ئەو پڕۆسەی لە ئارادایە، لە ئێرانیش دووبارەی دەکەینەوە." ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی 4 هەفتەی ڕابردوودا ئەردۆغان و فیدان چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە پاراستنی یەکپارچەیی ئێران بۆ ئەوان هێڵی سوورە.
پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ قەندیل
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵییەوە پەیامێکی بۆ سەرکردایەتی قەندیل ناردووە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا داوای لێکردوون کە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێراندا نەکەن و ڕێگری بکەن لەوەی ببنە بەشێک لەوەی ئەو بە "یارییەکانی ئیسرائیل" لە ناوچەکەدا ناوی بردووە.
ئۆپراسیۆنی گواستنەوەی 450 هەزار کیلۆ یۆرانیۆم لە ناو جەرگەی ئێرانەوە
واشنتن تاوتوێی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی ئاڵۆز دەکات بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناو جەرگەی ئێران و ترەمپیش سەرکەوتنی سوپاکەی لە تێکشکاندنی چەندین ئامانج ڕادەگەیەنێت.
پلانی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ئێران
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی بژاردەی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناو خاکی ئێران تاوتوێ دەکات. ئامانجی ئەم هەنگاوە گواستنەوەی زیاتر لە 450,000 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە. دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم بڕیاری ناردنی تیمە تایبەتەکانی ئەندازیاری و هێزی کۆماندۆدایە بۆ ناو جەرگەی ئێران بە مەبەستی دەرهێنانی ئەو یۆرانیۆمەی کە وەک "تۆزی ئەتۆمی" ناوی دەبات.
ئامانجی ڕێگری لە چەکی ئەتۆمی
سەرۆکی ئەمریکا لەم هەنگاوەدا تەنها یەک ئامانجی سەرەکی هەیە، ئەویش دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەم بژاردە سەربازییە وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین ئۆپراسیۆنەکان لای پسپۆڕان پۆلێن کراوە.
پەیامەکەی ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند: "ڕۆژێکی گەورەیە لە ئێران، زۆرێک لەو ئامانجانەی دەمێکە بەدوایانەوە بووین، لەلایەن سوپا مەزنەکەمانەوە لەناو بران و تێکشکێندران، کە باشترین و کوشندەترین سوپایە لە جیهاندا." ئەگەرچی ترەمپ وردەکاریی زیاتری نەخستووەتە ڕوو، بەڵام ئەم لێدوانە گومانەکانی لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆسەی بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمەکە زیاتر کردووە.
مەترسییەکان و وردەکاریی ئۆپراسیۆنەکە
شیکارییە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئۆپراسیۆنە تەنها چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەیەکی خێرا نییە. بەڵکو پێویستی بە مانەوەی هێزەکان هەیە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ یان هەفتەیەک لە ناو خاکی ئێراندا. ئەم ماوەیە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و گواستنەوەی 40 بۆ 50 تانکی تایبەتی یۆرانیۆم بەکاردێت. ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی سەربازانی ئەمریکا دروست دەکات و ئەگەری هەیە ماوەی جەنگەکە زۆر زیاتر درێژ بکاتەوە.
فشارە دیپلۆماسییەکان و بژاردەی سەربازی
لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ترەمپ لە ڕێگەی وڵاتانی وەک پاکستان و تورکیاوە گوشار دەخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی، یۆرانیۆمەکە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ڕادەست بکات. هاوکات پێنتاگۆن ئامادەکاری بۆ بژاردەی جێگرەوە دەکات، کە ئەویش ڕەوانەکردنی 50,000 سەربازی دیکەیە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەرەنجامە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی میدتێرم
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە؛ لە لایەک دەیەوێت بە دەستکەوتێکی ستراتیژیی گەورە کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە ترسی هەیە بکەوێتە ناو جەنگێکی درێژخایەن کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی میدتێرم (نیوەی خولی کۆنگرێس) هەبێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: قەیرانی ئێستای وزە لە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتان گەورەترە
سەرەڕای بڕیاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ خستنەبازاڕی 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژی، نرخی نەوت هەر بە بەرزی لە سەروو 112 دۆلار ماوەتەوە و ئەمریکاش تەنیا بەشێکی کەم لە پشکەکەی خستووەتە بازاڕەوە.
بڕیاری خستنەبازاڕی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) لە 11ـى ئازاری ئەمساڵدا، بڕیاری دا 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی فریاگوزاری و ستراتیژی وڵاتان بخاتە بازاڕەوە. ئەم هەنگاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمیی دابینکردنی نەوتە کە بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز دروستبووە. بڕیار وابوو وڵاتانی ئەندام لە ماوەی 20 ڕۆژدا ئەو بڕە نەوتە بخەنە بازاڕەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکیان پابەندی تەواوی پشکەکانیان نەبوون.
شکستی یەدەگەکان لە دابەزاندنی نرخ
نەوتی خاوی یەدەگی ستراتیژیی وڵاتان نەبووەتە فریادڕەس بۆ دابەزاندنی نرخەکان، چونکە سێ هەفتە بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕیوە و نرخی نەوت هێشتا لە سەروو 112 دۆلارە. ئامانجی ئەم هەوڵە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هوورمز بوو، کە 20%ـی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دان بەوەدا دەنێت کە قەیرانی ئێستای وزە زۆر گەورەترە، لە کاتێکدا خواست لەسەر بازاڕ دەگاتە 105 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.
ئەمریکا و پشکی خستنەبازاڕی یەدەگی ستراتیژی
ئەمریکا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە بڕیاریان داوە یەدەگی ستراتیژیی خۆیان بەکاربهێنن. پشکی دیاریکراوی ئەمریکا بۆ خستنەبازاڕ 172 ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ماوەی بڕیارەکە، واشنتن تەنیا 45 ملیۆن بەرمیلی لەو بڕە خستووەتە بازاڕەوە.
هەشت وڵاتە سەرەکییەکەی نێو پلانەکە
لە کۆی 32 وڵاتی ئەندامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هەشت وڵات زۆرترین بڕی نەوتی ستراتیژی دەخەنە بازاڕەوە کە کۆی گشتییەکەیان دەگاتە 357 ملیۆن بەرمیل. ئەو وڵاتانە پێکهاتوون لە ئەمریکا بە 172 ملیۆن بەرمیل، ژاپۆن 80 ملیۆن بەرمیل، کەنەدا 23 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، کۆریای باشوور 22 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، ئەڵمانیا 19 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، فەڕەنسا 14 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، بەریتانیا 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل و ئیسپانیا 11 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.
کاریگەرییە گشتییەکانی پلانی فریاگوزاری
ئەم هەشت وڵاتە پێکەوە 357 ملیۆن بەرمیل لە کۆی ئەو 400 ملیۆن بەرمیلە دابین دەکەن کە بڕیاری لەسەر دراوە. ئەم هەوڵە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر فشارێکی زۆردان و هەوڵەکان بۆ هاوسەنگکردنەوەی نرخەکان تاوەکو ئێستا ئەنجامی خێرایان نەبووە.
میسر: دەبێت کار لەسەر خراپترین سیناریۆی وزە بکەین
حکومەتی میسڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی، بڕیاری داخستنی پێشوەختەی بازاڕ و مۆڵ و چێشتخانەکان دەردەکات و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش وردەکاریی زیانە داراییەکان دەخاتە ڕوو.
داخستنی پێشوەختەی بازاڕ و مۆڵەکان
سەرۆكوەزیرانی میسر بڕیاریدا لە سەعات 9:00ی شەوی شەممەوە، دوكان و چێشتخانە و مۆڵە بازرگانییەکان بۆ ماوەی مانگێك دابخرێن. ئامانجی ئەم بڕیارە کەمکردنەوەی بەکاربردنی وزەیە کە بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێرانەوە، تێچووەکەی بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.
کاتەکانی داخستنی شوێنە گشتییەکان
مستەفا مەدبولی، سەرۆكوەزیرانی میسر ڕایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆی بازرگانی لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت. بەپێی پلانەکە، دوكان و ناوەندە بازرگانییەکان و چێشتخانە و كافێكان لە ڕۆژانی هەفتەدا سەعات 9:00ی شەو دادەخرێن. تەنها لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، کە وەک کۆتایی هەفتە هەژمار دەکرێن، ڕێگەیان پێدەدرێت تاوەکو سەعات 10:00ی شەو كراوە بن.
بەرزبوونەوەی تێچووی پاڵپشتیی وزە
سەرۆكوەزیرانی میسر ئاماژەی بەوە کرد، پێش دەستپێکردنی جەنگ، پارەی پاڵپشتیی وزەی مانگانە 560 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بۆ دابینکردنی هەمان بڕی وزە، تێچووەکەی گەیشتووەتە 1 ملیار و 650 ملیۆن دۆلار. مەدبولی جەختی کردەوە کە قاهیرە ناچارە کار لەسەر خراپترین سیناریۆ بکات، چونکە ئامانج و کاتی کۆتاییهاتنی جەنگەکە پێشبینی نەکراوە.
کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر کەرتی گەشتیاری
ئەم بڕیارەی حکومەت کاردانەوەی خاوەنکارانی میسڕی لێکەوتووەتەوە. بازرگانان دەڵێن بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر سەرجەم کەرتەکان دەبێت، بەتایبەت کەرتی گەشتوگوزار کە زیانی گەورەی بەردەکەوێت، چونکە کلتوور و شێوازی ژیانی گەشتیاران لە میسڕ زیاتر لەسەر بنەمای هاتنەدەروەی شەوانە داڕێژراوە.
گۆڵدمان ساکس: تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 2026دا دەگاتە 85 دۆلار
کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت لە ساڵی 2026 بەرزکردەوە، هۆکارەکەشی بۆ پچڕانی هەناردە لە گەرووی هوورمز و کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران دەگەڕێنێتەوە کە بە "گەورەترین شۆکی دابینکردن" وەسفی دەکات.
بەرزبوونەوەی پێشبینییەکانی نرخی نەوت
دان سترۆڤن، شرۆڤەکاری سەرەکی لە بانکی گۆڵدمان ساکس ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بگاتە 85 دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بانکەکە لە پێشبینییەکانیدا نرخی 77 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکردبوو.
کاریگەریی داخستنی گەرووی هوورمز
ئەم پێشبینییە نوێیانە لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراون کە بازاڕەکانی وزە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ناجێگیرییەکی بەردەوامدان. پچڕانی هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هوورمز وەک گەورەترین شۆکی دابینکردنی نەوت لە قەڵەم دراوە، ئەمەش وایکردووە لە پێنوێنی سەرجەم بازاڕە داراییەکاندا تەنها نەوت و پێنوێنی دۆلار لە ئاستێکی بەرزدا بمێننەوە.
کێشەی هەناردەکردن و پڕبوونی یەدەگەکان
بەهۆی نەبوونی ڕێگەیەک بۆ هەناردەکردن، یەدەگی وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە تا دێت پڕتر دەبێت. شرۆڤەکارانی گۆڵدمان ساکس ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم شۆکەی بازاڕی نەوت ڕەنگە داڕێژەرانی سیاسەت و بازاڕەکان ناچار بکات دان بە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ و پڕبوونی یەدەگەکاندا بنێن لەسەر ئاستی تەواوی ساڵەکە.
زیادبوونی زیانەکانی بەرهەمهێنان
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە زیانەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و مانەوەی لە کۆگاکاندا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو لە زیادبوونە. پێشبینی دەکرێت قەبارەی مانەوەی نەوت لە کۆگاکاندا لە 11 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 17 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز ببێتەوە.
بەردەوامیی جەنگی ئێران
بارودۆخە سەربازییەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزە هەبووە، جەنگی ئێران چووەتە نێو هەفتەی چوارەمی خۆیەوە و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی کردەیی بۆ وەستاندنی پێکدادانەکان یان ئاساییبوونەوەی دۆخەکە لە ئارادا نییە.
کەناڵ8 ڕێکارەکانی خوێندنی ئۆنلاین بڵاودەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی سنوورەکەی کردووە، کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن (ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین) لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان بڵاوکردەوە.
بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەتی لەسەرە، بڕیارەکان بەم شێوەیەن:
سەردانی مەیدانیی ڕۆژانی سێشەمە
سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لە ڕۆژانی سێشەممەدا سەردانی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن بە مەبەستی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ کارەکان.
دەوامی کارگێڕی
دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن پابەند دەکرێن بە دەوامکردن لە ڕۆژانی سێشەممەدا، ئەمەش لەپێناو ڕاییکردنی ئەرکە کارگێڕی و فێرکارییەکان.
بەکارهێنانی تەلەفزیۆن بۆ خوێندن
جەختکراوەتەوە لەسەر تۆمارکردنی وانەکان لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە.
سەرپەرشتیکردنی مامۆستایان و ئی وانە
بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ئەرکی چاودێریکردنی ڕاستەوخۆی کارەکانی مامۆستایانیان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەمەش لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئی-وانە" یان ئەو گرووپانەی کە لەلایەن مامۆستایانەوە دروستکراون.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا
پێویستە ناوەندە پیشەییەکان ڤیدیۆی فێرکاری تۆمار بکەن و لە ڕێگەی گروپەکانی (واتسئەپ، تێلیگرام، ڤایبەر)ەوە بۆ سوودی مامۆستایان و قوتابیان بڵاوی بکەنەوە.
فیدباکی خوێندن
مامۆستایان دەبێت بە شێوەیەکی هەفتانە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە ئەنجام و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندن و فیدباکی قوتابیان ئاگادار بکەنەوە.
ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی کاروباری ناوەندەکانی خوێندندایە و مەبەست لێی بەردەوامبوونی پرۆسەی فێربوونە بە شێوازە نوێیەکان.
کۆمپانیا بەڕازیلییەکان: هەناردەی گۆشت بۆ عێراق بەردەوامە و ڕێگەی جێگرەوەمان دۆزیوەتەوە
سەرەڕای ئاستەنگە لۆجستییەکانی جەنگی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز، بازاڕەکانی عێراق بەردەوامن لە وەرگرتنی گۆشتی بەڕازیلی و قەبارەی هەناردەش بە ڕێژەی 39% زیادی کردووە.
بەردەوامیی هەناردە و ڕێگە جێگرەوەکان
کۆمپانیاکانی هەناردەکاری گۆشتی بەڕازیلی بەردەوامن لە ناردنی گۆشتی ئاژەڵ و مریشک بۆ بازاڕەکانی عێراق. سەرەڕای ئەو ئاستەنگە لۆجستییانەی بەهۆی جەنگی ناوچەکە و گرژییەکانی گەرووی هوورمز دروستبوون، هەناردەکاران ناچاربوون ڕێگەی جێگرەوە بگرنەبەر. بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، گۆشتەکە لە ڕێگەی دەریای سوور، نۆکەندی سوێس و هەروەها ڕێگەی وشکانی لە تورکیاوە دەگاتە عێراق بۆ ئەوەی پێداویستیی بازاڕەکان دابین بکرێت.
پێشبینییەکانی هەناردە بۆ مانگی ئازاری 2026
سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکارانی پەلەوەر ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئازاری 2026ـدا، ئاستی هەناردەی گۆشت لە بەڕازیلەوە بۆ عێراق 476,000 تۆن تێپەڕێنێت. ئەم بڕە بەراورد بە ئاستی هەناردەی هەمان مانگ لە ساڵی 2025 بەرزبوونەوەی بەرچاو نیشان دەدات، ئەمەش سەرەڕای بارودۆخە نالەبارە سەربازییەکەی ناوچەکە.
زیادبوونی تێچوو و مەترسییەکان
هەناردەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ڕێگە جێگرەوەکان کاتی زیاتری دەوێت و تێچووی گواستنەوەشی گرانتر کەوتووە. ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی، کرێی کۆگا و گواستنەوە و هەروەها ئەو مەترسییانەیە کە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکان دروستبوون.
بەهای هەناردەی گۆشتی بەڕازیلی لە ساڵی 2026
داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی بەڕازیل دەریانخستووە کە هەناردەی گۆشتی گا و ئاژەڵی گەورە بە ڕێژەی 39% بەرزبووەتەوە. تەنها لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، بەهای هەناردەی گۆشت گەیشتووەتە 2.86 ملیار دۆلار (2,865,000,000 دۆلار)، ئەمەش ئاستێکی پێوانەیی نوێیە لە کەرتی هەناردەی ئەو وڵاتەدا.
پشکی عێراق لە بازاری گۆشتی مریشک
عێراق یەکێکە لە بازاڕە سەرەکییەکانی گۆشتی بەڕازیلی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2025، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی نزیكەی 30%ـی كۆی هەناردەی گۆشتی مریشكی بەڕازیلییان پێکهێناوە و عێراقیش پشکێکی شێری لەو ڕێژەیەدا هەیە.
هەناردەی گۆشت بۆ عێراق (ئازاری 2026): 476,000 تۆن.
ڕێگەکانی هاوردەکردن: نۆکەندی سوێس، دەریای سوور، وشکانیی تورکیا.
ڕێژەی زیادبوونی هەناردە: 39% (لە دوو مانگی یەکەمی 2026).
کۆی بەهای هەناردە: 2.86 ملیار دۆلار.
قازانجی پیشەسازیی چین 15.2% بەرزبووەتەوە و تەکنەلۆجیا پێشەنگی گرتووە
داتاکانی چین نیشانی دەدەن کە دوای سێ ساڵ لە تۆمارکردنی زیان، کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە گەشەیەکی خێرای بەخۆوە بینیوە، بەڵام سێبەری جەنگی ئێران و قەیرانی وزە هەڕەشە لەم سەرکەوتنە دەکەن.
گەشەی بێپێشینەی قازانجی پیشەسازی
بەگوێرەی دوایین داتاکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی چین (NBS)، قازانجی کەرتی پیشەسازیی پەکین لە مانگەکانی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 15.2% بەرزبووەتەوە. یو واینینگ، سەرۆکی ئاماری کەناڵی NBS، هۆکاری ئەم سەرکەوتنە بۆ خێرابوونی چالاکییەکانی کارگەکان و بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکان لە بازاڕدا دەگەڕێنێتەوە.
تەکنەلۆجیا و درۆنەکان لە پێشەنگدا
کەرتی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیا بەرزترین ئاستی قازانجی تۆمارکردووە، بە جۆرێک تەنها پیشەسازیی تەکنەلۆجی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 58.7% گەشەی کردووە. ئەم بازدانە گەورەیە بۆ گەشەی کۆمپانیاکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و ئامێرە زیرەکەکان دەگەڕێتەوە. هاوکات بەرهەمهێنەرانی ماددە خاوەکان و کیمیاییەکان گەشەیەکی بەهێزیان هەبووە و قازانجەکانیان بە ڕێژەی 148.2% و 35.9% بەرزبووەتەوە.
کۆتاییهاتن بە زنجیرەی زیانەکان
ئەم بەرزبوونەوەیەی قازانج لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە کاتێکدایە، کە پێشتر کەرتی پیشەسازیی چین بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک زیانی 5.2%ـی تۆمار کردبوو. ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە دەبینرێت.
مەترسییەکانی جەنگی ئێران و قەیرانی وزە
بانک و دامەزراوە داراییەکانی چین گومانیان هەیە ئەم گەشەکردنە بەردەوام بێت، چونکە جەنگی ئێران قەیرانی وزەی دروستکردووە. شۆکی نرخی نەوت و پچڕانی بارکردنی سووتەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر کارگەکان، سەرەڕای ئەوەی پەکین هەوڵ دەدات کاریگەرییەکانی ئەم پچڕانە کۆنتڕۆڵ بکات.
بەرگریی ئابووریی چین و هەناردەی ئێران
بەرزبوونەوەی نرخی وزە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، کەمتر کاریگەریی لەسەر ئابووریی چین هەبووە. هۆکاری ئەمەش بۆ هەبوونی یەدەگی زۆری نەوت و سەرچاوەی وزەی جێگرەوە لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای بارودۆخی جەنگ، ئێران بەردەوام بووە لە ناردنی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاو بۆ چین، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ بەردەوامیی کەرتی پیشەسازیی پەکین هەژمار دەکرێت.
ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 50,000 سەربازی تێپەڕاند
ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و دۆناڵد ترەمپیش تاوتوێی قۆناغی داهاتووی جەنگی دژی ئێران و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی دەکات.
زیادبوونی ژمارەی هێزەکان لە ناوچەکە
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2026، ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە سەروو 50,000 سەرباز. گەیشتنی 2,500 سەربازی هێزی مارینز و 2,500 دەریاوانی دیکە، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بە نزیکەی 10,000 سەرباز لە ئاستی ئاسایی زیاتر کردووە.
پلانەکانی ترەمپ بۆ هێرشی زەمینی و گەرووی هورمز
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، دۆناڵد ترەمپ خەریکی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووە و بیر لە هێرشی گەورەتر دەکاتەوە، وەک دەستبەسەرداگرتنی دوورگەیەک یان ناوچەیەکی وشکانی. ئامانجی ئەم پلانە کردنەوەی گەرووی هورمزە کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە تا ئاستێکی زۆر داخراوە. هەفتەی ڕابردوو پێنتاگۆن فەرمانی بە 2,000 سەربازی فیرقەی 82ی سوپای ئەمریکا کردووە بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەون و پێشبینی دەکرێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارگ" بەکاربهێنرێن، کە پێشتر 90 ئامانجی سەربازی تیایدا بۆردومان کراوە.
کێشە تەکنیکییەکانی فڕۆکەهەڵگری USS Gerald R. Ford
لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکەهەڵگری "USS Gerald R. Ford" کە 4,500 کارمەندی لەسەر بوو، لە ڕێکەوتی 23 March ناوچەکەی جێهێشتووە. هۆکاری کشانەوەکە بۆ چەندین کێشەی تەکنیکی و ئاگرکەوتنەوە دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا فڕۆکەهەڵگرەکە لە کەناراوەکانی کرواتیایە.
بەراوردکاریی سەربازی و ئەستەمیی داگیرکردنی ئێران
شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە 50,000 سەرباز ژمارەیەکی زۆر کەمە بۆ هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی گەورە دژی وڵاتێکی وەک ئێران. وەک بەراوردکارییەک ئاماژە بەوە دەکەن:
ئیسرائیل بۆ هێرشی سەر غەززە لە ساڵی 2023 زیاتر لە 300,000 سەربازی بەکارهێنا.
هاوپەیمانان بۆ داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 نزیکەی 250,000 سەربازیان بەکار هێنا.
جوگرافیا و دانیشتووانی ئێران
بەو پێیەی ئێران وڵاتێکی گەورەیە و خاوەنی 93 ملیۆن دانیشتووان و جوگرافیایەکی ئاڵۆزە، شارەزایان پێیان وایە کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە بە 50,000 سەرباز کە زۆربەیان لەناو دەریادان، کارێکی مەحاڵە و ناتوانرێت ئامانجە ستراتیژییەکانی تێدا بپێکرێت.
زانکۆکانی سلێمانی و سەلاحەدین: لەپێناو سەلامەتی گیانی خوێندکاران بەشەناوخۆییەکان چۆڵ دەکرێن
دوای ڕاگرتنی خوێندنی ناو هۆڵەکان و گۆڕینی بۆ سیستمی ئۆنلاین بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، زانکۆکانی سلێمانی و سەلاحەدین بڕیاریاندا سەرجەم بەشەناوخۆییەکان دابخەن و کارەبای باڵەخانەکان بکوژێننەوە.
ڕێکارەکانی زانکۆی سلێمانی بۆ چۆڵکردنی بەشەناوخۆییەکان
بەڕێوەبەرایەتیی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەسەر بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، خوێندنی ناو هۆڵەکان ڕاگیراوە و کراوە بە ئۆنلاین. لەبەر بوونی مەترسی لەسەر زانکۆکان و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی خوێندکاران، بڕیار دراوە سەرجەم بەشەناوخۆییەکان لە کاتژمێر 10:00ی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە چۆڵ بکرێن.
هۆشداری بۆ خوێندکارانی سلێمانی
زانکۆی سلێمانی داوا لە خوێندکاران دەکات کە لە کاتی چۆڵکردنی ژوورەکانیاندا، هیچ کەرەستەیەکی خوێندن یان خواردن لە ناو بەفرگرەکاندا جێنەهێڵن. ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە بڕیار دراوە پاش چۆڵکردنی باڵەخانەکان، کارەبای سەرجەم بەشەناوخۆییەکان بە تەواوی بکوژێنرێتەوە.
داخستنی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سەلاحەدین
هاوکات، زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر ڕایگەیاندووە کە لەپێناو سەلامەتیی گیانی خوێندکاران، لە کاتژمێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە بەشەناوخۆییەکان دادەخرێن. داوا لە خوێندکاران کراوە کە ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ شار و شارۆچکەکانی خۆیان و چاوەڕوانی دەسپێکردنەوەی خوێندنی ئۆنلاین بن.
پچڕاندنی کارەبا لە زانکۆی سەلاحەدین
بە هەمان شێوەی زانکۆی سلێمانی، زانکۆی سەلاحەدینیش داوای لە خوێندکاران کردووە کە هیچ کەرەستەیەکی شەخسی یان خواردن لە ناو بەشەناوخۆییەکاندا بەجێنەهێڵن. جەختیش کراوەتەوە کە هاوکات لەگەڵ داخستنی باڵەخانەکاندا، کارەبای سەرجەم بەشەناوخۆییەکان دەکوژێنرێتەوە، بۆیە پێویستە خوێندکاران پێش کاتی دیاریکراو شوێنەکان چۆڵ بکەن.
ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری: ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەگاتە 4.2% و بازاڕەکان دەهەژێنێت
بازاڕە داراییەکانی جیهان خۆیان بۆ مانگێکی پڕ لە ناجێگیری ئامادە دەکەن و چاوەڕێی بڕیارە چارەنووسسازەکانی کۆتایی مانگی نیسانی بانکی فیدراڵی ئەمریکا دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان.
پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخەکان بە ڕێژەی 50%
شیکەرەوانی "فێد واچ" (FedWatch) و گرووپی CME ئاشکرایان کردووە کە نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکانی ئەمریکادا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بە ڕێژەی 50% بەرز دەبێتەوە. بەشێک لە گرووپە شیکارییەکانی دیکە تەنانەت پێشبینی بەرزبوونەوەی 52% دەکەن، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژوودا پێشبینییەک بۆ زیادبوونی نرخەکان ئاستی 50% تێپەڕێنێت.
هەڵوێستی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان
کۆمپانیای Moody’s Analytics بەرزبوونەوەی نرخەکان بە ڕێژەی 50% دەبینێت، هاوکات گۆڵدمان ساکس پێشبینییەکانی لەم هەفتەیەدا بۆ 30% بەرزکردووەتەوە. کۆمپانیاکانی وەک EY Parthenon و Wilmington Trust پێشبینی دەکەن بەرزبوونەوەکان بگەنە ئاستی 40%. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرووی 110 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە لە مێژوودا تەنها سێ جار ئەو ئاستەی بڕیوە و جەنگی ئێران سێیەمین جارە.
هەڵاوسان و ئاڵۆزییەکانی بانکی ناوەندی
ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدان (OECD) پێشبینییەکانی بۆ هەڵاوسان لە ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێژەکە دەگاتە 4.2%. ئەمە زۆر زیاترە لە پێشبینییەکانی پێشووی ڕێکخراوەکە و بانکی ناوەندی ئەمریکا کە پێشتر ئاماژەیان بە 2.7% کردبوو. ئەم ئاراستەیە بەتەواوی پێچەوانەی خواستی بانکی فیدراڵییە کە دەیویست ڕێژەی هەڵاوسان بۆ خوار 2% دابەزێنێت.
زیادبوونی تێچووی هەناردە و هاوردە
بەگوێرەی نووسینگەی ئاماری کاری ئەمریکا، تێچووی بازرگانیی نێودەوڵەتی زیادی کردووە. تێچووی هاوردەکردن بە ڕێژەی 1.3% بەرزبووەتەوە، کە گەورەترین بازدانی مانگانەیە لە دوای مانگی ئازاری 2022وە. هاوکات تێچووی هەناردەکردنیش بە ڕێژەی 1.5% زیادی کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ فشارە بەردەوامەکانی سەر نرخەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا لێکدەدرێتەوە.
بڕیاری چارەنووسساز لەسەر ڕێژەی سوود
بەرزبوونەوەی تێچووەکان و زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی هەڵاوسان، بازاڕە داراییەکانی ناچار کردووە بیر لە هەنگاوی داهاتووی بانکی فیدراڵی بکەنەوە. بڕیارە لە ڕۆژانی 28 و 29ـی نیساندا، بانکی فیدراڵی کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدات بۆ بڕیاردان لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری هەڵاوسان.
دۆناڵد ترەمپ: ئەمڕۆی ڕۆژێکی گەورەیە لە ئێران
سەرۆکی ئەمریکا لەناوبردنی هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا ڕوویداوە و ئێستا لەگەڵ گرووپێکی "ژیرتر" لە پەیوەندیدان.
تێکشکاندنی ئامانجە ستراتیژییەکان لە ئێران
ڕۆژی دووشەممە، 30ـی ئازاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی سەرکەوتووی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی گرنگ لەناو خاکی ئێران. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ئامانجانەی ماوەیەکی درێژ بوو بەدوایانەوە بوون، بەتەواوی تێکشکێنراون و ئەمڕۆی وەک "ڕۆژێکی گەورە لە ئێران" وەسف کرد.
هێزی سەربازیی ئەمریکا لە گۆڕەپانەکەدا
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا جەختی لە هێزی چەکداری وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا باشترین، بەهێزترین و کوشندەترین سوپایە لەسەر ئاستی جیهان. ئەم لێدوانانەی ترەمپ هاوکات بوون لەگەڵ ئۆپراسیۆنە مەیدانییەکان کە تێیدا سوپای ئەمریکا چەندین پێگەی هەستیاری پێکاوە.
لەناوبردنی هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران
ترەمپ پێش نیشتنەوەی فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وەن" لە بنکەی ئەندرۆس، بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد و وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو. ئەو ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئامانجێکی زۆرمان تێکشکاند، هێزی دەریایی ئێران نەما و هێزی ئاسمانیشیان نەما." هەروەها دووپاتی کردەوە کە واشنتن بە وردی دەزانێت چ ئامانجێکی پێکاوە و دەستکەوتەکان گەورەن.
گۆڕینی ڕژێم و مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپێکی نوێ
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پێیوایە "گۆڕینی دەسەڵات" لە ئێران ڕوویداوە. ئەو باسی لەوە کرد کە ڕژێمی یەکەم کە شەڕەنگێز بوون لەناوچوون، ڕژێمی دووەمیش زۆربەیان مردوون، ئێستاش ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکات کە بە گوتەی ئەو "کەسانێکی زۆر ژیرترن."
ئاسۆکانی ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ تاران
سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکان و کۆتاییهاتنی گرژییەکان، ترەمپ گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نیشان دا و گوتی: "پێموایە بەمزووانە ڕێککەوتن دەکرێت." بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە ناڕوونیی هەڵوێستەکانی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە جار هەیە دانوستان دەکەن و دواتر ناچار دەبن بۆمبارانیان بکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا: ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەنیازن هێرش بکەنە سەر زانکۆ ئەمریکییەکانی بەغداد، سلێمانی و دهۆک
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد هۆشداریی لەبارەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناوەندە ئەکادیمییەکان بڵاوکردەوە و داوا لە هاوڵاتییانی دەکات بە زووترین کات و لە ڕێگەی وشکانییەوە عێراق بەجێبهێڵن.
هەڕەشە بۆ سەر زانکۆ ئەمریکییەکان
باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداریی لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر زانکۆ ئەمریکییەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەنیازن هێرش بکەنە سەر زانکۆ ئەمریکییەکانی بەغداد، سلێمانی و دهۆک. بەگوێرەی بڵاوکراوەی باڵیۆزخانەکە، ئێران بە تایبەتی هەڕەشەی لە زانکۆکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و گرووپە تیرۆریستییەکانی هاوپەیمانی، هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر هاوڵاتییانی ئەمریکی و ئامانجەکانی پەیوەست بە ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوانەش دامەزراوە مەدەنییەکان دەستپێکردووە.
دوورکەوتنەوە لە ناوەندە دیپلۆماسییەکان
سەبارەت بە سەردانی ناوەندە دیپلۆماسییەکان، باڵیۆزخانەکە هۆشداری دەداتە هاوڵاتییانی و دەڵێت هەوڵ نەدەن بچنە باڵیۆزخانە لە بەغداد یان کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر. ئەم ڕێکارە لەبەر پاراستنی سەلامەتییانە لەو مەترسییە بەردەوامانەی بەهۆی مووشەک و درۆن لە ئاسمانی عێراقدا دروستبوون و هەڕەشە لە ناوچە جیاوازەکان دەکەن.
تۆمەتبارکردنی حکومەتی عێراق و داوای جێهێشتنی وڵات
باڵیۆزخانەی ئەمریکا، حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی هیچ ڕێگرییەکی لە هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەکان لە دژی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە نەکردووە، هەر بۆیە دووبارە داوا دەکات ئەمریکییەکان عێراق بەجێبهێڵن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە نێردەی ئەمریکا لە عێراق کراوە دەبێت بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتییانیان بۆ دەرچوون و جێهێشتنی وڵاتەکە.
ڕێگاکانی دەرچوون لە عێراق
باڵیۆزخانەکە ئامۆژگاری هاوڵاتییانی ئەمریکی دەکات کە بۆ دەرچوون لە عێراق ڕێگای وشکانی بگرنەبەر. لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە کە پێویستە هاوڵاتییان لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتانی ئوردن، کوەیت، سعودیە و تورکیا بڕۆن بۆ ئەوەی لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە ئەگەری هێرشیان لەسەرە.